نۆستالۆژیای گەڕانەوەی سەربازێک که‌ هەموو رۆژێک دەمرێت

نەبیستن ڕەمزی سەرەکی شانۆنامەی "لە پشت دەرگا"یە. نەبیستن لە هەمان کاتدا داخرانی دەرگا لە ڕووی ئەزموون و خۆدەربڕینە؛ لە ڕووی خەون و تاسە؛ لە ڕووی هیوا و ئارەزوو و بە گشتی لە ڕووی خود بە مانا ئیگزیستانسییەکەی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی - ئەمجەد غوڵامی: سەربازێک پاش سێ ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام کەسێک لە بری ئەو لە ماڵەکەی و لە لای ژنەکەی دانیشتووە و ئەو تەنیا و تەنیا ناوێکی لە گەڕانەوە پێ بڕاوە؛ "بێکمان، وەک ئەوەی پێێ بڵێن دەرگا، یان وەک شتێک که دەکرێ فڕێی دەی".

بێکمان جۆرێک نۆستالۆژیای گەڕانەوەی سەربازێکە کە کەس حەز بە بیستنی بەسەرهات و ئەزموونەکانی ناکات، ڕێک وەک ئۆدیسە کە کاتێک گەڕایەوە هەمووان بەسەرهاتی "ئیساکا"یان لە نەبوونی ئەودا بۆ گێرایەوە و کۆندرا وتەنی: کەس لێی نەپرسی "ئەی تۆ لەم بیست ساڵە چت بە سەرهات؟!". نۆستالۆژیای بێکمان-یش کاتێک ڕوو دەدات کە ئەو پاش سێ ساڵ گەڕاوەتەوە و گوێیەک شک نابات بۆ بیستن، تەنانەت چۆمێکیش -کە ئیتر عاشقان و شاعێران نایەنە سەردانی و تەنیا ئەوانە دەبینێ کە دەیانەوێ خۆیان لە پردەکەیەوە بەردەنەوە- گاڵتەی پێ‌دەکات.

 کەواتە نەبیستن ڕەمزی سەرەکیی شانۆنامەی "لە پشت دەرگا" لە نووسینی نووسەری جوانەمەرگی ئەڵمانی "ڤۆڵفگانگ بۆرشێرت" و لە دەرهێنانی "ڕەحیم عەبدولڕەحیم زادە"یە. نەبیستن لە هەمان کاتدا داخرانی دەرگا لە ڕووی ئەزموون و خۆدەربڕینە؛ لە ڕووی خەون و تاسە؛ لە ڕووی هیوا و ئارەزوو و بە گشتی لە ڕووی خود بە مانا ئیگزیستانسییەکەی. هەر بۆیە ئێکسپێرسیۆنی "لە پشت دەرگا" ڕێک لە سانتڕاڵی پەیوەندیی زمان و خودەوە دەست پێدەکات، لەو جێگەوە کە زەمان زیاتر لەوەیکە لە رێگەی بەردەنگەوە مانایەک بۆ خۆی دەستەبەر بکات، وەک دەنگی هێڵنجی گۆڕهەڵکەن یان گسک لێدانی سپوور بەڕەڵا دەکرێت و دوای باوەخولەیەک و نەدۆزینەوەی بیسەر، دەگەڕێتەوە لای خود بێژەرەکەی و خۆی دەبێتە وەڵامدەری دەنگەکەی خۆی. ئاوا دەنگەکان لە بری ئەوەی کە بە شێوەی پینگ پۆنگی بچنە خانەی دیالۆگەوە، دەبنە کۆمەڵە مۆنۆلۆگێک و هەر کەس تەنیا ئەوە دەڵێت کە پێشتر بە نیوەچڵ ماوەتەوە و هەر خۆیشی وەڵامی پرسیارەکانی خۆی دەداتەوە. ئەم نادەروەست‌بوونی دەنگ و وەڵام هەمان شتە کە بەرپرسی کابارە بە هۆنەری دەزانێت: "هونەرێک کە هەوڵ دەدات لە بری خەمبارکردنی کۆمەڵگا، بزەی شادی بێنێته سەر لێویان ... هونەرێک کە کۆمێدیایە تا خەڵک بیر له چارەڕەشییان نەکەنەوه".

