ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر؛

هەنگاوی بەرزی کەناڵی کوردستان بۆ بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای سنجرخان

ناسەی هەواڵ: 4227170 -
کەناڵی پارێزگایی کوردستان بە هاوکاریی کەناڵی یەک و هاوبەشیی پارێزگاری کوردستان هەنگاوێکی بەرزی بۆ بەرهەم هێنانی زنجیرە درامایەک لە سەر تەوەری ژیانی کەسایەتییەکی مێژوویی ئەو پارێزگایە هەڵگرتووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی پارێزگاکان، ئارمان نەسروڵڵاهی: بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای شاز و بەرز بە تەوەری کەسایەتییە مێژووییەکان لە میدیای نیشتمانی بەردەوام پێشوازیی باشی لێ کراوە و هەر بەو هۆیە کەناڵی کوردستان هەنگاوی ناوەتە بواری بەرهەم هێنانی زنجیرە درامایەکی شازی مێژوویی بە تەوەری یەکێک لە کەسایەتییە بەرزەکان مێژووی کوردستان.

سنجرخان وەزیری ئەگەرچی لە سەردەمی خۆیدا لە دژی داگیرکەران ڕاپەڕیوە و یەکێکە لە کەسایەتییە بەرزەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی میدیاکان تا ئێستا زۆر نەناسراوە و هەر بەو هۆیە کەناڵی پارێزگایی کوردستان لەو بوارەدا هەنگاوی ناوە و خەریکی بەرهەم هێنانی زنجیرە درامایەک بە تەوەری ئەو کەسایەتییە مێژووییەیە.

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا گەلێ جار بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای سنجرخان لە وڵاتدا خراوەتە ڕوو، بەڵام ئەمجاریان لە گەڵ بەرپرسایەتیی ئەبوولقاسم ئەمانوڵڵاهی وەک بەڕێوەبەری گشتیی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان، ئەو کارە چووە قۆناغی جێبەجێ کردن و تەنانەت ڕاگەیێندراوە کە تا ئێستا بەشگەلێک لەو زنجیرە درامایەش نووسراوە.

سنجر خان وەزیری ناسراو بە سەردار ئەکرەم کوڕی حاج یووسف مالیکی گوندی نەران-ی سەر بە شاری سنە و کوڕی جەیران خانم لە بنەماڵەی ئەردەڵان (بنەماڵەی حاکمانی کوردستان) و کوڕی چوارەمی بنەماڵەیەکی ٩ کەسییە.

لەو کاتەدا کە ڕووسەکان ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و لەوان کوردستان-یان داگیر کرد و چەوساندنەوەی خەڵکی بووە هۆی ناڕەزایەتی گشتی. سەنجەر خان لەو دۆخەدا هێزی خەڵکی پێکهێنا و لە گوندە هاوێرییەکانی کامیارانەوە لە گەڵ داگیرکەرانی ڕووسی تێهەڵچوو و لە شاری سنە شکستی دان و لەو ناوچەیە ڕاوەدووی نان.

ناوبراو بە ڕێکخستنی سوارگەلێک لە گوندەکانی هاوێر و بە یارمەتیی خەڵکی بەرەو مەیدانەکانی شەڕ وەڕێکەوت و هەمدیسان لە شاری دیولان پاش شەڕێکی قورس ڕووسەکان بەزاند و ڕاوەدووی نانەوە و دەستی گرت بە سەر چەکوچۆڵ و غەنیمەیەکی یەگجار زۆری هێزە ڕووسییەکان.

شەڕ کێشایە شارەکانی دیواندەرە و سەقز و لە زۆربەی شوێنەکاندا سوارگەلی سەنجەرخان توانیان هێزی ڕووس ببەزێنن و ناوچەکان ئازاد بکەن. سەنجەر خان بە هاوکاریی یەکێک لە حاکمانی ناوچەی سەقز و بۆکان ڕووسەکانی تا سەر پردی مەنجیل ڕاوەدوونا و تەواو خاکی کوردستانی لە هێزە ڕووسییەکان پاک کردەوە و هەر ئەو کاتە نامەیەکی بۆ میرزا کووچک خانی گەیلانی نووسی و میرزای لە کاری ڕووسەکان ئاگادار کردەوە و پێی دەڵێت کە ئەوانی لە کوردستان ڕاوەدووناوە و ئێستا نۆرەی ئێوەیە کە پێشیان پێ بگرن و بیانبەزێنن.

شۆڕشی سنجرخان بە شێوەی گونجاو ئاوری لێ نەدراوەتەوە

مامۆستایەکی زانکۆ لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر ڕوانییە پێگەی گرینگ و بەرزی سنجر خان لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی ڕووسی و وتی: سنجرخان لە سەردەمی خۆیدا وەک یەکێک لە گرینگترین کەسایەتییەکانی بواری بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران دەناسرێت، بەڵام بە داخەوە بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر هێشتا نەناسراوە.

ئیسماعیل ئەحمەدی وتیشی: پێگەی سنجرخان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی بیانییەکان ئەگەر زۆرتر لە میرزا کووچک خان نەبێت، بێ شک لەو کەمتر نییە و هەر بۆیە ئاوردانەوە لە کەسایەتیی ئەو یەکێکە لە زەروورەتەکانی ئێستا.

ئەم توێژەرە کە تا ئێستا چەندین توێژینەوەی سەبارەت بە شۆڕشی سنجرخان بڵكاو کردۆتەوە، ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا بەرهەمی نووسراوە و گرتە و فیلمی سینەمایی و تەلەڤیزیۆنی سەبارەت بە شۆڕشی سنجر خان زۆر کەمە و پێویستە کە میدیای نیشتمانی بۆ نیشاندانی شوناسی مێژوویی گەلی مەزنی ئێران، لەو بوارەدا هەنگاو بنێت و هەلی بەرهەم هێنانی کاری بەرز و شاز لەو بوارەدا بڕەخسێنێت.

