خەڵکلی عێراق و ئۆردۆن بۆ هاودەنگی لە گەڵ فەلەستین ڕژانە سەر شەقام

ئۆردۆن و عێراق ئەمڕۆ هەینی پاش نوێژی نیوەڕۆ شایەدی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ملیۆنیی خەڵکی بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی فەلەستین و ناڕەزایەتی بە بڕیاری ترامپ بۆ بە فەرمی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی بوون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "سپۆتنیک"، ئەنجومەنی ناوەندی چاوەدێری بە سەر گردبوونەوەی جەماوەری لە عێراق ڕایگەیاند کە پاش بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بۆ بە فەرمی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلە ئاویووە بۆ بەیتولموقەدەس، زۆر گرینگە کە خەڵکی بۆ پاڵپشتی لە قودس ڕاپەڕن.

بەیاننامەکە بە ئاوردانەوە لە بێدەنگیی تاڵی دەوڵەتانی عەرەبی داوای لە خەڵکی کردووە کە بۆ ڕاپەراندنی ئەرکی مێژوویی خۆیان ئەمڕۆ هەینی پاش نوێژی هەینی لە سەرتاسەری عێراق خۆپیشاندانێکی یەکپارچە و بەربڵاو بەڕیوە ببەن و بە توندی بڕیاری ئەمریکا شەرمەزار بکەن و دەنگی پاڵپشتیی تێکرای خەڵکی عێراق بۆ چەوساوان و قودسی پیرۆز هەڵبڕن.

لە ئۆردۆنیش "عاتف تەراونە" سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوای لە خەڵک و بەرپرسان کردووە کە بۆ پاڵپشتی لە قودس و ئیدانەکردنی بڕیاری ئەمدواییەی دۆناڵد ترامپ رۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو بەڕێوە ببەن و ناڕەزایەتی خۆیان بۆ بڕیاری بە فەرمی ناسرانی قودس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی دەربڕن.

ناوبراو جەختیشی کرد کە لەو سەخڵەتییەدا کە ئۆمەی عەرەبی و ئیسلامی دابەش دەکرێت، دەبێ خەڵکی لە پەنای بەرپرسان ئەو داپەڕە شەرمەزار بکەن.

هاوکات لە گەڵ ئەو داخوازییە، دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ شەقامەکانی ئۆردۆن پڕ بوو لە خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتە کە پاش بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ ڕژابوونە سەرشەقام و هاوکات تاقمێک لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتەش لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا گردبوونەوە.

بە گوێرەی ئەم هەواڵە ژمارێک لە گرووپە نەتەوەپەرەست و ناسیۆنالیستەکانی ئۆردۆنیش داوایان لە خەڵکی کردووە کە لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا مان بگرن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئۆردۆن تا ئێستا مۆڵەتی بە ناڕازیان نەداوە کە پەتۆ و خێوەت بۆ شوێنی نزیک بە باڵوێزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە بگوازنەوە.

News Code 15072

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 3 =