دادگەیەک لە تورکیا حوکمی زیندانی بە سەر ٢٥ رۆژنامەنووسدا سەپاند

دادگەیەک لە تورکیا ۲۵ رۆژنامەنووسی بە تۆمەتی یارمەتی و داکۆکی لە تۆڕی ڕێکخەری کوودەتای بێ ئاکامی ١٥ی جووڵای ٢٠١٦ بە تاوانبار ناسی و حوکمی زیندانی بە سەریاندا سەپاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ڕۆیتێرز، دادگەیەک لە تورکیا رۆژی ڕابردوو (پێنج‌شەممە) ٢٥ رۆژنامەنووسی بە تۆمەتی یارمەتی و داکۆکی لە تۆڕی ڕێکخەری کوودەتای بێ ئاکامی ١٥ی جووڵای ٢٠١٦ بە تاوانبار ناسی و حوکمی زیندانی بە سەریاندا سەپاند.

ئاژانسی دەوڵەتیی ئانادۆلوی تورکیاش ڕاپۆرتی دا کە "مۆرات ئاکسۆی" رۆژنامەنووسی ناسراوەی تورکیا بە تۆمەتی یارمەتی و داکۆکی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە بێ ئەندامێتی لەو ڕێکخراوە بە ٢٥ مانگ زیندان و "ئاتیلا تاس" گورانیبێژی پۆپ و وتارنووسیش بە تۆمەتێکی هاوشێوە بە ٣٧ مانگ زیندان حوکم دراون.

هەروەها ١١ رۆژنامەنووسی دیکەش بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی چەکدارانە، ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندان و ١٢ کەسی دیکەش بە تۆمەتی هاوشێوە، ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە و تەنیا یەک کەس لە دەستبەسەرکراوان بە بێ تاوان ناسراوە و حوکمی ئازادیی دراوەتێ.

زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانە بۆ گۆڤارگەلێک کاریان کردووە کە دەوڵەتی تورکیا بە تۆمەتی پەیوەندی گرتن بە تۆڕی "فەتحوڵڵا گولەن" – رێبەری ئایینیی دانیشتووی ئەمریکا- هەموویانی داخستووە.

جگە لەوە، بەرپرسانی تورکیا ٣٢ ئەندامی سوپای ئەو وڵاتە بە گومانی پەیوەندی گرتن بە تۆڕی گولەن بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی پلان بۆ داڕێژراو لە پارێزگای "تەکیرداغ" قۆڵبەست کردووە.

شایانی باسە کە لە دوای کوودەتای بێ ئاکامی ١٥ی جووڵای ٢٠١٦، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە تورکیا ڕەوانەی زیندان کراون و زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە کار و پێشەیان دەرکراون و یان چالاکییەکانیان هەڵپەسێراوە.

ڕەخنەگران دەڵێن "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لەو کوودەتا بێ ئاکامە وەک بیانوویەک بۆ بایکۆتی دژبەرانی خۆی کەڵک دەبات. دەوڵەتی تورکیاش پاگەندەی ئەو دەکات کە بە هۆی بوونی هەڕەشەگەلی ئەمنی لە سەر وڵاتەکەی، گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندوتیژانە پێویستە.

بازداشت روزنامه نگاران در ترکیه

News Code 17389

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 4 =