لە پرسیارێکدا بۆ وەزیرانی پەروەردە و زانست؛

نوێنەرانی مەجلیسی ئێران داوایان کرد زمانی زگماکی لە زانکۆکان بوترێتەوە

ناسەی هەواڵ: 4156125 -
تاقمێک لە نوێنەرانی مەجلسی شۆڕای ئیسلامی بە ئاراستەکردنی دوو نامەی پرسیار بە وەزیرانی پەروەردە و زانست، خوازیاری جێبەجێ کردن مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی و وەڵامی وەزیران بۆ هۆکاری جێبەجێ نەکرانی پلانی خوێندن و ڕاهێنان بە زمانی زگماکی بوون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەو دوو نامەیەدا کە لە سەر داوای جەلال مەحموود زادە نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و تاقمێک لە نوێنەرانی دیکەی مەجلیس بۆ دوکتۆر بەتحایی وەزیری پەروەردە و دوکتۆر غوڵامی وەزیری زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای زانیاری ئامادە کراوە، هاتووە: بە ئاوردانەوە لە مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی خوێندن و نووسین بە زمانگەلی ناوچەیی و ئیتنیکی لە چاپەمەنی و میدیا گشتییەکان و لە قوتابخانە و زانکۆکان لە پەنای زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی وڵات رێگە پێدراوە، بەڵام بە داخەوە پاش ٣٩ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هێشتا ئەو یاسایە جێبەجێ نەکراوە.

نوێنەرانی مەجلیس ڕوو لە وەزیری پەروەردە ڕاشیانگەیاندووە: پێویستە وەزارەتی پەروەردە وەک پێگەی سەرەکیی پالن داڕێژیی سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی بەرەی داهاتووی وڵات بە بەهایەکی زیاتر بداتە پرسی پەروەردە بە زمانی زکماکی و لەوان زمانەکانی کوردی، تورکی، بەلووچی، گیلەکی، تورکمانی و ...، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و سوید و ... زمانەکانی فارسی، کوردی و تورکی لە قوتابخانەوە تا زانکۆ دەوترێنەوە. هەر بۆیە چاوەروان دەکرێت لە وڵاتی خۆشمان هەوڵێکی هاوشێوە بۆ فێرکاری ئەو زمانانە هەر لە قۆناغی پێش قوتابخانەوە بدرێت.

لەو نامەیەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە: بەڕێز وەزیری پەروەردە باش دەزانن کە فێرکاری و ڕاهێنان بە زمانی زکماکی دەبێتە هۆی دەوڵەمەندتربوونی زمانی فارسی و هاوکات دەبێتە هۆی لێهاتووتربوونی قوتابیانی ناوچە جۆاروجۆرەکانی وڵات.

هەروەها نوێنەران لە پرسیارێکی هاوشێوە لە وەزیری زانست بیریان هێناوەتەوە: فێرکاری و ڕاهێنان بە زمانی زکماکی و دانانی وانەی زانکۆیی بۆ زمانە ناوچەییەکان لە درۆشمە سەرەکییەکانی بەربژێرانی سەرۆک کۆماری لە خولەکانی پێشوو بووە، بەڵام بە داخەوە ئەو درۆشمە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و پێدەچێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا وەک درۆشمیکی کلیلی هەمدیسان لە لایەن بەربژێرانی داهاتووەوە کەڵکی لێ وەربگیردرێت!

ناردنی بۆچوون

3 + 1 =