بنکه‌ی سەربازیی تورکیا لە قەتەر بایەخێکی ئەوتۆی بۆ ئێران نییە

پرۆفیسۆر مێهران کامڕەوا سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی زانکۆی جۆرج تاوێن پێیوایە کە تا ئەو جێگەی پەیوەندی بە نیگەرانی ئێرانەوە هەیە، دامەزراندنی بنکه‌ی تورکیا لە قەتەر بابەتێکی زۆر گرینگ نییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی: ئەنقەرە بڕیارە بنه‌که‌یه‌کی هەمیشەیی سەربازی چەند مەبەستیی ئاسمانی و دەریایی لە قەتەر دامەزرێنێت. بەو پێیە تورکیاش لە پەنای ئەمریکا لەو وڵاتە چکۆلەیەی په‌راوێی کەنداوی فارس دەبێتە خاوەن بنکه‌یه‌کی سەربازی. بەمشێوە تورکیاش دەچێتە ڕیزی وڵاتانێک کە ڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێنە ناو میکانیزمە ئەمنییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس.

بەوەشەوە لە ئێستادا جگە لە بنکه‌ی هەمیشەیی بەریتانیا لە بەحرەین و هەڵبەت بنکه‌ی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە و بنکه‌ی سەربازیی فەڕەنسە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، تورکیاش لە پەنای ئەمریکا دەبێتە خاوەن بنکه‌ی سەربازی لە قەتەردا.

ئەم بنکه‌یه‌ش بەستێن خۆش دەکات بۆ دەست پێ‌ڕاگەیشتن و پشتیوانیی هێزەکانی تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی داهاتووی شیمانەکراوی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور، باکووری ئەفریقا و کەنداوی فارس و بۆ یەکەم جار پاش ساڵی ۱۹۵۰ ی زایینی هێزی دەریایی تورکیا دەستی دەگاتە ئەقیانووسی ئارام.

بە دڵنیاییەوە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازیی تورکیا لە میکانیزمی ئەمنیی کەنداوی فارس بە مۆڵەتی ئەمریکا و ناتۆ ئەنجامی گرتووە. گەرچی ئەمریکا و ناتۆ ئامادەی ئەوە نین کە لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس ئاستی هاوکاریی سەربازی تا ئاستی پەیمانی ئەمنی بەرزکەنەوە، بەڵام بوونی ڕێککەوتننامە دوولایەنەکان چ لە لایەن ئەمریکا و چ لە لایەن هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس دەتوانێت، بەرژەوەندیی ئەوانی بە دواوە بێت.

لە گفتوگۆ لە گەڵ پرۆفیسۆر "مێهران کامڕەوا" ئاورمان داوەتەوە لە دەرئەنجامە ئەمنییەکانی بنکه‌ی سەربازیی تورکیا لە قەتەر لە سەر باری ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کۆی ئەو دیمانە لە خوارەوە دەخوێننەوە. کامڕەوا سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی زانکۆی جۆرج تاون لە قەتەرە. ئەو خاوەن بڕوانامەی دوکتۆریی کۆمەڵناسی و زانستی سیاسی لە زانکۆی کەمبریجە و تا ئێستا چەندین کتێب و وتاری بڵاو کردووەتەوە و لەوان دەکرێت ئاماژە بە کتێبگەلی "قەتەر: وڵاتێکی چکۆلە"، "سیاسەتی قەبە"، "رۆژهەلاتی ناڤینی مۆدێرن: مێژووی سیاسیی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی" و "شۆڕشی ئەندێشەی ئێران" بکرێت.

* هەروەک دەزانن ماوەیەکە نەواز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان چەندین دیداری لە گەڵ کاربەدەستانی ئێرانی بە مەبەستی ناوبژیگەری لە نێوان تاران و ڕیاز بووە، کەواتە لە بەراوەرد لە گەڵ وڵاتانی وەک تورکیا و عەمان دەکرێت بڵێین کە پاکستان کاریگەرییەکی زیاتری لە چارەسەریی ئەو کێشەیەدا بووە؟

ـ ئاوا ناکرێت بڵێین کە کاریگەریی پاکستان لە وڵاتانی وەک عەمان و تورکیا زیاتر بووە، بەڵام دەکرێت بڵێین کە پاکستان پێگەیەکی باشتری بووە و بە نیسبەتی تورکیا تامەزرۆییەکی زیاتری بووە بۆ کەمکردنەوەی تەنگەژەکانی نێوان ئێران و  عەرەبستانی سەعوودی.

تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان خاوەن هەڵوێستگەلێکی زیاتر تایفەگەرانەیە و هەروەها لە زۆربەی دۆخەکاندا ڕەخنەی تووندی لە ئێران گرتووە بۆ ئامادەبوونی لە سووریا، کەواتە بۆ تورکیا درێژەدان بە تەریک کەوتنەوەی ئێران قازانجی زیاتری بە دواوە بووە و بەو پێیە ئەردۆغان کەمتر حەزی لە کەمکردنەوەی تەنگەژەکان لە ناوچەدا لە نێوان ئێران و عەرەبستانی سەعوودی بووە.

هەر دوو وڵاتی عەمان و کەویت زیاتر حەزیان لە چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی تەنگەژەکانی ناوچەدا هەیە، بەڵام وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس بە ئاشکرا خۆیان لە عەرەبستان نزیکتر دەبینن. لە کاتێکدا کە پاکستان پێگەیەکی باشتری هەیە بە نیسبەتی ئەوان و بەهرەی باشتر و زیاتر دەبات لە کەمکردنەوەی تەنگەژەکان.

هەر وەک دەزانن، لەم دواییەدا شاندێک لە نوێنەرانی باڵا لە پێناو لە ناوبردن یان لانی‌کەم کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئێران، سەردانی ئیسلام ئابادیان کردووە، بەڵام لە هەر حاڵدا ئێران دراوسێیەکی گرینگی ستراتژیک بۆ پاکستان دێتە ئەژمار و پاکستان نایەوێ لە پێناو ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران هەوڵ بدات. هەروەها پاکستان وڵاتێکە بە جەماوەرێکی زۆری شیعەوە و پەیوەندیی نێوان شیعە و سوننە لەو وڵاتەدا باشە و حەز ناکات دەست بداتە کارێک کە ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕێسای سیاسی ناوخۆی وڵاتەکەی یان کارێک کە لە ئەنجامدا تەشەنەسەندنی ناکۆکی و گرژیی لە نێوان جەماوەری وڵاتەکەی بە دواوە بێت. هەر بەو هۆیەیە کە پاکستان ڕۆڵێکی چالاکانەتر دەگێڕێت بۆ ناوبژیگەری لە نێوان ئێران و عەرەبستانی سەعوودی.

* هۆکارە سەرەکییەکانی عەرەبستان بۆ پەرەدان بە تەنگەژەکان کامانەن؟ ئایا ئێوە پێتان وانییە کە هۆی ئەو کارە بەرزبوونەوەی هاوکێشەی دەسەڵاتەکان لە بەرژەوەندیی ئێران بە نیسبەتی ڕیاز لە ئاستی ناوچەدایە؟

ـ ڕێک وایە، بە بڕوای من عەرەبستانی سەعوودی لە ئێستادا بە هۆی هەڵوەشانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ئێران تووشی ترس و دڵەڕاوکە هاتووە و هەلومەرجێکی باشی نییە. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنگەژەیەکی کەمتر بە نیسبەتی ساڵانی ڕابردوو ئەزموون دەکات کە ئەمەش لە خۆیدا بووەتە هۆی ترسانی عەرەبستانی سەعوودی. لە ماوەی ئەم ۳۷ ساڵەی ڕابردوو عەرەبستانی سەعوودی و دیکەی وڵاتانی هاوپەیمانی لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس هەوڵێکی زۆریان دا لە پێناو پەرەدان بە تەنگەژەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا و لەو تەنگەژانە بەهرەیەکی زۆریان برد.

ئەوان بە میلیۆنان دۆلاریان بۆ کڕینی چەک لە رۆژئاوا خەرج کرد و نەوتەکەیان بە بێ ڕکابەریی نەوتی ئێران هەناردە دەکرد، کەواتە دەستکەوتگەلێکی زۆریان لە ئەورووپا و رۆژئاوا مسۆگەر دەکرد کە ئەم دەستکەوتگەلە لە ڕابردوودا دەیتوانی پشکی ئێران بێت. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا ئەو وڵاتانە وەک خاڵی مامناوەندی دیپلۆماسی و ئابووری لە ناوچەدا وێنا دەکران، ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئێران رۆژ بە رۆژ نەگونجاوتر دەبوو.

