هێشتا نزیکەی ١٢٠ منداڵی ئێزدیی ئەسیری داعش لە سووریان

فیان دەخیل نوێنەری ئێزدیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە لانی کەم ١٢٠ منداڵی تەمەنی ١٠ بۆ ١٣ ساڵی ئێزدی لە سووریادا ئەسیری داعش ماون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە فورات نیووز، فیان دەخیل نوێنەری ئێزدیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هێشتا لانی کەم ١٢٠ منداڵی تەمەنی ١٠ بۆ ١٣ ساڵی ئێزدی کە لە پارێزگای نەینەوا ڕفێندراون، لە سووریادا یەخسیری داعش ماون و لە ڕیزەکانی داعش بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە کار دەهێنرێن.

دەخیل جەختی کرد کە بە پشت بەستن بە زانیارییە دروست و وردبینانەکان و بە پێی لێدوانی منداڵێکی ١١ ساڵەی ئێزدی کە توانیویەتی خوی لە چنگی تیرۆریستانی داعش لە سووریا دەرباز بکات و بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئاگادار بووین کە نزیکەی ١٢٠ منداڵی تەمەنی ١٠ بۆ ١٣ ساڵی ئێزدیی خەڵکی شەنگال هێشتا لە سووریادا ئەخسیری داعشن.  

بە وتەی ناوبراو ئەو منداڵانە ناچار کراون کە دەست بدەنە هەڵمەتی سەربازی و پێدەچێ لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

دەخیل جەختی لەوەش کرد کە داعش ئەو منداڵانەی هەر لە تەمەنی ٦ بۆ ٩ ساڵ ڕفاندووە و لە رێگەی گوشاری دەروونییەوە دەیەوێ مێشکیان بشواتەوە و لە ڕیزەکانی خۆیدا کەڵکیان لێ وەرگرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە گەڵ ئازادبوونی ناوچە جۆراوجۆرەکانی خاکی سووریا، زۆربەی ئەو منداڵانە بە دوای هەڵێکەون کە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی بنەماڵەکانیان لە عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە داوای لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کرد کە لە پێناو رزگارکردنی منداڵە ئێزدییەکان هەوڵ خۆی بخاتە گەڕ و هەروەها داوای لە هێزی چەکداریی عێراق کە لە سنووری سووریادا جێگرن، کرد کە لە گەڵ منداڵانی هەڵاتوو بەرەو سنووری عێراق وەک قوربانی بجووڵێنەوە و نەک وەک تیرۆریست.

ناوبراو ڕاشیگەیاند کە زانیارییە پێشووەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لانی کەم ١٠٦٠ منداڵی ئێزدی لە ئۆردووگا سەربازییەکانی داعش مەشقی سەربازیان پێ دەکرێت و هەندێک لەوان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داعش یان لە هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانی بۆ سەر مۆڵگەی تیرۆریستان گیانی خۆیان لە دەست داوە.

News Code 17631

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 12 =