ئەگەری پاڵپشتیی حزبە کوردییەکان لە عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨

"نادر ئینتسار" بە ئاماژە بە ئەگەری کەمی بەشداریی حزبە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، وتی: بەوەشەوە ئەگەر حزبە کوردییەکان بڕیار بدەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن، ئەوا ڕەنگە پاڵپشتی لە عەبادی بکەن".

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فاتمە محەمەدی: لە سیستەمی سیاسیی پەرلەمانیی عێراقدا بە پێی دەستوور سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بە دەنگی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵدەبژێردرێن و ئەو بابەتە بایەخێکی زۆری بەخشیوەتە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لەو وڵاتەدا. ئێستاش بە ئاوردانەوە لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی خولی دواتری پەرلەمانی عێراق لە مانگی مەی ٢٠١٨دا بەڕێوە دەچێت و هەروەها بە سەرنجدان بە شکستی داعش و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، لێکدانەوەی ڕەوتە سیاسییەکان و هەڵوێستی حزبەکان بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە پرسێکی گرینگ و پێویستە.

بەو مەبەستە هەواڵنێری مێهر گفتوگۆیەکی لە گەڵ پرۆفیسۆر نادر ئینتسار سەرۆکی کۆلێژی زانستی سیاسیی زانکۆی ئالابامای ئەمریکا ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ دۆخی ڕەوتە سیاسییەکانی شیعه و لەوان حەشدی شەعبی، بزووتنەوەی سەدر، هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بە سەرکردایەتیی عەمار حەکیم، هاوپەیمانی سەروەریی یاسا بە رێبەریی حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی چۆن دەبێت؟ کام یەک لەو ڕەوتانە لە بابەتی سیاسییەوە حەز بە پەیوەندی لە گەڵ ئێران دەکەن؟

ـ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە مانگی مەی ٢٠١٨دا بەڕێوە دەچێت و پێدەچێت تا ئەوکات حزب و ڕەوتە سیاسییە دژبەرەکانی شیعه هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و بە مەبەستی بەرزترکردنەوەی شانسی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەوڵی یەکگرتنەوە و هاوپەیمانی بدەن.  بزووتنەوەی سەدر ڕەوتێکی سیاسیی ڕادیکاڵ و توندڕۆیە و موقتەدا سەدر هەوڵی داوە جێ پێیەکی قایم بۆ خۆی و حزبەکەی لە سیاسەتی عێراقدا دەستەبەر بکات. ڕەنگە ئەو درێژە بە یاری کردنی بە کارتی عەرەبستانی سعوودی بدات و پاڵپشتیی عەرەبستان بۆ خۆی تۆکمەتر بکات.

حەشدی شەعبی زیاتر گرووپێکی چەکدارییە تا بزووتنەوەیەکی سیاسی. ئەو حزبە پاژێکی گرینگە لە ساسەتی ئێستای عێراق، بەڵام دەسەڵاتی پەیوەستە بە هاوڕیزیی لە گەڵ حزبێکی سیاسیی شیعه. هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی عەمار حەکیم-یش کۆنسێرڤاتترین بزووتنەوەی سیاسیی شیعه لە عێراقە و چاوەروان دەکرێت کە لە ستراتژیی تاقەت و چاوەروانی کەڵک ببات.

هەروەها هاوپەیمانیی سەروەری یاسا مومکینە لە ئەنجامی ڕکابەریی نێوان عەبادی و مالیکی لە بەر یەک هەڵوەشێتەوە. سەرۆک وەزیران عەبادی ڕۆڵێکی هاوسەنگی و هاوتەبایی دەگێڕێت کە ئەو هەلەی بۆ دەڕەخسێنێت کە لە ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ناوچەیی وەک عەرەبستان نزیک بێتەوە. لەمناوە مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری هێشتاش سەبارەت بە ئاژاوەنانەوەی عەرەبستان لە عێراق و ناوچەدا نیگەرانە.

مالیکی لە ناوخۆی عێراقدا ماوەیەکی زۆرە کە لە حکوومەتی زۆرینە لەو وڵاتەدا پشتیوانی دەکات، لە کاتێکدا عەبادی بڕەو بە جۆرێک چەواشەکاری و ڕادەست کردنی دەسەڵاتەکان دەدات. بەڕێز مالیکی پێدەچێت کە وەک خۆی زیاتر لە تەواو کەسایەتییەکانی شیعەی عێراق پاڵپشتی لە نیگەرانییەکانی ئێران بکات و لە هاوبەشی لە گەڵ ڕوانگەکانی ئێران پێشوازی دەکات.

