ته‌وه‌ری گفتوگۆکانی نێوان برێت مەکگۆرک و نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش له‌ ساری هه‌ولێر دیدار و گفتوگۆیان کرد.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، لە دیدارێکدا که‌ لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک و شاندێکی هاوڕێی به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ کرا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و شاندەکە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەربڕی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ دوێنێ چوار شەممە برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش و ئەندریۆ پێک یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمریکا لە بەغداد، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی دیداریان کردووه.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "شانده‌كه‌ پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و گفتوگۆیه‌كی جددی له‌نێوان هه‌ردوولادا نیشان دا و جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیى هاوكاری و پشتگیریى هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها لایه‌نگریی خۆیان بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕی".

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندی ئەمریکا هیوایان خواستووە کۆبوونەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوام بێت، بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی گونجاو بە تایبەت پرسی فڕۆکەخانەکان و مووچە و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هەردولا گفتوگۆیان کرد لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاندووە، هەوڵی هەموولایەک بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە مەکگۆرک لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە و ڕایگەیاند، واشنۆتن بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی کردنی عێراق و گفتوگۆش کرا دەربارەی هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا.

News Code 16160

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 4 =