تورکیا نیگەرانی پاڵپشتییەکانی واشنتۆن لە یەپەگەیە

هاوکاتی دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – واشنتۆن، سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی بۆ درێژەی پاڵپشتییەکانی دەوڵەتی واشنتۆن لە کوردەکانی سەر بە یەپەگە دەربڕی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە دەیلی سەباح، هاوکاتی دابەزینی بە پەلەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا – ئەمریکا بە هۆی پاڵپشتیی واشنتۆن لە کوردەکانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی سووریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی ڕابردوو لە کۆشکی سەرۆک کۆماری تورکیا لە شاری ئەنقەرە لە گەڵ رێکس تیلەرسۆن دیدار و گفتوگۆی کرد.

بە گوێرەی سەرچاوەگەلی ئاگادار لە کۆشکی سەرۆک کۆماری، ئەردۆغان لە دیداری دوو قۆڵیی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی بۆ پاڵپشتیی واشنتۆن لە کوردەکانی سەر بە یەپەگە دەربڕیوە.

هەروەها لەو دیدارەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یەکەمایەتییەکان و چاوەروانییەکانی سەبارەت بە پرسی سووریا و مژارەکانی دیکەی ناوچەی بە گوێی رێکس تیلەرسۆن گەیاندووە. هەروەها لایەنەکان سەبارەت بە دۆخی عێراق، ناوچە و پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێکەوە گفتوگۆیان کردووە.

ئەو دانیشتنە کە سێ کاتژمێر درێژەی خایاند، ڕەنگە دژوارترین بەشی سەفەری پێنج رۆژەی تیلەرسۆن بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بوو بێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی سەرچاوەگەلی ئاگادار لە کۆشکی سپی سەرەکیترین داواکاریی تورکیا لە ئەمریکا، وەدەرنانی چەکدارنی کورد لە هێزە پاڵپشتی کراوەکانی واشنتۆن لە سووریا و کۆتایی هێنان بە پاڵپشتی لە کوردەکانی سووریا بووە.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەو سەفەرەدا هاوڕێی تیلەرسۆن بووە، ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە رێگەیەکی بە سوودی دوو لایەنە بۆ تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن – ئەنقەرە، گفتوگۆیەکی سازێنەر و ڕاستگۆیانەیان بووە.

شایانی باسە، تیلەرسۆن پێشتر لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی لە بەیرووت-ی پایتەختی لوبنان ئیدعای کردبوو کە "ئەمریکا هیچکات چەک و چۆڵی قورسی نەداوەتە چەکدارانی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردی سووریا و هەر بۆیە هیچ چەکێک بۆ وەرگرتنەوە لەوان لە ئارادا نییە".

ئەو لێدوانانەی تیلەرسۆن ڕاشکاوانە بە پێچەوانەی ڕاگەیێندراوەکانی پێنتاگونە کە ناردنی چەک و چۆڵی قورسی ئەمریکایی بۆ شەڕڤانان و هێزەکانی سەر بە یەپەگەی پشت ڕاست کردۆتەوە.

دیداری تیلەرسۆن لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم دواییەدا بڵاوی کردەوە، بە ئاماژە بە بوونی پەیوەندی لە نێوان "پەکەکە" (کە واشنتۆن بە گرووپێکی تیرۆریستیی دەزانێ) و "یەپەگە" (لە باکووری سووریا کە لە لایەن واشنتۆنە پاڵپشتی دەکرێن)، دانی بە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لەو بارەیەدا هێنا.

شایانی باسە کە تورکیا دوا وێستگەی تیلەرسۆن لە سەفەری ٥ رۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین پاش سەردانی لە وڵاتانی میسر، کوەیت، ئۆردۆن و لوبنان بووە و پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەڵ مەلوود چاوش ئۆغڵۆ هاوتای تورکی لە ئەنقەرە کۆ بووەوە و سەبارەت بە پرسە دوو لایەنەکان و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان باس و گفتوگۆیان کرد و لە پاش ئەو دیدارە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان بەڕێوە برد.

News Code 16942

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =