کوردەکان هاوڕێی ستراتژیکی ئێرانن

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە ئاماژە بە لە سەرگرتنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، جەختی کرد: کوردەکان بە هاوڕێیانی ستراتژیکی خۆمان دەزانین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمیر دەریادار عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی "العالم" سەبارەت بە بشێوییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران وتی: لە یاسای بنەڕەتیدا مافی بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە چوارچێوەی یاسادا بە فەرمی ناسراوە و خەڵکی لە دەربڕینی ئەندێشە و ڕەخنەکانیاندا ئازادن. بە بڕوای ئێمە خۆپیشاندانەکان ڕەوتی ئاسایی خۆی پێواوە، بەڵام تاقمێکی بشێوگەر بە شێوەیەکی ئامانجدار دەستیان دایە توندوتیژی نواندن. خەڵکیش کە ئەو دۆخەیان بینی خێرا رێگەی خۆیان لە ڕیزی بشێوگەران جیا کردەوە.

شەمخانی وتیشی: ئەوەی کە دوژمنان دەستیان لەو بشێویەدا بووە، پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە، بەڵکوو سەردانی ڕاستەوخۆی میدیا فەرمییەکانی وڵاتانی دوژمن و هەروەها میدیاگەلی نافەرمیی پاڵپشتکراوی داگیرکەران سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

٤٠ ساڵە لە ئێراندا دۆخی نائاسایی ڕانەگەیێندراوە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات دۆخی نائاسایی ڕانەگەیێندراوە، ڕوونی کردەوە: لە فەڕەنسا دوای هێرشی گرووپە تەکفیرییەکان، دۆخی نائاسایی ڕاگەیێندرا، لە تورکیاش بۆ چەند ساڵێک دەچێت کە دۆخی نائاسایی لە هەندێک پارێزگادا بەردەوامە، بەڵام لە ئێراندا چ لە رۆژانی بشێوی و چ دوای ئەویش دۆخی نائاسایی ڕانەگەیێندرا.

ئاماژەی بەوەش دا: شکستە یەک لە دوای یەکەکانی سیستەمی داگیرکار هەمبەر بە ئێران نیشان دەدات کە ناسینی ئەوان لە خەڵک و نیزامی ئیسلامی ئێران هەڵە بووە و شوکر بۆ خودا کە دوژمنانی ئێمە گەڵحۆن.

لە ژێر زەختی گەمارۆ خۆراکیش ناگاتە یەمەن چ بگا بە مووشەک

عەلی شەمخانی لە درێژەدا ئاماژەی بە قەیرانی یەمەن و پاگەندەی ئەمریکا و هاوپەیمانی سعوودی سەبارەت بە یارمەتیی سەربازی ئێران بۆ ئەنساروڵڵا کرد و وتی: یەمەن لە سێ توێژی جۆراوجۆردا لە لایەن هەندێک وڵاتەوە گەمارۆ دراوە و لەو دۆخەدا تەنانەت گەیاندنی خۆراکی و کەرەسەی سەرەتایی بە خەڵکی یەمەن نامومکینە و مووشەک پاکێجێکی چکۆلە نییە کە بکرێت لەو گەمارۆیە تێپەڕێندرێت. پاگەندەی گەیاندنی مووشەک بە سەر گەمارۆگەلی ئاسمانی، دەریایی و زەوینیدا، پاگەندەیەکی گەمژانەیە.

نوێنەری رێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند: دەبێ میدیاگەلی جیهانی سەرنجی ئەوە بدەن کە هۆکارەکانی هێرش و گەمارۆ بۆ سەر یەمەن تەواو ناڕەوا و سیاسەتێکی داگیرکارانەیە. بە داخەوە ئەو ٣ ساڵە بۆ جیهانی ئیسلام بە تاڵی تێپەڕبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە توانای سەربازیی سوپا و خەڵکی یەمەن زۆر زیاتر لە ڕابردووە و لە ئەگەری درێژخایاندنی ئەو دۆخە سعوودییەکان شکستی زیاتر دەهێنن.

بەشار ئەسەد توانی داعش ببەزێنێت و ئاسایش بگەڕێنێتەوە بۆ سووریا

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەبارەت بە قەیرانی سووریاش وتی: قەیرانی سووریا ڕەهەندی جۆاروجۆر و قۆناغگەلی تایبەت بە خۆی هەیە. دوای ڕابوونی ئیسلامی هەوڵ درا سووریا بەرەوڕووی قەیران بکەنەوە. نائارامی و بشێوییەکانی سووریا خواستی خەڵک نەبوو، بەڵکوو ئیرادە و بڕیارێکی سیاسی بە مەبەستی شکستدانی بەرەی خۆڕاگری سووریای تێوەگلاند و ئێران هەر زوو بەو پیلانەی زانی و هەر بۆیە یەکەم وڵات بوو چووە هانای سووریا. سەرەتا جیهانی ئیسلام لە ڕاستییەکان بێ ئاگا بوون، بەڵام دواتر زانیان کە ئەوە نەک ڕابوونی ئیسلامی، بەڵکوو مامەڵەیەکی سیاسیی وڵاتانی داگیرکار و ڕژیمی زایۆنییە.

ڕاشیگەیاند: لایان وابوو بەشار لە ماوەی یەک مانگدا دەڕووخێت، هەر بۆیە ناڕەزایەتییەکانیان بەرەو شەڕی چەکدارانە برد، بەڵام ئەوڕۆ دەبینین کە بەشار ئەسەد توانی داعش ببەزێنێت و ئاسایش بگەڕێنێتەوە بۆ شار و ناوچەکانی سووریا.

شەمخانی ڕوونیشی کردەوە: پەیوەستبوونی پاڵپشتییەکانی ئێران و ڕووسیا لە دەوڵەتی سووریا بووە هۆی ئەوەی کە خۆڕاگریی خەڵکی، دەوڵەت و سەربازانی سووریا بە سەر قەیرانەکاندا زاڵ بن و داعش ببەزێنن. هاوکات لە گەڵ ڕەوتی سەرکەوتنە مەیدانییەکان، ڕەوتی سیاسیش بە پێوشوێن گرتنی داهێنەرانەی وەک دابین کردنی ئاگربڕ و جێگرکردنی ناوچەی ئارام بە هاوبەشیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ئاستانە و سووچیدا دەسکەوتی زۆر باشی بۆ ئەو وڵاتە بە دواوە بووە.

کوردەکان بە هاوڕێیانی ستراتژیکی خۆمان دەزانین

نوێنەری رێبەری باڵای ئێران ئاسایشی وڵاتانی ناوچە و لەوان عێراقی بۆ ئێران بە گرینگ وەسف کرد و ڕایگەیاند: عێراق لەم ماوەیەدا لە گەڵ پیلانی و قەیرانی جۆاروجۆر بەرەوڕوو بۆتەوە، بەڵام توانی ڕێکخراوێکی لێهاتووانەی وەک حەشدی شەعبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بە پاڵپشتیی یاسا و دەستوور پێک بێنیت و سەرکەوتنی زۆر گەورە مسۆگەر بکات و ئێمە بەردەوام لە پشتی گەلی عێراق وەک دراوسێ و هاوبەشێکی ستراتژین.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕوانییە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەمبەر بەو هەنگاوەی هەرێم و جەختی کرد: ئێمە بەر لە ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم و بڕیاری جیابوونەوەی کوردەکان لە عێراق لە دانوستانگەلی خێرخوازانە ئەو کارەمان بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی برایانی کوردمان زانی.

ڕاشیگەیاند: پێشینەی مێژوویی هاوڕێتی، فەرهەنگی هاوبەش و هاوکاریگەلی ستراتژیکیی ناوچە لە نێوان ئێران و گەلی کوردی عێراق لە ئارادایە، هەر بەو پێیە نیگەرانییەکانی خۆمان لە تەماعی بیانییەکان و وڵاتانی بان ناوچەیی بەوان ڕاگەیاند.

شەمخانی جەختی لەوەش کرد: لە گفتوگۆکانی رۆژانی ڕابردوومان لە گەڵ وەفدی هەرێمی کوردستان هەست بەوە دەکرا کە بەرپرسانی هەرێم تەواو لە کەش و فەزای رۆژانی ڕیفراندۆم دوور کەوتوونەتەوە و بە دوای هاوکاریی جیدی لە گەڵ بەغدا لە قەوارەی عێراقێکی یەکگرتوو و یەکپارچەوەن. کەواتە نابێ لە ڕابردوودا بمێنینەوە و دەبێ ڕەوتی هاوکارییەکان وەک ڕابردوو و بە هاوڕێتی و متمانەی بەرامبەر درێژە پێ بدرێت.

