یوونسی؛ وەرگێڕێک بۆ هەموو وەرزەکان

کۆڕی ڕوونوێنی لە کتێبی «شناختنامە ابراهیم یونسی» له‌ نووسینی دوکتور ئومید وەرزەندە و سەید شوجاع نەی‌نەوا لە شاری بانە بەڕێوە چوو.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، کۆڕی ڕوونوێنی لە کتێبی «شناختنامە ابراهیم یونسی» له‌ نووسینی د. ئومید وەرزەندە و سەید شوجاع نەی‌نەوا لە شاری بانە بەڕێوە چوو.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، لەم کۆڕەدا کە لە سەر ئەرکی ئه‌نجومه‌نی شار و شاره‌وانی بانە ساز درابوو، ژمارێکی بەرچاو لە لاینگرنای ئەدەبیات و كولتوور و نووسەرانی ئەم شارە و شاری سەقز بەشدارییان کرد.

له‌ سەرەتای به‌رنامه‌که‌. دوکتور ئومید وەرزەندەباسی کتێبه‌که‌ی کرد و وتی: لەم کتێبەدا هەوڵمان داوە سیما و ڕوخسارێکی هەمە لایەنە لە کار و بەرهەمەکانی دوکتور یونسی پێشکەش بکەین. ویستوومانە بە یارمەتیی هەندێ نووسەر و شارەزای کورد و فارس باسی هەموو لایەنەکانی ژیان و وەرگێڕان و نووسینەکانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە بە توانایە بکرێت.

ئه‌و زیادی کرد: بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین بەشدا لێدوان و وتار، ژیاننامە و وتووێژ، ڕەخنە و توێژینەوەی زانستی کۆکراونەتەوە و ڕێک خراون و نووسراون، تەنانەت هەندێ نموونە لە بەرهەمەکانی یوونسی ئاراستە کراوە کە لە ڕێگەیانەوە خوێنەر دەتوانێت ئاگاداری زۆر لایەنی ژیانی ئەدەبی و سیاسی و کەسایه‌تی ئەم نووسەر و وەرگێڕە ناوازەیە و شێوازی کارکردن و وەرگێڕانی بێت.

دوکتور وەرزەندە هەروەها سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە بۆ ئەو کتێبە بە نرخە یارمەتیدەر و پشتیوانیان بوونە، هەروەها دەسخۆشی لەو کەسانەش کرد کە بۆ کۆڕی ڕوونوێنی و پەردەلادانی ئەم کتێبە ماندوو بوون.

له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌که‌ دوکتور خالید تەوەکولی وتی: یونسی لەو پێشەکیانەدا کە خۆی نووسیونی، زۆر وریایانە خەسار ناسیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەکات. ئه‌و به‌ڕاستی له‌ ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه‌ که‌سێک بووه‌ بۆ هه‌موو وه‌رزه‌کان.

ئه‌و زیادی کرد که‌ ئه‌و کارانه‌ی یونسی کردی بە کوردی گرنگی زۆری هه‌یه‌ که‌ دیسان کاره‌ساته‌کان دووباره‌ نه‌که‌ینه‌وه‌، جیا لەوەی کورد لە تاکە سەرچاوەیی ڕزگار دەکات، ڕای دیگه‌رانیش سەبارەت بە خودی کورد دەردەخات.

ئه‌م مامۆستا کورده‌ ئاماژه‌ی دا: مێژووی سیاسیی کورد هەندێ خەساری تێدایە کە یونسی لەو پێشەکیانەدا دەریخستوون کە تا ئەمڕۆش گرنگن، هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ڕوانگەی یونسیەوە مێژوو نەنووسین، پیرۆز کردنی سەرکردەکان، بێدەنگی و خۆسانسۆڕ کردن و متمانەکردن و پشت بەستن بە بێگانە ( بەتایبەت ڕووسەکان و ئەمریکییەکان) لە گرنگترین خەسارەکانی سیاسه‌تی کوردەکانە.

پاش ئەم باسانە ڕەزا عەلی‌پور باسی لەوە کرد ئێمە دەبێ بەردەوام ئەم پرسیارە ڕەخنەگرانەیە بپرسین که‌ بۆچی یونسی بە کوردی نەینووسیوە؟ خودی ئەم پرسیارە زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بەشێکی باشیان که‌سه‌کی و شەخسی نین.

هەروەها باسی ڕۆمانەکانی کرد و گوتی یونسی لە تەرجەمەی ڕۆماندا دەبێتە یونسی و دەگاتە ئه‌و جێگه‌ به‌رزه‌، ئەمەش ناڕاستەوخۆ شوناس و زمانی کوردی پێی دەدات، چونکو بە پێی تیۆرییە نوێیەکانی ئەمڕۆی تەرجەمە وەرگێران کاتێک ئیمکانی دەبێ کە شتێکی جیا لە زمانی مەبەست و دەستپێک بوونی ببێ و وەرگێڕ چەندە نزیک و ئاشنای هەر دوو کولتوور و زمانه‌کان بێت دەبێ هێندەش لێیان دوور و بێگانە بێت.

ئه‌و زیادی کرد: ئەگەر بۆ وەرگێڕەکانی دیکە ئەم شوێنە سێهەمە فەڕزی و گریمانکراوە، ئەمە بۆ یونسی ئامادەبووە کە کوردییە.

لە کۆتایدا ڕەزا شەجیعی باسی ئەوەی کرد کە یونسی کەسایتەییەکی چەند لایەنەیە و پاش کۆچ کردنیشی لە مەیدانی ڕۆشنبیریی کوردیدا کۆمەڵێک باس لە سەر پێوەندیی ئەو بە گوتار و شوناس و ئەدەبیاتی کوردییەوە هاتووەتە ئاراوە، کە دەتوانین ڕاشکاوانە بڵیین یوونسی خزمەتی بە گوتاری کوردی کردووە و بەردەوام ئەم فیکرەی بووە کە چی بکات بۆ ئەم گوتارە، بۆیە لە ڕێگەی ڕۆمانەکانی خۆیەوە و لە ڕێگەی تەرجەمە کردنەوەی هەندێ کتێبی مێژوویی ویستوویەتی بەشداری ئەم گوتارە کوردییە بێت و دەوڵەمەندی بکات.

شەجیعی لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە هەندێ لە نزیکانی یونسی پێیان وایە لەم ساڵانەی دواییدا حەسرتی نووسین بە زمانی کوردیی بووە.

شایانی باسە لە کۆتایی ئەم کۆڕەدا جیا لە پەردەلادان لە کتێبی "شناختنامەی ابراهیم یونسی" لە سەر مێنۆمێنتێکی هونەریش بۆ دوکتۆر یونسی پەردە لادرا. لە ئەنجامدا لە لایەن ئامادە بووانەوە پێشوازییەکی بەرچاو لە کتێبەکە کرا.

News Code 17515

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 12 =