بە بڕیاری عەبادی:

فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کرانەوە

ناسەی هەواڵ: 4251068 -
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ سێ شەممە حەیدەر عەبادی لە میانەى دیداریدا لەگەڵ ژمارەیەک لەو  ئەفسەرانەى کە بڕیارە لە فڕۆکەخانەکانى هەرێم دەستبەکاربن، ڕایگەیاند، لە دواى ئەوەى دەسەڵاتی هەرێم بە پێی دەستور ڕەزامەندبووە لەسەر گەڕانەوەى دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، بڕیاردراوە فڕۆکەخانەکان بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم بریارە زیاتر بۆ ئەوەیە ئاسانکاری بکرێت بۆ هاوڵاتیانى هەرێم بۆ ئەنجامدانى گەشتە نێودەوڵەتییەکان.

عەبادی ڕاشیگەیاندووە، لە چوار چێوەى بڕیارەکەدا دامەزراوەیەکی  پاسەوانى تایبەت لە فڕۆکەخانەکانى هەرێم دەکرێتەوە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بە ڕێوەدەبرێت.

وتیشی: سیستمی لێکۆڵینەوەى تایبەت لە فڕۆکەخانەکانى  هەرێم و خاڵە سنورییەکان دەبەسترێتەوە بە سیستمی سەرەکی عێراق لە بەغدا و ڕێکارەکانى خاڵە سنورییەکان عێراق جێبەجێدەکرێت و  میلاکی فەرمانبەرانى پاسپۆرت و ڕەگەزنامەش لە هەر دوو فڕۆکەخانەى هەولێر و سلێمانى  دەخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دواى سێ ڕۆژ لە ئەنجامدانى  ڕیفراندۆم حەیدەر عەبادی فڕۆکەخانەکانى هەرێمی بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان داخست.

ئەمەی خوارەوەش دەقی  بەیاننامەکەی حەیدەر عەبادییە لەسەر کردنەوەى فڕۆکەخانەکانى هەرێم:.

 "پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەپێی مادەی (٧٨) لە دەستوری عێراق وە بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٠٥) بۆ ساڵی ٢٠١٧ وە لە پەرۆشیمان بۆ ئاسانکردنی گەشتی ھاوڵاتیان لە ڕێگەی ھەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی، دوابەدوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕادەستکردنەوەی ھەردوو فڕۆکەخانەکە بۆ دەسەڵاتی فیدڕاڵی بە پێی دەستوور، بڕیارماندا لەسەر ئەم خاڵانە:-

أـ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تایبەت بەسەر فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان کە تیایدا سەرپەرشتی و دەسەڵات لە ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، ھەروەھا دیاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بەڕێوەبەرایەتیەوە و تەنسیب کردنی فەرمانبەران، رێکخستنیان و سوود وەرگرتن لەو پێکھاتانەی ئێستا ھەیە لە ژێر دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵیدا دەبێت، پاش دووبارە ڕێکخستنەوە و ھەیکەلیەت و پەیوەستی بە دەسەڵاتی فیدڕاڵی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:-

١- بەشی پاراستنی تایبەتی ھەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ھەولێر پەیوەست دەبن بەو بەرێوەبەرایەتییەی سەرەوە.

٢- بەرێوەبەری بەشی پاراستن دەبێت ئەفسەر بێت وە نابێت پلەکەی لە (عقید) کەمتر بێت و جێگرەکەشی نابێت پلەکەی لە (مقدم) کەمتر بێت، ھەردووکیان لە لایەن وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵەوە ھەڵدەبژێرێن.

٣- دەبێت فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی ناوبراو پاپەندبن بەوپۆشاکەی دیاریکراوە بۆ ھێزی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناخۆی فیدڕاڵ بە پێی ڕێنماییەکانی ژمارە (٧) بۆ ساڵی ٢٠١٤.

ب ـ سیستەمی چاودێری (البایسز) دەبەسترێت بە سیستەمی سەرەکی لە بەغدا کە تایبەتە بە فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی ھەرێم بە ھەمان ئەو شێوەیەی کە لە دەروازەکانی تری عێڕاق کاری پێدەکرێت.

٣. فەرمانگەی پاسپۆرت و جنسیە وە فەرمانبەرەکانیان لە ھەولێر و سلێمانی دەبەسترێت بە وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵ بە پێی یاسا.

٤. لیژنەی ھونەری سەر بە دەستەی گشتی گومرگ سەرپەرشتی ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی شتومەک دەکات لە ھەردوو فڕۆکەخانەکە، پاش بەدەستھێنانی ڕەزامەندی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە ھاوردەی خۆماڵی و بیانی و پشکنینی ڕەزامەندیەکان بەپێی پسپۆڕیەکان وە ھەروەھا بەپێی ئەو بڕیارانەی کە لە کتابی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ھاتووە ژمارە (١٢٦) لە ٩/٥/٢٠١١.

٥. ڕێگە دەدرێت بە گەشتە ئاسمانیە نێودەڵەتیەکان لە وە بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەرێم وە بەپێی ڕەزامەندییەکانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدڕاڵی پاش تەواوکردنی پێداویستیەکانی ئەم فەرمانی دیوانە، بە مەرجێک لە یەک ھەفتە تێپەڕ نەبێت لەو بەروارە.

٦. لیژنەیەکی باڵا پێکدێت بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی ھەرێم، وە دڵنیابوون لە پاپەندبوونی بە ڕێنماییە فیدڕالیەکان، نوێنەری گشت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ناوەند لە خۆدەگرێت وە ھەرێم ڕاپۆرت بەرزدەکاتەوە بۆ فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان یان ھەرکەسێکی تەخویلکراو.

ناردنی بۆچوون

1 + 13 =