لێرەدا دەردەکەوێت کە بینەر لە گەڵ ناشانۆیەک (Non Theater) بەرەوڕووە کە خود بۆرشێرت لە پێشەکییەکەیدا وتوویەتی: "شانۆنامەیەک کە هیچکات ناچێتە سەر شانۆ و هیچ بینەرێک سەیری ناکات". ناشانۆیەک کە رێگا نادات ڕەنجی گەڕانەوە بە باری تراژێدیادا بشکێتەوە، مەگین نە ئەوەی کە ئەرەستوو وتبووی تراژێدیبوونی تراژێدی نەک لای قارەمان، بەڵکوو لای بەردەنگ ساز دەبێت، کاتێک هاوخەمی لە گەڵ قارەماندا دەکات و ڕەنجی تراژیکی دەنرخێنێت.

کەچێ شانۆی "لە پشت دەرگا" هەر لە سەرەتاوە بە خۆکوژیی سەربازێکەوە دەست پێدەکات کە لە گەڕانەوەیدا گوێیەک شک نابات بۆ بیستنی ڕەنجەکانی. لێردایە کە بیستن جۆرێکە لە حەسانەوە و ئۆقرەگرتن. بێکمان لە نەبیستنەوە دێت و بە مەرگ دەگات، مەرگێک کە لە سەرەتادا بۆی مسۆگەر نابێت و چۆمی ئێلبەش بە هەندی وەرناگرێت. مەرگ وەک حەقیقەتی نەبیستن لەم شانۆیەدا لە قەوارەی دەرگاگەلێک نمایش دراوە کە تێکرایان بەڕووی بێکمان داخراون و تەنیا لە کۆتایی شانۆکە و لە پەردەی (دەرگایەک/ یانەیەک/ بێکمان) یەک بە یەک بەڕوویدا دەکرێنەوە، هەتا "ئەو دیو دەرگا/ ناوماڵ" وەک رێتا فلیسکی دەڵێت: "شوێنی وەستان و مەرگ بێت و دەرەوەش شوێنی ژیان و چالاکی".

کەواتە بیستن/ مەرگ ڕووداوێکە لەو دیو دەرگاکان کە لە شانۆی "لە پشت دەرگا" لە قەوارەی دەرگاگەلێک وەک دیکۆری سەرەکی و ناپاوەجێی شانۆکە نمایش دراوە و بێکمان لە بەر ژیانی چالاکی بێدەنگ هەڵدێت و دەرگا بە دوای دەرگا بۆ شوێنێک دەگرێت تێیدا وەحەسێت و بمرێت.

ئەم دژوازییە کاتێک تووشی شوێن‌گۆڕکێی گرۆتێسک‌ئاسای شتەکان و کەسەکان دەبێتەوە، زیاتر لە جاران تەشەنە دەستێنێت. بۆ وێنە کاتێک چاویلکەی ماسکی دژەگاز دەبێتە تاقانە دەلاقەی بینینی بێکمان یان جل و بەرگی سەربازێکی دیکە هێندە قەبەیە کە تێیدا بێکمان هەست بە نوقمبوون دەکات، یان کاتێک نرخی گازی بەردراوەی ئاشپەزخانە بۆ خانمی کرامێر گرینگترە لە گیانی باوک و دایکی بێکمان، هەست دەکەیت کە تەنیا گرۆتێسک دەتوانێت لایەنی ئێکسپێرسیۆنی ئەم جیهانە ئاڵۆزە بە دۆخی ڕئیاڵی شانۆکەوە گرێ بدات. هەر بۆیە کەڵک وەرگرتن لە دیکۆرێکی ناپاوەجێ و چەندپاتەبووەی دەرگاکان باشترین فەزا دەخەملێنێت بۆ وێناکردنی ئەو گرۆتێسکە.