نوێنەری رێبەری باڵا سەبارەت بە بڕیارە دەرکراوەکان لەو دیدارەدا وتیشی: بڕیارگەلی باش و بەرفراوانی وەک هاوکاریی ئەمنی، هەوڵی هاوبەش بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و تەواوەتی سەرزەوینی عێراق، هاوکاری لە گەڵ بەغدا، ڕێزنان لە حوکمی دادگەی دەستووری عێراق لە لایەن هەرێمەوە، پەرەدان بە هاوکارییە ئابوورییەکان لە گەڵ ئێران و قەرەبووکردنەوەی پاشکەوتووییەکان بە هاوکاری و هاوبیریی بەرپرسانی دوو وڵات لەو دانیشتنانەدا دەرکراوە.

پووچەڵ بوونەوەی پیلانی سێ کۆچکێنەی عەرەبی، عیبری و رۆژئاوایی

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەبارەت بە بڕیاری ترامپ بۆ بە فەرمی انسینی بەیتولموقەدەس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی وتی: هەر وەک چاوەروان دەکرا کۆمەڵگای جیهانی دژی ترامپ وەستان و ئەو بڕیارەیان بە توندی ئیدانە کرد و پێگەی ئەمریکا زیاتر لە جاران دابەزی.

شەمخانی ئاماژەی بە ناڕەزایەتیی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و جیهان لە دژی بڕیاری ترامپ کرد و وتیشی: سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێنا و بووە هۆی یەکڕیزیی دەوڵەت و خۆڕاگریی فەلەستین لەو پرسەدا و پڕۆسەی داسەپاندنی خواستی ڕژیمی زایۆنی و خستنە پەراوێز و بێبەش کردنی فەلەستین لە مافە ڕەواکانی ناکام مایەوە.

ترامپ و ئۆباما هەمبەر بە بەرجام ڕاستگۆ نەبوون

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەبارەت بە ئاستی پابەندیی ئەمریکا بە بەرجام بە داکۆکی لەوەی کە ئەمریکای سەردەمی ئۆباماش وەک ئێستای ترامپ بە بەڵێنەکانی هەمبەر بە بەرجام پابەند نەبووە، ڕایگەیاند: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا ٩ جار پابەندبوونی ئێران لە هەموو بۆارەکانی بە بەرجام پشت‌ڕاست کردۆتەوە و وڵاتانی دیکەی پێنج کۆ یەکیش ئەو پابەندیەیان سەلماندووە. هەر بۆیە داکۆکیی ترامپ سەبارەت بە پابەندنەبوونی ئێران بە بەرجام تەواو بێ بنەما و بە پێچەوانەی یاساگەلی نێودەوڵەتییە و هاوکات سەلمێنەری ناشیاوێتی ترامپ لەو پرسەیە.

ئاماژەی بەوەش دا: ترامپ هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە و ئەرکی ئەوەی خستۆتە ئەستۆیان کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیان بە نیسبەتی بەرجام بجوڵێنەوە و ئەو پرسە لە گۆشەنیگای ئێمە و بیرمەندانی سیاسیی نێودەوڵەتی سووکایەتییەکە بۆ ئەورووپا.

دەریادار شەمخانی بیریشی هێناوە: ئەگەر بەرجام بە هەر هۆیەک وەلاوەبنرێت، بێ شک لاینی دۆراو ئێران نابێت. کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی داوەری جیهانی و پابەندبوونی بە بەڵینەکان و نامتمانەیی لایەنی بەرامبەر، بە دەسەڵات و خێرایی زیاتر هەنگاوە تەکنیکییەکانی خۆی دەباتە پێش و وڵاتانی دیکەش بە ئاوردانەوە لە ئەزموونی بەرجام و نابەڵێنیی ئەمریکا و ئەورووپا، هیچکات ڕوو لە پڕۆسەگەلی دانوستانی نێودەوڵەتی ناکەن.

News Code 16392

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 1 =