دەست لە کار کێشانەوەی بارزانی مانۆره‌

"شێخ سەهیود" پەرلەمانتاری عێراقی لە سەر ئەو بڕوایەیە کە کشانەوەی بارزانی لە دەسەڵات "مانۆرێکی بانگەشەیی" بووە و دەسەڵاتەکانی ئەو گواستراوەتەوە بۆ بنەماڵەکەی و حزبە کوردستانییەکان دەبێ لەوبارەوە هۆشیار بن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: رۆژی ڕابردوو نامەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە. ناوبراو لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پاش کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی بە سەر هەرێمی کوردستان لە رۆژی چوارشەممەی ئەم حەوتەیە، چیتر حەز بەوە ناکات لەو پۆستەدا نمێنێتەوە. جگە لەوە بارزانی لە لێدوانێکدا وتی: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی ئاشتی خوازانە بۆ کێشەکانمان بووە. بەغدا لە ڕیفراندۆم بۆ هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردسیان بەهرەی وەرگرتووە. ناوبراو وتیشی: ئەوەی لە شەوی ١٥ی ئاکتەوبردا لە کەرکووک ڕووی داوە خەیانەتێکی گەورە لە دژی پێشمەرگە بووە. ئێمە چاوەروانی ئەوە بووین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەغدا ڕێز لە قارەمانێتی و لە خۆبوردوویی پێشمەرگە بگرن.

بارزانی ڕاشیگەیاند: پرسیاری گرینگ ئەوەیە کە ئایا واشنتۆن دەیەوێت کوردستان سزا بدات؟ ئێمە چاوەروانی ئەوە نەبووین کە ئەمریکا هەمبەر بە هێرش بۆ سەر ئێمە بێدەنگ بێت.

لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی خۆی بۆ دابەش کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ سێ دەزگای دیکەی دەسەڵاتی کوردستان بە ٧٠ دەنگی ئەرێنی و ٢٣ دەنگی نەرێنی دەربڕی و بەو جۆرە نیچیرڤان بارزانی کرایە فەرماندەی گشتیی هیزە چەکدارییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ "شێخ سەهیود" نوێنەری پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* مەسعوود بارزانی رۆژی رابردوو لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان بە کشانەوەی خۆی لە دەسەڵات بە فەرمی ڕاگەیاند. بە بڕوای ئێوە دوای ئەم کشانەوەیە لە بەستێنی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان چ ڕوو دەدات؟

ـ من لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئەم کارەی بارزانی مانۆرێکی بانگەشەیی بووە، چونکا ئەو لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دەکشێتەوە و ذەسەڵاتەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی خۆی دەکات. ئەوە بەو مانایە کە بێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و ... دەسەڵاتەکانی مەسعوود بارزانی بە دەستەوە دەگرن. کەواتە، حزبە کوردییەکانی وەک یەکێتی نیشتمانی، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەبێ بە خێرایی دەوڵەتێکی نائاسایی کاتی پێک بهێنن بۆ ئەوەی چاودێری بکەن بە سەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چۆنیەتی دیاری کردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئەو هەرێمە. ئەوە هەنگاوێکی گرینگە کە دەبێ حزب و لایەنە کوردییەکان هەڵیگرن.

لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی بەغدا دەبێ هەر خێرا مەسعوود بارزانی بە تۆمەتی "خەیانەتی گەورە"، "پیلان لە دژی یەکگرتوویی وڵات"، "بە تاڵان بردنی سەرمایەکانی وڵات" و "پێشێل کردنی ئازادایی هاووڵاتیانی کورد" و "پاوان کردنی دەسەڵات" دەستگیر بکات. تاوانەکانی بارزانی تەنیا بەوانە کۆتایی پێنایەت، بەڵکوو بارزانی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنی داعش بۆ ناو خاکی عێراق و داگیرکرانی مووسڵ. بارزانی هەولێری کردە گەورەترین پەناگەی بکوژران و تیرۆریستانی داعشی و هاوکات لە سەرکردەکانی داعش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی دەوڵەتی بەهرەی وەرگرتووە. کەواتە دادستێنی گشتیی وڵات دەبێ لە خێراترین کاتی مومکیندا سزانامەیەک لە دژی ئەو تۆمار بکات.