دەرگاکان کاتێک دەکرێنەوە کە کەسێک دەیەوێ بدوێت. هاوکاتبوونی دەنگ و تیشک و کرانەوەی دەرگا کاتێک لە قەوارەی ئەویترەکاندا خۆنیشان دەدات، ڕەواڵەتێکی ئایدیالۆژیکی و دڵخۆشکەرانە بە خۆوە دەگرێت و دەنگەکان لە مۆنۆلۆگێکی خۆبیستانە دەگەنە دۆخێکی ڕوونخوازی و لێپرسینەوەیی (interpellation) و هیوای بەردەوامییەکی پووچەڵ دەبەخشن بە ژیان و پاساوێک دەهێننەو بۆ نەبیستن. هەر بۆیە هاوشێوەبوونی دەمامکی ئەویترەکان بە جۆرێک وەک پەرەدان بە خودەکان، بیرهێنەرەوەی خودێکی کێش‌دراوەیە (Distention animi) کە کەسایەتییەکان دەکاتە ئاوێنەنوێن و دووپاتبووەی یەکتر: چۆمی ئێلبە هەمان دایکی مردووی بێکمانە، کچ هەمان هاوسەری بێکمانە، سەرهەنگ هەمان بەرپرسی کابارەیە و سپوور هەمان گۆڕهەڵکەنە. لەمناوە تەنیا بێکمانە کە لە ژێر تیشکێکی جیاواز وەک کەسی کانوونی لە ناو خودکاندا تایەکارییە. بێکمان ئەگەر بگاتە ئەودیوی دەرگا و ببیسترێت دەبێتە هەمان کەسایەتییەک کە بۆرشێرت لە ناساندنی کەسایەتییەکانی شانۆکەی پێی دەڵێت: یەکێک وەک خەڵکانێکی زۆر. کەسێک کە چیتر هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ سەرباز و مێردی کچە کە بە وتەی بۆرشێرت "هەزاران شەو خەونی ژنەکەی بینیوە" (لێرەدا ناساندنی هاوسەری سەرباز وەک کچ و دۆشیزە لە خۆیدا جێی سەرنجە!) نییە؛ سەربازێک کە بێ هەست و خوست هەنگاو دەنێت و هەر هەنگاوێکی بە دارەشەقەکەی دەنگی تیک تاکی کاتژمێر بیر دەهێنێتەوە.

لە ڕاستیدا بیستن و نەبیستن دووڕێیانێکە کە بینەر تێیدا یەخسیرە؛ رێگایەک کە ڕووی لە داهاتووە و بە شێوەیەکی کاتژمێری و تیک تاکی دەچیتە پێش و لە قەوارەی سەربازێک دەردەکەوێت کە بە ڕاوێژێکی لۆمەگەرانە لایەنی واقیعی شانۆکە نوێنەرایەتی دەکات و ئەو کاتەی لە گەڕانەوەدا کەسێکی دیکەی لە ماڵەکەیدا بینوە خۆی بەرداوەتە ناو چۆمی ئێلبە. یان باشترە بڵێین ئەوە هەمان رێگایە کە لە دۆخی سەرەتایی شانۆکە خودی بێکمان دەوری دەگێڕێت. لە بەرامبەردا رێگای دووهەم رێگایەکە کە لە ڕابردوودا چەقی بەستووە و خۆی لە بازنەی زەمان دەرباز کردووە و وەک ترۆمایەک لە خەونێکی وەیشوومەدا یەخسیر ماوەتەوە و ئامادە نییە خۆی بە دەستەوە بدات و ناگێڕدرێتەوە و پەنا بۆ هێماکان و سیمبۆلەکان دەبات. ئەمیان هەمان رێگای بێکمانی دوای نغرۆبوون لە چۆمی ئێلبەیە. کە دێتە گێرانەوە دەنگێکی قرپەئاسا و هێڵنجاوی و گەلی جار خیسەئاسا بە خۆوە دەگرێت و بە شێوەی زمانێکی پچر پچر و کورتە ڕستانە و گەلی جار میکانیکی و بێ مانا دەبێژرێت. زمانێک کە مایەی پێکەنین و شێت نواندنی بێکمان لای دەوروبەرەکانیەتی، زمانێک کە لەم شانۆیەدا کەمتر بەهای پێدراوە و زیاتر شاعێرانە مامەڵەی لە گەڵ کراوە.

