سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان؛

نامه‌ی سیراون بارزانی بۆ ئایه‌توڵڵا سیستانی

ناسەی هەواڵ: 4120922 -
سیروان بارزانی نامەیەکی ئاراستەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکات لە عێراق و داوای لێدەکات دەستوەردان بکات لە پێناو ڕاگرتنی خوێنڕشتن و هەرەس نەهێنانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان شیعە و کورد.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، لە نامەیەکیدا سیروان بارزانی نوسیویەتی "دەمانەوێت بە بەڕێزتان رابگەیەنین کە ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ڕودەدات لە ململانێی نێوان کورد و شیعە و پێکدادانە سەربازییەکان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بە هێچ شێوەیەک کارێکی خوازراو نییە".

سیروان بارزانی وتوویەتی "ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین کە فتوای بەڕێزتان بۆ پێکهێنانی حەشدی شەعبی بۆ وەستانەوە بووە بە ڕووی تیرۆریستانی داعش و تەکفیرییەکان و پارێزگاریکردن بووە لە ڕۆحی عێراقییەکان  نەک شەڕی گەلێکی سەلامەت لە کوردستان، هەروەها بە هیچ شێوەیەک فتوا نەبووە بۆ شەڕی برا کوردەکانتان، ئێمە ستایشی هەڵوێستی بەڕێزتان و فتوا حەکیمەکانتان دەکەیەن بۆ ڕاگرتنی خوێنڕێژییەکان".

لە بەشێکی تری نامەکەیدا سیروان بارزانی نوسیویەتی: "ئێمە دڵنیاین کە سەماحەتی بەڕێزتان تەواو ئاگادارە کە ئێمەی کورد و شیعە چیمان بەسەرهاتووە لەسەر دەستی سیستمەکانی پێشوو لە زوڵم و ملهوڕێ، ئێمە ڕێڕەوێکی هاوبەشمان هەبووە لە تێکۆشان لە یەک سەنگەردا لە دژی دکتاتۆریەت و جینۆساید، ناخوازین ئەو مێژووە دوورودرێژە بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی بشێوێنرێت، کە تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی بەلاوە گرنگە، پێکدادانەکان و شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان ڕۆڵەکانمان لە گۆڕەپانی جەنگ ئەوەیان دەرخست کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە".

سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ ئێمە و بەڕێزیشتان ئاشکرا بووە، ئەوانەی کە بەناوی مافەکانی گەلان و مرۆڤایەتی و دیموکراسییەوە قسە دەکەن، ئاگاداری ئەو هەموو ڕاستیانە نین، تەنها هەڵوێستیان بێدەنگی بوو لە ئاست بەردەوامبوونی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی."

هەر لەو نامەیەدا کە ئاراستەی سیستانی کردووە، سیروان بارزانی ڕایگەیاندووە "چاوەڕوانی ئەوە لە بەڕێزتان دەکەین کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان و هەرەسنەهێنانی پەیوەندییە مێژووییە هاوبەشەکانی نێوان کورد و شیعە و کارکردن لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە بە هۆی ڕوداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و ئاڵتون کۆپری و دوزخورماتوو لەنێوان ڕۆڵەکانی گەلەکەماندا دروستبووە".

لە کۆتایی نامەکەیدا سیروان بارزانی نووسیویەتی "ئەوەی لە بەڕێزتان چاوەڕێ دەکەین سەرباری پێکدادانە سەربازییەکان و شەڕەقسە و ئیستیفزازکردن لە ڕاگەیاندنەوەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، کە ئاماژەن بۆ قۆناغێکی داهاتووی مەترسیدار و ناتوانرێت گرەنتی بدرێت بە چارەسەری یەکلایەنە بۆیان ئەوەیە کە بێ دەستوەردانی یەکلاکەرەوەی بەڕێزتان و دەربڕینی هەڵوێستێکی نیشتیمانی لە پێناو پاراستنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە".

شەوی دووشەممە ١٦ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەورووبەری و دەستپێکرد و لەو هێرشەیاندا تاوەکو ئێوارەى ڕۆژی ١٦ى تشرینى یەکەم، ناحیەى تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەى سەربازیى کەیوان، فڕۆکەخانەى کەرکوک، کۆمپانیاى غازى باکوور  و چەند شوێنێکى تری شارى کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد.

ناردنی بۆچوون

7 + 2 =