عەبدولباری عەتوان:

نابێ جەنایەتەکانی هاوپەیمانی لە "ڕەقە" فەرامۆش بکرێت

ناسەی هەواڵ: 4120343 -
شرۆڤەکاری ناسراوەی جیهانی عەرەب لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵێکی ڕووسیا جەختی کرد کە نابی زنجیرە جەنایەتەکانی هاوپەیمانی ئەمریکایی لە پارێزگای ڕەقەی سووریا فەرامۆش بکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "العالم"، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری ناسراوەی جیهانی عەرەب لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری کەناڵی ڕووسیی "ڕاشاتۆدەی" لەبارەی سەخڵەتییەکانی بەردەم ئازادکردنەوەی شاری ڕەقە و ئیمکانی کەمکردنەوەی ئاستی قوربانیانی ئەو هەنگاوە وتی: دەکرا ڕێژەی قوربانیان لەوەی کە هەیە کەمتر بێت، ئێمە بەردەوام گرووپی داعش بە گرووپێکی دڕندە دەناسین و پێمان وایە ئەوانن کە خەڵکی دەکوژن. بەڵام گەر ئاورێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕەقە بدەینەوە بە ڕاشکاوی دەبینین کە هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا تەواو هێز و توانای خۆی لە ڕەقەدا بەکار هێناوە و ئەو کارە بۆتە هۆی وێرانیی ئەو شارە.

شرۆڤەکاری ناسراوەی جیهانی عەرەب وتیشی: لە قۆناغی دووهەمدا بە هۆی ئەو هێرشە بێ‌پلانانە هەزاران کەسی سڤیل گیانی خۆیان لە دەست داوە، بەوەشەوە کەس ئاماژە بەو کارەساتە نادات. ئەو سەرکەوتنە بە بەهای کوژرانی خەڵکێکی زۆر و وێرانیی شارەکە مسۆگەر بوو. فرۆکە جەنگییەکان ناوچەگەلی پڕحەشیمەتی شاریان بۆردومان کرد و خەڵکێکی زۆریان کوشتووە.

ئەو کارناسەی پرسی سیاسی لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری کەناڵەکە لەوەی کە ئایا بە گشت ئەو قوربانیانە و وێرانییە، دەکرێت ئازادکردنەوەی ڕەقە بە سەرکەوتنێکی گەورە بزانین، ڕایگەیاند: هاوپەیمانی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان کە هیچ شوێنێکیان بۆ خۆحەشادان نەبووە کردۆتە ئامانج. خەڵکی سڤیل لەو شەڕەدا هیچ هێزێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە ئاسمانیانە بە دەستەوە نەبووە.

عەتوان زیادی کرد: ڕاستە کە داعش گرووپێکی بێ‌ بەزەیی و دڕندەیە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت کە لەو شارەدا خەڵکی سڤیلیشی لێ‌بووە و دەبوو گیانی ئەو خەڵکە پارێزرابایە و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل دەبوو لە یەکەمایەتیی هەڵمەتەکان بایە. ئەگەر بڕوانینە شارەکانی دیکە سووریا ڕووداوەکان بەو شێوە نەبوونە. کاتێک حەڵەب ئازاد کرا ئێمە قوربانیانێکی سڤیلی کەمترمان بوو.

ناوبراو هەروەها لە وەڵامی پرسیار لە ئامانجی دواتری تیرۆریستانی داعش دوای کۆتایی پێکدادانەکان لە عێراق و سووریا، وتی: بە بڕوای من ٣ بژێرەیان لە بەردەمە، یەکەم؛ لەوێ دەمێننەوە و دەکوژرێن، دووهەم؛ دەچنە ناوچەیەکی دیکەی سووریا و عێراق و خۆیان لە ناو جەماوەری ئاساییدا حەشار دەدەن و سێهەم؛ لێرە دەروون و تێکەڵی یەکەکانی داعش لە ئەفغانستان، لیبیا، یەمەن و وڵاتانی دیکە دەبن و هەڵبەت لە ئێستادا نازانین بەغدادی خۆی لە کوێدا حەشار داوە.

ئاماژەی بەوەش دا: هەندێک دەڵێن کە ئەو ڕەنگە هێشتا لە ڕەقەدا مابێت و هەندێکی دیکە لە سەر ئەو بڕوایەن کە خۆی لە شوێنێکی دیکەدا حەشار داوە. بەڵام داعش چیتر پێگەکانی خۆی و بە تایبەت ناوەندی خەڵافەتەکەی لە دەس داوە. لام وایە کە داعش جۆرێک ئایدیالۆژیایە و ئێمە شایەدی بۆشاییەک لە عێراق و سووریاین. بەوەشەوە دەبێ چاوەروان بین بزانین کامە گرووپ ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە.

عەتوان ڕاشیگەیاند: نزیکەی هەزار سەربازی ئەمریکایی لە سووریادان، پلانی ئەوان لە داهاتوودا چی دەبێت. یان ئەوەی کە ڕەقە هێشتا نەکەوتۆتە دەست دەوڵەتی یاسایی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە زۆربەیان کوردن کۆنتڕۆڵی ئەو شارەیان بە دەستەوەیە، کۆمەڵێک پرسیاری دیکە دەورووژێنن وەک ئەوەی کە ئایا لە داهاتوودا شایەدی شەڕ و تێهەڵچوونی نێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەبین؟

جەختی لەوەش کردەوە: ڕەنگە ئێستا کاتی ئازادکردنەوەی ڕەقە بێت و داعش بنبڕ کرابێت، بەڵام ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە دواتر چ ڕوو دەدات. ئەوە گەورەترین پرسیارە. داعش دەچێتە کوێ و ئایا ئەوان درێژە بە هەڵمەتە نهێنییەکانیان دەدەن؟ ئایا ئەوان هێزەکانیان ڕێکدەخەنەوە و دەست دەدەنە هێرشی تیرۆریستانە؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە هەن و دەبێ وەڵامێکیان بۆ دەست نیشان بکرێت.

ناردنی بۆچوون

5 + 9 =