بەڵام لە ئێستادا ئێران لە تەریکبوون و ئیزۆلەبوون هەنگاو دەنێتە دەرێ، نە بەو هۆیە کە رۆژئاوا خوازیاری سەرمایەدانەری لە ئێرانە، بەڵکوو بەو هۆیە کە ناکۆکییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا (و ویلایەتە یەکگرتووەکان) بەرەو دابەزین دەچێت و ئەو وڵاتانە بە تایبەت عەرەبستانی سەعوودی لە دەرئەنجام و ئاکامی ئەو ڕووداوە دەترسن. ئێستا عەرەبستان چۆن دەتوانێت بەرزبوونەوەی ئاستی هێزی سەربازی و بەرهەم هێنانی چەکی خۆی پاساو بدات؟ و چ ڕوودەدات گەر رۆژئاوا سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە عەرەبستان لێپێچینەوەیان لێ بکات؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەتا دەبێ بڵێم کە ئەوە میتۆد و ئاکاری ئێرانییەکان نییە کە گۆڕاوە و هەڕەشە لە عەرەبستانی سەعوودی دەکات، بەڵکوو لە راستیدا بارودۆخەکە گۆڕاوە و عەرەبستانی سەعوودی خەریکە کاردانەوە بەو گۆڕانە نیشان دەدات. بەڵام مەسەلەی سەرەکی لێرەدایە کە ئێران دەبێ زۆر سەرنج بداتە ئەم بابەتە و دڵنیا بێت کە عەرەبستانی سەعوودی هیچ لێبوردووییەکی بۆ پاساودانی ئاکار و هەلومەرجەکانی خۆی ئەنجام نادات، گەرچی جیهان شاهیدی ئەو پراتیگەیە و بیانووە پووچ و هەڵەکانیان دەبینێت.

* تورکیا بڕیاری داوە بنکه‌یه‌کی چەندمەبەستی سەربازیی خۆی لە قەتەر دامەزرێنێت. ئایا ئەم بابەتە پەیوەندی هەیە بە ستراتژیی ئەمریکا لە پێناو وەرسووڕان بۆ لای ئاسیا(pivot to Asia) . هەندێ لە کارناسان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان داوا لە هاوپەیمانانی خۆی دەکات کە ڕۆڵێکی زیاتریان لە کەنداوی فارسدا هەبێت. بە بڕوای ئێوە ئەو بۆچوونە دروستە یان نا؟ گەر ئەو ئیدعایە دروستە ڕۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناڤین لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟

ـ من لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە هەوڵی تورکیا بۆ دامه‌زراندنی بنکه‌ی سەربازی لە قەتەر دەروەستێکی بە ستراتژیی وەرسووڕان و تەرکیزی ویلاتەیە یەکگرتووەکان لە سەر ئاسیاوە بێت. تورکیا دەسەڵاتێکی مامناوەندی و ئاسایی وەک زۆربەی دەسەڵاتە ئاساییەکانی دیکە هەیە، بەڵام هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەدا نمایش بدات. کەواتە پایەگاگەلێکی وەک ئەوەی قەتەر و سۆماڵی دادەمەزرێنێت و لای وایە ئەو پایەگاگەلە دەتوانن وەک نمانەی بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی تورکیا وێنا بکرێن.

کارێکی لەو چەشنە بەشێکە لە ستراتژی و ڕەوشێکی سیاسی کە پارتی داد و گەشە بە تایبەت ئەردۆغان بۆ چەند ساڵێکە پێوشوێنی دەگرێت. تا جێیەک کە پەیوەندی بە نیگەرانی ئێرانەوە هەبێت، دامەزرانی بنکه‌ی تورکیا لە قەتەر بابەتێکی زۆر گرینگ نییە. چونکا ئامادەبوون و نفووزی ئێران لە کەنداوی فارس زۆر لەوە قوڵتر و مانادارترە و دامەزرانی بنکه‌یه‌کی لەو چەشنە لە قەتەر لە لایەن تورکیاوە ناتوانێت لە باری ستراتژیکەوە کاریگەرییەکی لە سەر ئێران بێت.

News Code 1689

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 2 =