ئینترپۆل ده‌یه‌وێت ۴۳ هەزار ئەندامی داعش دەستگیر بکات

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگه‌یاند که‌ له‌ ئێستادا داتابەیسی پۆلیسی ئینتەرپوڵدا ناوی ۴۳ هەزار ئەندامی داعش هەن بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێن.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەپەیامێکدا "ستایشی هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان دەکات کە رۆڵیان هەبووە لە پاشەکشەکردن بە چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا."

برێت مەکگۆرک دەڵێت: "سەرەتا پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق دەکەم بۆ ئازادکردنەوەی تەواوی خاکی عێراق لەدەستی داعش. ئەم دەستکەوتە سەختە دەرەنجامی راستەوخۆی رابەرایەتی بەهێزی سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و هەواڵە قارەمانەکانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی کوردستان بوو، کە زۆریان لەبری هەموومان لەشەڕەکانی داعشدا گیانی خۆیان بەختکرد."

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەوان وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شانازی بەوە دەکەن کە لەو کارەدا پاڵپشتی عێراقییەکان بوون کە تێیدا جگە لەبۆردومانی ئاسمانیی بەردەوام، راهێنانی سەربازییان بە زیاتر لە ۱۲۶ هەزار ئەندامانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان کردووە.

مەکگۆرک جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاری داهاتوویان لە عێراق یارمەتیدانی گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان و کۆکردنەوەی کۆمەکی نێودەوڵەتییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.

لەبارەی سوریاوە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لەهاوپەیمانی دژی داعش جەخت دەکاتەوە کە لە ساڵی ۲۰۱۷ لەو وڵاتە پێشڕەویی گەورە دژی داعش تۆمارکراوە، هەروەها ستیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە شەڕڤانە کوردەکان زۆرینەی پێکدەهێنن- "بۆ قوربانیدانیان لەئازادکردنەوەی رووبەری نزیکەی ۵۰ هەزار کیلۆمەتر دووجا لەدەستی داعش."

"لەسەرەتای ساڵدا داعش لەرەققەوە پلانی بۆ هێرشی دەرەکیی دادەنا، بەڵام ئێستا چیتر رەققە لەژێر دەستی داعشدا نییە، سوپاس بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە زیاتر لە ۱۰۰۰ بەرکەوتوویان هەبوو لەشەڕێکی زۆر سەختی پێنج مانگەدا، " مەکگۆرک لەپەیامەکیدا وادەڵێت، وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەپاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

هاوکات مەکگۆرک ستایشی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی لەمساڵدا رێگریی کردووە لەسنورەکەیەوە چەکداری بیانیی پەیوەندیی بە ریزەکانی داعشەوە بکات لەخاکی سوریا.

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، برێت مەکگۆرک باسی لەوە کردووە کە ئێستا لە داتابەیسی پۆلیسی ئینتەرپوڵدا ناوی ۴۳ هەزار ئەندامی داعش هەن بۆ ئەوەی دەستگیربکرێن، زانیارییەکانیش لەبەرەکانی شەڕی عێراق و سوریاوە کۆکراونەتەوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەئێستادا لە ۷۴ دەوڵەت پێکهاتووە و ماوەی سێ ساڵە شەڕی دژی داعش دەکەن لەعێراق و سوریا.

News Code 15637

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 12 =