ئەم زمانە لە گێڕانەوە نەهاتووە هەمان زمانە کە بە وتەی لانگێر تەنیا لە دەلاقەی جۆرەکانی دیکەی هونەریی جیا لە هونەری وێژەیی دەگێردرێتەوە. واتە ئەو شتەی کە زمان لە حاندی دۆش داماوە، شوێنێکە کە هونەرەکانی زارەکی و نمایشی و پێرفۆڕمێنسی بۆی قەرەبوو دەکەنەوە. هەر بۆیە بە کارهێنانی تەکنیکی کولاژیی نمایشی سەرپەردەی تیزێری شەڕ لە کاتی گێرانەوەی خەونی بێکمان ڕەنگە بە جێ و رێگەترین تەکنیکێکە کە لەم شانۆیەدا بۆ نمایشدانی کەڵکەڵەکانی بێکمان کاری پێ‌کراوە. یان کەڵک وەرگرتن لە مێدیۆمگەلی شانۆی کۆمێدیای وەک دووانەی دلاکرۆوا کە لە قەوارەی دوو دەڵقەک تریبۆن و کۆرسی بۆ بەرپرسی کابارا دەهێنن، جگە لەوەی بیرهێنەرەوەی لایەنی گرۆتێسکیی ئەم شانۆیەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان تەکنیکێکی لەبار و گونجاون بۆ گێڕانەوەی فەزای تراژیک و لە هەمان کاتدا ئێکسپێرسیۆنی "لە پشت دەرگا"، بۆ ئەوەی بینەر بتوانێت پەردە جۆراجۆرەکانی شانۆکە کە بە تاریک داهاتنی هۆڵەکە لێک جیاکراونەتەوە، پێکەوە بەخیە (suture) بدات و بە شێوەیەکی دەروونی فەزا ئێکسپێرسیۆنەکانی ناو شانۆکە باوەڕ بێنێت. لەمناوە خۆبواردنی دەرهێنەر لە دیکۆری زیادی لە سەر سێن و سەرمایەدانان لە سەر یاریی خود ئەکتەرەکان (وەک پانتۆمیمی خواردنی بنەماڵەی سەرهەنگ) پرۆسەیەکی دەروونییە بۆ رێنوێنی کردن و هاوهەست‌کردنی بینەر لە گەڵ شوناسی بێکمان.

هەڵبەت کەڵک وەرگرتنی دەرهێنەری ئەم شانۆیە لە شێوازی "مەوداسڕینەوە"ی برێشتی بە تایبەت لە وتاردانی کەسایەتیی بەرپرسی کابارە و چەپڵەی بینەران (وەک گومانێک بۆ کۆتایی لە ناوەڕاستی شانۆکە) بە جۆرێک بیرهێنەرەی واژۆی هەمیشەیی گرووپی کانی لە بەرهەمەکانی ساڵانی پێشووی ئەو گرووپەیە کە وەک وتم ئەمجاریان لە شوێنی پێویستی خۆیدا و لە پێناو هەمان بەخیە لێدان و لکاندنەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە.

بە گشتی ئەگەرچی شانۆی "لە پشت دەرگا" هەندێک کەموکورتیی وەک لاوازی لە ڕۆڵگێران و نادەستبڵاوی لە مانۆردانی هەندێک لە ئەکتەرەکان و بەسترانەوەی لە ڕادەبەدەریان بە دەقی شانۆنامەکە و داڕشتەی لاوازی زمانیی پێوە دیارە، بەڵام کەڵک وەرگرتن لە ئایتێمی دەرگاکان بۆ دیکۆر و ئاوردانەوە لە تەکنیکگەلی کولاژیکی وەک نمایشی سەرپەردەی تیزێری شەڕ و تێوەگلاندنی بینەر لە گەڵ ناوەڕۆكی شانۆکە لە پەنای داهێنانگەلێک کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، کۆمەڵێک ئیمکانی نوێ دەخاتە بەردەم دەرهێنانی شانۆنامەیەک کە نووسەرەکەی لای وایە هیچکات ناچێتە سەر شانۆ و هیچ بینەرێک سەیری ناکات.

News Code 15112

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 2 =