دەستێوەردان لە سووریا بێ ئیزنی دەوڵەتی دیمه‌شق نایاساییە

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێڕان وتی: دەستێوەردان لە سووریا بە بێ ئیزن و مۆڵەتی دەوڵەتی ئەو وڵاتە، نایاساییە و دەبێ ئەو ڕەوتە کۆتایی پێ بێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە بەشی هەواڵی دەنگ و ڕەنگ، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی پاش نێوەڕۆی ئەوڕۆ سێ‌شەممە لە فرۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بەر لە چوونی بۆ تورکیا، بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: ئەو سەفەرە لە سەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجام دەبێت و بڕیارە هەلومەرج، داهاتوو و ڕەوتی سووریا لە دووهەمین دانیشتنی سێ قۆڵی لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی تورکیا و ڕووسیا تاوتوێ بکەین.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە یەکەمین دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا سەبارەت بە پرسی سووریا لە سووچی ڕووسیا بەڕێوەچوو، وتی: پاش ئەو دانیشتنەم کۆنگرەیەک لە نێوان بەرهەڵستکاران و هێزەکانی لایەنگری دەوڵەت گیرا و تێیدا هەنگاوی گرینگ بۆ داهاتووی سووریا و دیموکراسی هەڵگیرا و ئەو دەسکەوتانە لە درێژەی ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانەیە.

سەرۆک کۆمار وتیشی: لە ڕەوتی ئاستانەشدا هەوڵی زیاتر بۆ دابەزاندنی کێشەکانی سووریا هەڵگیرا و چوار ناوچەی ئارام و دوور لە کێشە ڕاگەیێندرا کە لەو ناوچانەدا وڵاتانی ئێران، تورکیا، ڕووسیا و خود هێزەکانی سووریا لە حەلەب، ئەدلەب، حەما، حومس و لە ناوچە باشوورییەکانی سووریادا ئامادەن و ئەو ڕەوتە درێژەی دەبێت.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە درێژەی کێشەکان لە سووریا، ڕاشیگەیاند: جگە لە ئاژاوە و ناکۆکیی ئیتنیکی و تایفی، دەستێوەردانی دەرەکی هێشتا لە سووریادا بەردەوامە و بۆتە هۆی بەهێزبوونی تیرۆریستان، بە تایبەت لە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی سووریادا ئەمریکاییەکان دەبینین کە بە دوای جێگرکردنی هێزە سوورییەکان و تەنانەت بە دوای دابەش کردنی ئەو وڵاتەوەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: هێزە بیانییەکان نابێ دەستێوەردان لە داهاتووی سووریادا بکەن، چونکە داهاتووی سووریا هی خەڵکی ئەو وڵاتەیە و بە پێی داخوازیی خەڵکی سووریا، دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی ئەم داواکارییە بەهێز و پشت ڕاست بکاتەوە.

سەرۆک کۆماری بە ئاماژەدان بە دەستێوەردانەکانی ڕژێمی زایونی لە سووریا ڕوونی کردەوە: دەستێوەردانەکانی ڕژێمی زایونی لە سووریادا هەروا بەردەوامە و زایونیەکان ناوچەگەلیکیان لە سووریادا بۆردومان کردووە و پاڵپشتی لە تیرۆریستەکان دەکەن.

ڕۆحانی جەختی لەوەش کرد: بنیاتنانەوەی سووریا و هەموارکردنی دەستووری ئێستای ئەو وڵاتە بۆ داهاتووی سووریا گرینگە و لە دانیشتنی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا ئەو پرسانە تاوتوێ دەکرێن. قەیرانی سووریا لە رێگەی سەربازییەوە چارەسەر نابن، بەڵکوو پێویستی بە ڕێگەچارەی سیاسییە و دەبێ بە گفتوگۆی هەمەلایەنە و ئازاد، بگاتە ئاکام و ئەنجامی چاوەروان کراوی خەڵکی سووریا.

ناوبراو جەختیشی لە درێژەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سووریادا کرد و وتی: ئەگەرچی داعش زەبری کوشەندەی لێ دراوە، بەڵام گرووپە تیرۆریستەکانی دیکە هێشتا چالاکن، کەوایە دەبێ درێژە بە ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بدرێت.

News Code 17811

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 12 =