بە ئاوردانەوە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی، ئێوە دۆخی بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ بە ئاوردانەوە لە سەر لێشیواویی ئێستاکەی کوردستانی عێراق، هیچ دیار نییە کە حزبە کوردییەکان بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی دەبن یان نا. بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی کورد بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە کوردەکان دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان لە سیاسەتی عێراقدا نییە، بەڵام ئەگەر حزبە کوردییەکان بیانەوێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانیی عێراقدا بەشدار بن، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە پاڵپشتی لە سەرۆک وەزیران عەبادی  بکەن، چونکا ئەوان لایان وایە کە لە نێوان تەواو دەسەڵاتدارانی عێراق تەنیا عەبادییە کە هاوکاریان دەکات.

بەڵام ئێمە نابێ لە بیرمان بچێت کە بارودۆخی سیاسەت لە عێراقدا ناپاوەجێ و ڕوو لە گۆڕانە و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە عێراقدا گۆڕانکاریگەلێک تا بەر لە مەی ٢٠١٨ بێتە ئاراوە. هەر بۆیە مومکینە تەواو حزبەکان ناچار بن کە بە هەڵوێستی حزبەکەی خۆیاندا بچنەوە.

 بە ئاوردانەوە لە شکستی داعش و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، داهاتووی پەیوەندییەکانی بەغدا – هەولێر چۆن پیشبینی دەکەن؟ ئەوان لە ئێستادا لە ژێر پاڵپشتیی کام وڵات دان یان لە داهاتوودا کام وڵات پاڵپشتیان دەکات؟

ـ ئەگەرچی داعش وەک حکوومەت یان خەلافەتێک کە ناوچەگەلێک لە عێراقی کۆنتڕۆڵ کردبوو، شکستی هێنابێت، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی بە تەواوی لە ناو نەچووە و مومکینە لە داهاتوودا و لە هەلێکی گونجاوتردا سەر هەڵداتەوە. لە دۆخێکی ئاوادا شیمانەی ئەوە دەکرێت کە پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا باشتر بێت یان هاوکارییەکی تاکتیکیی تایبەتی لە نێوان هەر دوولادا بێتە ئاراوە.

لە هەمان کاتدا ئامادەبوون و دەسەڵاتی ئەمریکا لە عێراق و کوردستاندا درێژەی دەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێگەی ئەنقەرە لە حکوومەتی ناوچەیی هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دابەزیوە. بەوەشەوە بە ئاوردانەوە لە هەوڵ و داپەڕەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا کاریگەرترین و بە هێزترین ئەکتەری ئەو ناوچەیە. مومکینە لە داهاتووشدا عەرەبستانی سعوودی هەوڵی ئەوە بدات کە لەباری سیاسی و ئابوورییەوە و بە مەبەستی بشێوی نانەوە لە ئێراندا، پێگەیەک بۆ خۆی لە هەرێمی کوردستاندا دەستەبەر بکات.

 دۆخی ڕەوتە سیاسییەکانی سوننە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ۲۰۱۸ی عێراق چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ لە ئێستادا حزبە سەرەکییەکانی سوننە لە عێراقدا نیگەرانن، بەڵام من لام وایە تا بەر لە هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانییەکی نوێ پێک دەهێنن. ئەوان مومکینە بۆ جارێکی دیکە هەوڵ بدەن کە لە هەندێک کەسایەتیی سیاسیی شیعه وەک ئەیاد عەلاوی و "بزووتنەوەی ڕێککەوتنی نیشتمانی عێراق"ی سەر بە عەلاوی بەهرە وەرگرن.

بە ئاوردانەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸، مومکینە پێکهاتەکانی سوننە بتوانن پێگەیەکی زیاتر لە پێکهاتەی حکوومەتی دواتری عێراقدا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. هەروەها نابێ ڕۆڵی عەرەبستان لە تۆکمەکردنی ڕەوتە سیاسییە سوننەکانی سەر بە خۆی، پیش و دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ۲۰۱۸ لە بیر بکەین.

 پێگەی ڕەوتە سیاسییەکانی بەغدا لە داهاتوودا چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، پێشبینیی ڕەوتە سیاسییەکانی بەغدا لە داهاتوودا زۆر دژوارە. بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا ناپاوەجێ و ڕوو لە گۆڕانە و بە دڵنیاییەوە هیچ پێشبینییەکی بۆ ناکرێت.

News Code 15406

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 0 =