وه‌زیری ناوخۆی ئێران داوای یارمه‌تی له‌ سوپا و ئه‌رته‌شی کرد

وه‌زیری ناوخۆی ئێران داوای له‌ سوپای پاسداران و ئه‌رته‌شی ئێران کرد تاکوو له‌ ناوچه‌ خه‌ساردیوه‌کان نه‌خۆشخانه‌ی کاتی ڕێبخه‌ن.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زڵی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی قه‌یران وتی: هه‌موو جۆره‌ ئاسانکارییه‌ک بۆ ئه‌و ناوچانه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ که‌ بۆمه‌له‌رزه‌ لێی داوه‌. کاری هه‌ڵدانه‌وه‌ی بینا وێران بووه‌کان درێژه‌ی هه‌یه‌.

وتیشی: چه‌ندین کاروان له‌ لایه‌ن سوپای پاسداران و ئه‌رته‌شی ئێرانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌که‌ کراوه‌ تاکوو نه‌خۆشخانه‌ی کاتی ڕێبخه‌ن و خه‌ڵکی لێقه‌وماو ده‌رمان بکه‌ن.

ڕه‌حمانی فه‌زلی وتی: له‌ زووترین کاتدا هه‌موو جۆره‌ ئاسانکارییه‌کی دیکه‌ له‌ پارێزگاکانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌م ناوچانه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ یارمه‌تییه‌کان.

ئه‌و جه‌ختی کرد: له‌ ئێستادا هه‌ڵدانه‌وه‌ی بینا ڕووخاوه‌کان گرنگ ترین کاره‌ که‌ ده‌بێت هه‌رچی زووتره‌ ئه‌نجام بێت تاکوو که‌سانێک که‌ له‌ ژێر داروبه‌رده‌کاندا ماون ڕزگار بکرێن.

 هه‌روه‌ها وتی: به‌رده‌وام له‌ حاڵی ناردنی خێوت، خواردمه‌نی و ده‌وا و ... بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ین و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت که‌مته‌رخه‌می ناکه‌ین.

شایانی باسه‌ که‌ دوێنێ شه‌و چه‌ندین بوومه‌له‌رزه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و ڕۆژئاوای ئێرانی دا و بووه‌ته‌ هۆی زیان و زه‌ره‌رێکی زۆری گیانی و مادی له‌ ناوچه‌که‌.

    

News Code 14438

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =