کوردەکان لە مەنبەج نەڕۆن، تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە

سەرۆک کۆماری تورکیا لە دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا سەبارەت بە پرسی سووریا، وتی: ئێمە ڕامان گەیاندووە کە ئەگەر کوردەکان لە شاری مەنبەج نەچنە دەرێ، تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دانیشتنی هاوبەشی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ئەنقەرەدا وتی: خەڵکی سووریا قوربانیانی سەرەکیی قەیرانی ئێستا و پێکدادانەکانی ناو ئەو وڵاتەن و هەموو بڕاوە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە نگریسە باش دەناسین.

وتیشی: کۆمەڵگای جیهانی بانگهێشتی گرتنەبەر و پاڵپشتی لە رێکارە سیاسییەکان بۆ چارەسەریی پرسی سووریا دەکەین. بۆ پێکهێنانی بەستێنی ژیانی گونجاو لە پێناو برایانی سووری لە ناوچەی تەل ڕەفعەت ئامادەی هاوکاری لە گەڵ دۆستانی ئێرانی و ڕووسیاین.

ئەردۆغان زیادی کرد: دەبێ بەرەنگاری گرووپە تیرۆریستییەکان ببینەوە؛ چونکا ئەو گرووپانە هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچە دەکەن. لێرەدا ڕادەگەیێنین کە ئەگەر کوردەکان لە مەنبەج نەچنە دەرێ، تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە. ئەوەی لە سووریادا ڕوو دەدات، پەیوەندی بە ئاسایشی تورکیاوە هەیە، کەواتە ئەنقەرە شلگێرانە پەیجۆری پرسی سووریایە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەگەر سووریا ئارام نەبێت، تورکیاش ڕەنگی ئارامی بە خۆوە نابینێت؛ ئاسایشی تورکیا گرێی خواردووە بە ئاسایشی سووریاوە و تەواو جیهان ئاگادار بن کە لە هەر دۆخێکدا دەبێ سەربەخۆیی و تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە یەکەمایەتیی هەموواندا بێت.

ئەو لێدوانانە لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدا ئاراستە کران، کە سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەو دانیشتنەدا سەبارەت بە بڕیاری ڕووسیا هەمبەر بە ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر مه‌نبه‌ج وتبووی: ئه‌گه‌ر ڕێکاری ئاماده‌‌بوونی کورد له‌ سووریا دابین نه‌کرێت، به‌ ده‌ره‌نجام ناگه‌ین.

شایانی باسە، دانیشتنی سێ قۆڵیی حەسەن ڕۆحانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤیلادیمیر پووتین سەرۆک کۆمارانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە پرسی سووریا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە لە کۆشکی بەش تەپە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی بەکار کرد.

لەم دانیشتنەدا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، سێرگەی لاڤرۆف و مەولوود چاوش ئۆغڵۆ وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و تورکیاش بەشدارن.

دانیشتنی داهاتووی سێ قۆڵیی وڵاتانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە سووریا بە وتەی ئەردۆغان، لە تاران بەڕێوە دەچێت.

News Code 17845

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 10 =