بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە "سپۆتنیک"، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیمەکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند کە بە پێچەوانەی لێدوانی ئەمدواییەی واشنتۆن، ئەمریکاییەکان هێشتاش چەک و جیهازاتی سەربازی دەدەنە شەڕڤانانی هەسەدە.
عەبدولعەزیز یوونس وتەبێژی هەسەدە ڕاشیگەیاند کە هەواڵی هەڵپەساردنی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ شەڕڤانانی هەسەدە دوورە لە ڕاستی و ئەمریکا و هاوپەیمانانی هێشتاش چەک دەدەنە هێزەکانی ئێمە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە بە فەرمانی "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەوانەکرانی چەک و چۆڵی سەربازی بۆ شەڕڤانانی کورد – عەرەبی سووریای دیموکراتیک ڕادەگیرێت و ترامپ ئەو بابەتە بە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیاندووە.
وتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دا کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا وەجبەیەکی گەورەی یارمەتیی چەک و چۆڵی سەربازیی ئەمریکایی لە ناوچەی قامیشلی لە دیرەزور ئاراستەی شەڕڤانانی هەسەدە کراوە و وتیشی: ئەمریکا تا ئێستا هیچ پەیامێکی سەبارەت بە ڕاگرتنی یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ شەڕڤانانی کورد – عەرەبی هەسەدە بە ئێمە ڕانەگەیاندووە.
بۆچوونی ئێوە