* مەسعوود بارزانی لە لێدوانەکانی رۆژی رابردوویدا ڕەخنەی توندی لە حەشدی شەعبی گرتووە و تۆمەتی تیرۆریزمی لێداون. ئەو پاگەندەی ئەوەشی کردووە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان داوەتە کوشتن و تاڵانی هاووڵاتیانی کورد. ئێوە چۆن لەو بەشە لە وتەکانی بارزانی دەڕوانن؟

ـ حەشدی شەعبی ڕێکخراوێکی ئەمنیی فەرمی و بەشێکە لە هێزە چەکدارییەکانی عێراق. هێزەکانی حەشدی شەعبی گەورەترین پیلانەکانیان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی عێراق پووچەڵ کردەوە و پڕۆژەی شۆمی ئەمریکایی – زایۆنیستی بۆ دابەشکردنی عێراقیان بەرەوڕووی شکست کردەوە. حەشدی شەعبی بەردەوام لە گەڵ هاووڵاتیانی کورد هاوکاری و هاوئاهەنگی بووە و تا ئێستا بەشێکی زۆری ناوچە جێ ناکۆکییەکانی لە بندەستی داعش پاککردۆتەوە و هەروەها ناوچە داگیرکراوەکانی بندەستی هێزەکانی سەر بە بارزانیی وەرگرتۆتەوە.

بەوەشەوە میدیاکانی رۆژئاوایی و زایۆنیستی بەردەوام تەواو هەوڵی زۆیان بۆ خەوشەدارکردنی حەشدی شەعبی بە کار هێناوە و لەو کارەدا بەردەوامیش دەبن. میدیاکانی ئەمریکایی بەردەوام بە دوای بچەواشەبردنی ڕاستییەکانن و بارزانیش هەر ئەو هەڵوێستەی گرتۆتە بەر و بە دڵنیاییەوە حەشدی شەعبی لە تەواو ئەو تۆمەتانە بە دوورە.

* سوپای عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێ هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی ٢٠٠٣. بە بڕوای ئێوە ئایا پێشمەرگە ئەو داواکاریە بە هەند وەردەگرێت و ئەو کارە دەکات؟

ـ ئێمە لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ هیزەکانی سەر بە بارزانی لە پێشمەرگە جیا بکەینەوە. پێشمەرگە لە ئێستادا بە گشتی لە گەڵ هێزەکانی عێراقی هاوئاهەنگە. ئازادکردنەوەی کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکانی دیکە بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی پێشمەرگە ئەنجام درا. بەوەشەوە، هێزەکانی بارزانی کە هیچ دەروەستێکیان بە پێشمەرگە نییە بوونەتە دارەدەستی تیرۆریستانی داعشی. بە گشتی هێزەکانی بارزانی نایانەوێ پاشەکشێ بکەن و ئێمەش لە بەرامبەردا درێژە بە هەڵمەتەکانمان بۆ گرتنەوەی تەواو ناوچە جێ ناکۆکەکان دەدەین.

* مەسعوود بارزانی لە دوا لێدوانیدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا پاڵپشتیی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەکردووە. بە ئاوردانەوە لە هەندێک لە هەڵوێستەکانی واشنتۆن بۆ پشت‌ڕاستکردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ئەو لێدوانانەی بارزانی چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ئەو دانی بە ڕاستییەکاندا هێناوە؟

ـ بە دڵنیاییەوە بارزانی لەوبارەوە ڕاست ناکات. مەسعوود بارزانی یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆرترین هەوڵی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئەمریکایی – زایۆنیزم لە عێراقدا داوە. بارزانی لە رێگەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە پێناو جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە هەنگاوی ناوە و لەوبارەوە لە لایەن بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی زۆری لێ‌کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕژیمی زایۆنی-ش بە شێوەی ئاشکرا پاڵپشتیی لە مەسعوود بارزانی و هەرێمی کوردستان کردووە. کەواتە بارزانی بە هیچ چەشنێک ناتوانێت نکۆڵی لە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان بۆ دابەشکردنی خاکی عێراق بکات. بە گشتی ئەوە ئیرادەی گەلی عێراق و هەروەها ئیرادەی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بوو کە بووە هۆی شکست هێنانی پیلانەکانی بارزانی و هاوپەیمانانی.

News Code 14083

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 1 =