لە گفتوگۆ لەگەڵ شەرقولئەوسەت:

بەرهەم ساڵح ڕێگا چارەی قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخاتە ڕوو

ناسەی هەواڵ: 4123299 -
سه‌رۆكی‌ قه‌واره‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ رایده‌گه‌یه‌نێت چاره‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالییه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ئه‌ستۆ بگرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە خەندان، به‌رهه‌م ساڵح له‌میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌ت جەختی کرد: هه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی‌ ئێستا له‌سه‌ر لێكترازانی‌ كورد بونیات بنرێت بێ سووده‌.

به‌رهه‌م ساڵح به‌رپرسیارێتیی ئه‌و دۆخه‌ی‌ ئێستا له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌و پارت و هێزه‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ ریفراندۆمیان هێنایه‌ ئاراوه‌ و سووربوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و ته‌نانه‌ت پێش بڕیاری‌ ریفڕاندۆم شكستیان هێناوه‌ له‌ خوڵقاندنی‌ چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ و دامه‌زراندنی‌ "حوكمێكی‌ ره‌شید"ی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ جێی‌ متمانه‌ی‌ هاووڵاتیان بێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سیستمی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خزمخزمێنه‌ كه‌ باڵی‌ كێشاوه‌ به‌سه‌ر حوكمڕانیدا له‌هه‌رێم، یه‌كێكه‌ له‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانه‌ی‌ بوونه‌ هۆی‌ ئه‌و ته‌شویشه‌ی‌ تووشی‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیاردان بوو".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌وته‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح، ناكرێت به‌رپرسیارێتی‌ شكسته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان له‌سه‌ر ئاستی‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ له‌ عیراقدا پشتگوێ بخرێت، "ئه‌و كێشانه‌ كه‌به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ بابه‌تی‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بۆ هاوبه‌شی‌ له‌بڕیاردان و چه‌ند شتێكی‌ تریش، به‌شێكن له‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ ناكرێت پشت گوێ بخرێن و رێخۆشكه‌ر بوو ته‌قینه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ئێستا".

بۆ چاره‌سه‌ری‌ دۆخی‌ ئێستا، به‌رهه‌م ساڵح چه‌ند جۆرێكی‌ جیاوازی‌ چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ڕوو، به‌پێویستی‌ ده‌زانێت چاره‌سه‌ر له‌ناوخۆی‌ كورددا بێت و گره‌نتی‌ یه‌كڕیزی‌ كورد بكرێت و، رێگه‌ نه‌درێت به‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی‌ روویانداوه‌ له‌ئاكامی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ له‌كوردستان، بگۆڕدرێت بۆ كاره‌ساتی‌ ململانێی‌ ناوخۆیی‌ و شه‌ڕی‌ نێوان گروپه‌ كوردییه‌ چه‌كداره‌كان.

وتیشی:‌ "دواتر پێویسته‌ كورد وتووێژێكی‌ كراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست پێ بكات، هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر لێكترازانی‌ كورد بونیات بنرێت بێ سوودو جێی‌ دڵه‌راوكێ‌ ده‌بێت.. یه‌كێتی‌ ناوخۆی‌ كوردیش وابه‌سته‌یه‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیاردان و دوورخستنه‌وه‌ی‌ خزمخزمێنه‌ و گه‌نده‌ڵی‌ لێی‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ كورده‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ش ده‌روازه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ر چاره‌سه‌رێكه‌".

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ش پێویستی‌ به‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی هه‌یه‌ كه‌ توانای‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ هه‌بێت كه‌ به‌هۆی‌ ریفڕاندۆمه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌و جۆرێك له‌شه‌رعییه‌تی‌ هه‌بێت و جێی‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ كورد بێت و به‌رپرسیارێتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ئه‌ستۆ بگرێت.

هه‌روه‌ها پێیوایه‌، دروستكردنی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ پێویستی‌ به‌ رێككه‌وتنی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان و خۆ به‌دوورگرتن له‌ هه‌ستیاری‌ حزبی‌ و  زاڵكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتمانی‌ به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبه‌كان و بنه‌ماڵه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پێویستی‌ به‌ خۆلادان له‌ قسه‌و قسه‌ڵۆكی‌ لابه‌لاو بێ ئه‌نجام هه‌یه‌.

 "پێویسته‌ چاره‌سه‌ری‌ هه‌ڵه‌كان بكرێت و عینادی‌ نه‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر لێكه‌وته‌كانی‌ ریفڕاندۆم.. ئازایه‌تی‌ بریتی‌ نییه‌ له‌ سه‌ركێشیكردن به‌ گیان و رۆزی‌ خه‌ڵكییه‌وه‌، به‌ڵكو پێویستی‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ خود و هه‌نگاو نان به‌ره‌و چاره‌سه‌ری‌ خوازراو پشتبه‌ستوو به‌ده‌ستوور هه‌یه‌ له‌ به‌غداد"، به‌رهه‌م ساڵح واده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، هیچ بژارده‌یه‌ك نییه‌ جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ وتووێژ له‌به‌غدا له‌ڕێی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ عێراقی‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و وڵاتانی‌ هاوسێوه‌ پشتیوانی‌ لێبكرێت، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ چاره‌سه‌رێكی‌ پشتبه‌ستوو به‌ ده‌ستوور و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ریشه‌یی‌ نه‌ك خولانه‌وه‌یی‌ و دواخستنی‌ تا له‌قۆناغه‌كانی‌ داهاتوودا بته‌قێته‌وه‌

 به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت، په‌ند له‌رابردوو وه‌ربگیرێت، "كورد گه‌لێكی‌ ره‌سه‌نی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، به‌بێ داننان به‌مافه‌ شه‌رعییه‌كانیان، ناوچه‌كه‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ به‌خۆوه‌ نابینێت. به‌دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌پاندنی‌ ئه‌مری‌ واقیع و لۆژیكی‌ هێز هیچ سودێكیان نابێت. ئه‌مه‌ وانه‌ی‌ مێژووی‌ نوێی‌ عێراقه‌".

ناردنی بۆچوون

9 + 1 =