بەغدا دژی سنوور بەزاندنی تورکیا هەڵوێست بگرێت

نوێنەرێکی دەوڵەتی یاسا لە پارلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق وەکوو سووریا نییە و داوای لە حکوومەت کرد بە هێزەوە هەمبەر بە داگیرکارییەکەی تورکیا هەڵوێست بگرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، زەینەب خەزرەجی نوێنەری دەوڵەتی یاسا لە پارلەمانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد کە بە توندی بەرهەڵەستی داگیرکارییەکانی تورکیا لە عێراق ببێتەوە و وتیشی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەبێ تێبگات کە عێراق سووریا نییە.

خەزرەجی باسی لەوەش کرد کە تورکیا تەنیا زمانی هێز و زۆر دەزانێت و ئەمەش گەیشتۆتە ڕادەیەک کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ چۆڵ کردنی خاکی عێراق هیچ دەرەنجامێکی نەبووە و ئێستا تورکیا بەهۆی بێدەنگیی بەغداوە پای لەوە زیاتریش ناوە و لە ناوخۆی عێراقدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەست پێکردووە.

ئەو ئەندامەی پارلەمانی عێراق بە ئاماژەی بەوەی کە سەرۆک کۆماری تورکیا سنووری هەموو وڵاتانی دراوسێی بەزاندووە و بە هێرش کردنە سەر شوێنی جۆراوجۆر هەموو یاسا و کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە، ڕاشیگەیاند: حکوومەتی عێراق دەبێ باڵوێزی تورکیا بانگهێشت بکات و بە فەرمی و بە توندی دژایەتیی خۆی لەمبارەوە پێی ڕابگەیێنێت.

زەینەب خەزرەجی جەختی لەوەش کردەوە: بێت و تورکیا لەم کارەی خۆیدا بەردەوام بێت دەبێ پێوەندیی دیپلۆماتیک، بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاوەستێت و عێراقیش وەکوو وڵاتێک کە سەروەریی بەسەر خاکی خۆیدا هەیە، مافی بەرگری بۆ خۆی پارێزراو دەبینێت.

News Code 17684

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 2 =