دەنگ و ڕەنگ و ئیدارەی پارێزگای کوردستان ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد

بەڕێوەبەری دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان سەبارەت بە ڕەوتی بەرهەم هێنانی ئەو زنجیرە درامایە بە هەواڵنێری مێهری ڕاگەیاند: کەناڵی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ، هەڵوێستێکی نوێی کردۆتە رۆژەڤ و هەوڵ دەدا کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتییە خۆجێی و لۆکاڵییەکان، پرۆگرامی گونجاو لە گەڵ پێداویستیی بەردەنگەکان ئامادە و بەرهەم بهێنێت.

ئەبوولقاسم ئەمانوڵڵاهی ڕاشیگەیاند: ئامادەکردن و بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای مێژوویی یەکێکە لە یەکەمایەتییەکانی کەناڵی کوردستان و هەر لەو پێناو پاش گفتوگۆی بەربڵاو و جۆراوجۆر لە گەڵ بەرپرسانی میدیایی نیشتمانی، بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای مێژوویی سەنجر خان پەسند کرا و خرایە دەستووری کراوە.

وتیشی: پاش ئەو گفتوگۆیانە، ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان جێگری کاروباری مەجلیس و پارێزگاکانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ و پارێزگاریی کوردستان لەمساڵدا واژۆ کرا و ڕەوتی ئامادەکاری و بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای سەنجەرخان چووە قۆناغی جێبەجێ کران.

بەڕێوەبەری گشتیی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا: هاوکات لە گەڵ واژۆکرانی ئەو ڕێککەوتننامەیە، بە هاوئاهەنگیی ئەنجام دراوە ڕەوتی نووسینی سناریۆی زنجیرە درامای سەنجر خان لە ٢٦ ئاڵقەدا لە لایەن سەید زیائەدین دەری، یەکێک لە نووسەران و دەرهێنەرانی لێهاتووی تەلەڤیزیۆن دەستی پێکرد.

بیریشی هێنایەوە:لە ئێستادا زیاتر لە ٧٠ لە سەدی سناریۆی ئەو زنجیرە درامایە نووسراوە و ڕادەستی کەناڵی پارێزگایی کوردستان کراوە و هاوئاهەنگییە پێویستەکانیش بۆ دەسپێکی کاروباری تۆمارکردن و فیلم گرتنی لە پارێزگای کوردستان، بەم زووانە ئەنجام دەدرێت.

ئەمانوڵڵاهی ڕاشیگەیاند: بڕیارە ئەو زنجیرە درامایە لە پارێزگای کوردستان بەرهەم بهێنرێت و کەڵک لە هونەرمەندانی بەرز و لێهاتووی سینەما و تەلەڤیزیۆن لەو بەرهەمە گرینگەدا وەردەگیردرێت و پاش بەرهەم هێنانیشی بە هاوئاهەنگی پێویست لە گەڵ کەناڵی ١ و هەروەها لە کەناڵی پارێزگایی کوردستان نمایش دەدرێت.

بەشە سەرەکییەکانی زنجیرە درامای سنجرخان نووسراوە

سەید زیائەدین دەری دەرهێنەری سینەما و تەلەڤیزیۆن ماوەیەک لەوە پێش لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە نوێترین چالاکییەکانی خۆی وتی: لە ئێستادا خەریکی نووسینی سناریۆی زنجیرە درامایەک لە ژێر ناوی "سەنجەر خان"م و پێموا تا دوو سێ حەوتەی داهاتوو نووسینەکەی کۆتایی پێدێت، چونکە تا ئێستا دوو لە سێی ئەو سناریۆیە نووسراوە.

وتیشی: سنجر خان کەسایەتییەکی گەورەی مێژووییە کە لە سەردەمیکدا دژی ڕووس و ئینگلیزییەکان ڕاپەڕیوە و بەو پێیە ناوەڕۆکی ئەو زنجیرە درامایەش مێژووییە. هەڵبەت جارێ لە قۆناغی نووسینی سناریۆداین و ماویەتی بۆ کاروباری دروست کردنی زنجیرە دراماکە.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەری گشتیی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان بڕیارە بەشێک لە تێچووەکانی ئەو بەرهەمە مێژووییە لە لایەن پارێزگاری کوردستانەوە دابین بکرێت و بەشێکی دیکەیشی خراوەتە ئەستۆی ئەو کەناڵەوە و لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ دابین کردنی گوژمەی پێویست خراوەتە گەڕ.

ئامادەکردن و بەهەم هێنانی بەرهەمێکی شاز سەبارەت بە قارەمانێکی مێژوویی هاوچەرخی وڵات کە لە پارێزگای کوردستان و لە پێناو تەواوەتی سەرزەوینیی ئەو وڵاتە و وەدەرنانی داگیرکەران ڕاپەڕیوە، دەتوانێ هەلێکی باش بێت بۆ تۆکمەکردنی یەکگرتوویی و هاودڵی لە کۆمەڵگادا و ئەو هەنگاوە بەرزە نیشان دەدات کە خەڵکی کورد بەردەوام لە بەرگری لە ئێران پێشەنگ بوونە و بە پێچەوانەی پیلان و بانگەشەی دوژمنانی رۆژئاوایی و بیانییەکان، هەردەم وڵاتی خۆیان پاراستووە.

ناردنی بۆچوون

8 + 6 =