چیرۆکی کوردی لە بۆشاییدا دەخوڵقێت

داوەری بەشی فارسیی یازدەهەمین فێستیڤاكی بانە لە سەر ئەو بڕوایەیە کە کەمبوونی دەقی چاپکراوی چیرۆکی کوردی و ڕادەست نەکرانی ئەزموونی بەرەکان لە رێگەی کارگە و شوێنی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆک، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئاستی چیرۆکی کوردییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی - ئەمجەد غوڵامی: یازدەهەمین فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە پاش سێ ساڵ چاوەروانی لە دوا رۆژەکانی پاییزی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو و پاش خوێندرانەوەی ۶۰ چیرۆکی کوردی و فارسی، شەوی پێنج‌شەممە ۲۳ی سەرماوەز بە ناساندنی ١٠ چیرۆکی هەڵبژاردەی کوردی و فارسی کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا. لەمناوە لاوازیی چیرۆکە کوردییەکان بە بەراوەرد لە گەڵ چیرۆکە فارسییەکان لەم خولە و بە نیسبەتی چیرۆکە کوردییەکانی بەشداربووی خولەکانی ڕابردوو بە گوێرەی داوەرانی ئەم فێستیڤاڵە، هەلێکی ڕەخساند بۆ پرسیاری دووبارە لە زەروورەت و پلانی کاریی فێستیڤاڵ و خەمخۆری بۆ پێگەی چیرۆکنووسیی کوردی.

هەواڵنێری مێهر وەک دەسپێکێک بۆ ورووژاندنی ئەو مژارە وتووێژێکی لە گەڵ "ناسر یەزدانی" شاعیر و ڕەخنەگری ناسراوەی بواری ئەدەبی و داوەری قۆناغی یەکەمی بەشی فارسی ئەم خولەی فێستیڤاڵی بانە و داوەری بەشی کوردیی چەند خولی ڕابردوو ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* یازدەهەمین فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە پاش سێ ساڵ دواکەوتن بەڕێوەچوو، بە بڕوای ئێوە سەرەڕای هۆکارەکان، ئەم بەدواکەوتنە چ کاریگەرییەکی لە سەر خود ئامادەبووان و بەشداربووانی کۆڕەکە بوو؟

ـ هەروا کە دەزانین بەرێوەبردنی فێستیڤال و میهرەجان لە ڕۆحی خۆیدا زۆرتر ئەیەوێت کە نویترن و تازەترین بەرەهەمەکانی جیهانی چیرۆک بخاتە بەردەستی بەردەنگ و خوێنەری خۆی بدۆزێتەوە. کاتێک فێستیڤاڵێک بەدوا دەکەوێ، پێدەچێ زەقترین خەساری ئەوە بێت کە نە نووسەر و نە خوێنەر ناتوانن پێوەندیەکی ئەوتۆ لەگەڵ دەقەکان بگرن و زۆرتر ئەبێتە بیانووک بۆ کۆبوونە بە دەوری یەکدا، تا ئەوەی کە ببێتە هەوێنێک بۆ ئافراندن؛ بۆیە نووسەرەکان خۆیان لە بەرپرسایەتی دەق دەدزنەوە و خوینەریش ناتوانێت ئاستی چیرۆکەکان بەراوەرد بکات. ئەم باسە ئەگەرچی پێوەندی بە یەکسانی و شێوەی بەرابەریی دەقەکان و چیرۆکەکان لە کێبەرکێکەدا نییە، بەڵام دەتوانێ لەمپەرێک بێت لە بەردەم وەدی هاتنی نووسەری چالاک، واتا هەرکام لە بەشداربووەکان دەنووسن، بە بێ ئەوەی بزانن کە بەشداربووانی دیکە تا چ ڕادەیەک لە نووسینا گەشەیان کردووە.

