هۆکاره‌کانی تورکیا بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین

باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە ئازەربایجان لای وایە یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئارەزووی تورکیا بۆ ڕۆڵ گێڕانێکی بەرچاوتر و چالاکانەتر لە رۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەت لە سووریایە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە محەمەدی پوور: سوپای تورکیا لە ٣٠ی بەفرانبارەوە ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوونی لە شاری عەفرین لە باکووری سووریا دەست پێکردووە. ئەو ئۆپەراسیۆنە هەر لە دەسپێکەوە بەرەوڕووی کاردانەوەی جۆراوجۆر لە لایەن وڵاتانەوە بووە.

لە کاتێکدا کە باڵوێزی تورکیا لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەنقەرە کۆنسوڵخانەی سووریا لە تورکیای سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی عەفرین ئاگادار کردبووەوە، بەڵام بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریای ئەو هێرشەی بە دەستدرێژکاریی ئاشکرا زانیبوو و وتبووی: دەستدرێژکاریی دڕندانەی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین درێژەی هەمان سیاسەتی تورکیا بۆ پاڵپشتی کە تیرۆریزم و گرووپە جۆراوجۆرە تیرۆریستییەکان هەر لە رۆژی یەکەمی قەیرانی سووریایە.

کۆماری ئیسلامی ئێران-یش لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەرکراوە، وێرای داکۆکی بۆ ڕێزنان لە سه‌روه‌ریی خاکی سووریا، هیوای خواست کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.

"فدریکا موگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەورووپاش بە دەربڕینی نیگەرانیی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، وتی: گەڕەنتیی ئاسایشی خەڵکی سڤیل و گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە لەو ئۆپەراسیۆنەدا زۆر گرینگە. ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبێ فوکوس بکاته‌  سەر شەڕی دژ بە داعش و ئێمە نیگەرانی کاریگەرییەکانی لە سەر دانوستانەکانی ژێنێڤ-ین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی پێناسە دەکات و ڕادەگەیێنێت کە پێشتر وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئێران و ئەمریکای لەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کردبووەوە.

لە پێناو ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی تورکیا و ئەنجامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەواڵنێری مێهر وتوێژێکی لە گەڵ پرۆفیسۆر "ڕیچارد کوزلاریچ" مامۆستای زانکۆی جۆرج میسیۆنی ئەمریکا و بەڕیوەبەری کاتیی پلانی سیاسەتی هەنگاوی ئاشتی (POPP) و باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە ئازەربایجان (۱۹۹۴ - ۱۹۹۷) و بووسنیا و هەرزی گوین (۱۹۹۷ - ۱۹۹۹) ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* هۆکارەکانی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر کانتۆنی عەفرینی سووریا چین؟

ـ تورکیا دەیەوێت پێشگری لە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی سنوورەکانی لە گەڵ سووریا لە لایەن کوردەکانەوە بکات.

* ئامانجە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی تورکیا لە هێرش بۆ سەر ئەو ناوچەیە چین؟

ـ لێکدانەوەی ئامانجە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی تورکیا لە هێرش بۆ سەر ئەو ناوچە و کانتۆنی عەفرینی سووریا دژوارە. بە بڕوای من تورکیا دەیەوێ ڕۆڵێکی بەرچاوتر و چالاکانەتر لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەت لە سووریادا بگێڕێت. گرینگترین ئامانجی ئەمریکا لە سووریا شەڕ لە دژی داعش و هاوکاری کردنی هێزە سوورییەکانی وەک کوردەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە. بەرپرسانی تورکیا ڕۆڵی ئەمریکا لە سووریا وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە سووریادا دەزانن.

* ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئامانجی لەو هێرشە داگیرکردنی خاکی سووریا نییە، ئایا تورکیا پاش ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە خاکی سووریا دەچێتە دەر؟

ـ بە بڕوای منیش تورکیا نایەوێت خاکی سووریا داگیر بکات، بەڵام ڕەنگە بیەوێ لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا ئامادەبوونی سەربازیی هەبێت. شێوەی جێگیرکردنی هێزی سەربازیی تورکیا لە سووریا مومکینە نمانەیەک لە شێوەی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری عێراق بێت.

* بۆچی کۆمەڵگای جیهانی بە نیسبەتی ئەو هەڵمەتەی ئەنقەرە، هەنگاوێکی گونجاوی بۆ ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچەی عەفرین نەگرتۆتە بەر؟

ـ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر ئەو بڕوایەیە کە شەڕی داعش گرینگترین هۆکاری مانەوەی ‌هێزەکان لە سووریایە. کەواتە ئامادەبوونی هێزە کوردییەکان، هێزەکانی دژە داعش لە سووریا و هێزەکانی تورکیا تەنیا بە مەرجی شەڕ لە دژی داعش پاساو دەدرێت، لەو ڕووەوە مومکینە کاردانەوەی دژوازیان هەبێت. بە بڕوای من کۆمەڵگای جیهانی خوازیاری ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیا و کورد لە سووریا و تەرکیز کردن لە سەر شەڕی داعشە، نەک لە دژی یەکتر.

News Code 16600

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 3 =