تورکیا داکۆکی لە یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق و سووریا دەکات

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند: ئێمە خوازیاری پاراستنی یەکپارچەیی و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و سووریایە و ئەو پرسە بە لای ئەنقەرەوە زۆر گرینگە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ئانادۆلو، بینالی یێڵدریم لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشە لە شاری غازی عەنتاب بە ئاماژە بەوەی کە رێگەی ئاسایشی تورکیا بە سووریا و عێراقدا تێدەپەڕێت، وتی: سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و سووریا بە واتای سەقامگیری و ئاسایشی تورکیایە.

ناوبراو ئیدعایشی کرد: لە ناوبردنی گرووپگەلی پەکەکە و پەیەدە و داعش و جێگرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچە یەکەمایەتیی تورکیایە و ئەوانەی بەرد دەخەنە سەر رێگەی شەڕی تورکیا لە دژی تیرۆریزم، لە ئەنجامدا بێ هیوا دەمێننەوە.

یێڵدریم ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوونی تورکیا بە هەنگاوێک لە پێناو پاککردنەوەی ناوچەی عەفرین لە بندەستی گرووپگەلی تیرۆریستی زانی و وتیشی: ئێستا ژیانی دووبارە لە عەفرین دەست پێدەکاتەوە و هەر وەک جرابلۆس ئەو ناوچەیە لە لایەن دانیشتووانی شارەکەوە ئیدارە دەکرێت. دانیشتووانی سەرەکیی عەفرین-یش پاش پاککردنەوەی مین و بۆمبە چێندراوەکان دەگەڕێنەوە بۆ زێد و ناوچەی خۆیان.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە کاتێکدا ڕاشیگەیاند کە وڵاتەکەی خوازیاری پاراستنی یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق و سووریایە کە هێزەکانی تورکیا لە رۆژانی ڕابردوو بە دەستدرێژی بۆ سەر باکووری عێراق و سووریا، بەشگەلێک لە خاکی ئەو دوو وڵاتەیان داگیر کردووە.

News Code 17695

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 8 =