* ئێوە وەک داوەری قۆناغی یەکەمی بەشی فارسی و داوەری چەندین خولی ئەم فێستیڤاڵە لە بەشی کوردی، ئاستی چیرۆکەکان لە هەر دوو بەشدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ بێ گۆمان ئەگەر بمانەوێت چاوێکی بوێرانە بخشێنێن بە سەر چیرۆکە فارسییەکاندا کە گەیشتبوونە قۆناغی کۆتایی، بەو ئەنجامە دەگەین کە چیرۆکی فارسیی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بە نیسبەت چیرۆکی ئەورۆی فارس (لە کاتی ناردن بۆ فێستیڤاڵ) جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و سوژە و گەڵاڵە و چوارچێوەی زۆر دوور نییە لە شێوازی نووسینی چیرۆکنووسانی خاوەن ئەزموون و پێدەچی هۆکاریشی ئەمە بێت کە زۆربەی چیرۆکنووسانی فارس لە کارگە و شوینە تەرخانکراوەکان بۆ چیرۆک پێگەیشتوون و لە چیرۆک و شێوەی دارشتنی چیرۆک بە باشی تێگەیشتوون. هەرچەند دەبێ لە پەڕاوێزدا ئاماژە بەوەیش بکرێت کە لە کۆی بەرهەمە فارسییەکان کە بەم فێستیڤاڵە گەیشتوون، چیرۆکی لاواز و بگرە زۆر نزمیشیان تێدا بووە، کە پێم وایە بە ڕێژە ئەتوانین بڵین لە سەدا حەفتای چیرۆکە فارسییەکانیش لاواز بوون. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە چیرۆکی باشی تێدا بوو لە قۆناغی کۆتاییدا ئەو چیرۆکە لاوازانە نەکەوتە بەردەستی خوێنەر و تەنیا چیرۆکە باشەکان بینران؛ بە پێچەوانە لە بەشی کوردیدا زۆربەی هەڵبژاردراوەکان بگرە لە ڕووی ناچارییەوە بوو، چونکا دەبوو ۳۰ چیرۆک بگاتە بەشی کۆتایی فێستیڤاڵ و ئەبینین کە لەو ۳۰ چیرۆکە تۆ ناتوانی بە قەناعەتەوە ۱۰ چیرۆکی باشی تێدا هەڵبژێری؛ هەڵبەت ئەمە زۆر تەنیا بە فێستیڤاڵی ئەمساڵ نابەسترێتەوە، چما لە ڕابردووشدا ئەم کێشەیە هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەرچاوتر بوو.

* لە ڕاپۆرتی رۆژی کۆتایی فێستیڤاڵ گلەییەکی زۆر لە دابەزینی ئاستی نڤیساری چیرۆکە کوردییەکان بە بەراوەرد لە گەڵ بەرهەمە فارسییەکان و بە نیسبەتی ساڵانی پێشوو کرا، ئێوە هۆکارەکانی ئەم دابەزینە لە چیدا دەبینن؟

ـ بە بڕوای من سەرەکی‌ترین هۆکاری دابەزینی ئاستی چیرۆکە کوردییەکان کەمبوونی دەقی چاپکراوی چیرۆکی کوردییە، واتا چیرۆکنووسی کورد بە بەراوەرد لە گەڵ چیرۆکنووسی فارس، دەقی چیرۆکی بۆ خوێندنەوە کەمە و زیاتر خەریکن فارسی دەخوێننەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن ئەو ئەزموونانە ڕاستەوخۆ بگوازنەوە بۆ ناو دەقێکی کوردی؛ کێشەی دواتر ئەوەیە کە نەبوونی کارگە و شوێنی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆک لە ناوچە کوردییەکان چیرۆکنوس دەکاتە نووسەر و خوێنەری خۆی؛ واتا نازانێ ئەوانی تر چۆن دەنووسن و لە چ ئاستێک دان، تەنیا خۆی دەناسێت و بەس.

* ئەو ڕەخنەیە ڕەنگە لە فەزاییەکی گەورەتری چیرۆکی ئێستای کوردیشدا بەرچاوە، بە بڕوای ئێوە هیچ هەوڵێک لە ئارادایە بۆ خەسارناسیی ئەو دیاردەیە، یان کامەن ئەو هەوڵانەی کە بتوانن دەستگریی چیرۆکی کوردی بکەن بۆ تێپەڕین لەو قەیرانەی کە باسی لێوە کرا؟

ـ هەوڵیکیش ئەگەر لە ئارادا بێت هێندە تەرا و تاکن کە نابینرێن؛ پیدەچێ ئەمە ڕای تاکەکەسیی من بێت کە هێندێک جار بەو هەوڵانە ڕیگاش نادرێ کە بێتە ئاراوە و چەن کەسێک دەیانەوێت چیرۆکنووسی کورد وەک ئەوان بنووسن و ڕێگە بە دەنگە جیاوازەکان نادەن؛ بۆ نموونە فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە دەیتوانی پیشانگایەک لە سەرجەم ئەو کتێبانە کە لە بواری چیرۆکی کوردیدا چاپ بووە پێک بێنیت کە نووسەری کوردی بەشداربووی فیستڤالەکە لانیکەم لەگەڵیاندا ئاشنا بێت. ئێمە خوێنەری چالاکی چیرۆکی کوردیمان کەمن، ئەگەرچی زۆربەمان حەز بە نووسین و ئافراندن دەکەین، بەلام مەخابن ...

* یەک لەو پرسانەی کە لە کوڕی ئەمساڵدا بەرچاو بوو، پێشوازیی کەمی خێڵی چیرکنووسان بە نیسبەتی ساڵانی ڕابردوو بوو، بە بڕوای ئێوە هۆکارەکانی دابەزینی پێگەی فێستیڤاڵەکان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ـ ئەگەر مەبەست خیڵی چیرۆکنووسی کورد، نووسەرانی لێهاتوو و بە ئەزموونە، بەڵێ ئەوە ڕاستە، ئەوەی کە پێشوازی ناکریت ئەتوانێت تا ڕادەیەک لە خۆبایی‌بوونی هێندیک چیرۆکنووسی کورد دوای ئەزموونی کتێب نووسین بێت، کەچی با ئەوەشمان لە بیر بێت کە تیکەڵ‌بوونی سیاسەت و دەسەڵات لە زۆربەی میهرەجان و فێستیڤاڵەکاندا ئەبیتە هۆی دڵساردبوونەوەی هێندێک نووسەری چالاک و خۆبواردنی لە بەشداری کردنی کۆڕ و کۆبوونەوەکان. بەڕێوەبەرانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پێویستە لانیکەم لە هەر خولێکی فیسیڤاڵەدا چەند کەسێکی باش بانگهێشت کەن، بۆ ئەوەی دانوستان و گفتوگۆیەک لە نێوان بەرەکان ساز بدەن و نووسەری تازە قەڵەمیش هاوکاتی ئاشنابوونی زیاتر لەگەڵ چیرۆکی کوردی، هەست بەوە بکات کە بیسەری چیرۆکەکەی فلان چیرۆکنووسی بە ئەزموونە و ئەمە لە خۆیدا دەتوانێ هاندەرێک بێت بۆ نووسینی دەقی دەوڵەمەندتر و باشتر و پاڵنەرێکیشە بۆ ئەو کەسانە کە ئەزموونی نووسینیان زۆرترە.

لە هەمان کاتدا نابێ لە بیرمان بچێت کە ئەزموونی چەندین ساڵەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکانی کوردستان تەنیا بە چالاکییەکانی ناو کۆڕەکان دەبەسترێتەوە و نووسەران لە رێگەی فێستیڤاڵەکانەوە گرێ نادرێنە دامودەزگا ئەدەبییەکان و قۆناغێکی سەرتری ئەدەبی و خود ناوی فێستیڤاڵەکان و خەڵاتەکان نەیانتوانیوە ببنە برەندێک بۆ بەشداربووان لە تەواو خولەکانی ڕابردوودا.

News Code 15309

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =