بافڵ تاڵەبانی:

دوای دانوستان گەیشتین بەو رێککەوتنەی سوپای عێراق بگەڕێتەوە

ناسەی هەواڵ: 4120137 -
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: بەتەواوی ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە کە دەدرێتە پاڵی سەبارەت بەرووداوەکانی کەرکوک، و دوای ڕۆژێک دانوستان گه‌یشتین به‌و ڕێککه‌وتنه‌ که‌ سوپای عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، تاڵەبانی، لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ی فەرەنسی، وتی بە تەواوی ئەو تۆمەتەبێ بنەمایانە رەت دەکەمەوە و بە درۆی دەخەمەوە، کە سەبارەت بەرێککەوتنی ئەو باس دەکرێـت لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ ھاتنی سوپا بۆ ناوکەرکوک"ئەوەی کە روویداوە، لە ئەنجامی سیاسەتی کورت بینی سەرکردایەتی کوردبوو".

وتیشی: لەو تراژیدیایەدا من پێشبینی ئەوەم دەکرد کە کوردەکان زیاتر یەکگرتوو بن نەک ئەو تۆمەتانە دروست بکەن، بەڵام بەداخەوە، چەندین لایەنی کوردی بریاریانداوە کە یەکتر تۆمەتبار بکەن و سەرنجەکان دوور بخەنەوە لەکێشە راستەقینەکە.

ھەروەھا ئەوەی خستەڕوو: لەماوەی چەند ساڵی رابردوو پێشمەرگە ناسراوە کە چۆن پارێزگاری لە کەرکوک کرد، ئەمە دۆسیەی ئەو کەسانەیە کە بەرپرسن لەو تراژیدیایە، چەندین سەرکردەمان لەدەستدا لەبەرگریکردن لە کەرکوک، ئەمجارە رووبەڕووی دوژمنێکی زلھێز بووینەوە.

وتیشی: "شێخ جەعفەر و ھەندێک سەرکردەی دیکە بریاریاندا بە تاکتیک بکشێنەوە دوای لەدەستدانی دەیان پێشمەرگە، ئەمەش راستیەکەیە ئەوەش باشترە لەوەی ھەزاران پێشمەرگە ببنە قوربانی من ستایشیان دەکەم بۆ ئەو بریارە".

ڕاشیگه‌یاند که‌ "ئەوانەی لەناو پارتەکەی من تۆمەتبارم دەکەن، منیش تۆمەتباریان دەکەم بە خیانەت، کە ئێمەیان گەیاندە ئەم بارودۆخە، من بە فەرمی داوام کردووە کە لێکۆڵینەوەیەک بکرێت، ئەمەوێـت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانیش بکرێـت ئایا ئەوان دەگونجێن بۆ ئەوەی سەرکردایەتی کورد بکەن".

 ھەروەھا ئەوەی خستەڕوو: "من پەلامای بارزانی نادەم، من شتێک ناکەم کاریگەری ھەبێت لەسەر یەکریزی کورد، من ئەو تۆمەتانە رەت دەکەمەوە، ریفراندۆم کۆتایی ئامانجەکە نییە، لەرۆژەکانی کۆتایی ریفراندۆم، برێت مەکگۆرک و بەرپرسانی ئەمەریکا، پرۆپۆزەڵێکیان خستەروو، کە گرەنتی مافەکانی ئێمەیان دەکرد، کە ریفراندۆم بکەین لەدووساڵی ئایندە بەڵام بە داخەوە سەرکردەکانی کورد، ئەمەیان بەھەند وەرنەگرت، ئەمە ھەڵەیەکی زۆر گەورەبوو".

سەبارەت بەرێککەوتنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، وتی: " لەگەڵ عەبادی چارەسەرێکی ناوەندیمان دۆزیوەتەوە ئەو ھانای بۆ ئێمە ھێناو ئێمەیش گەشتین بەو، ھەردوولامان گەیشتین بە چارەسەرێکی مام ناوەند، دوای رۆژێک دانوستان گەیشتین بەو رێککەوتنەی سوپای عێراق بگەڕێتەوە "

ئاشکراشی کرد که‌ "ئەو رێککەوتنە لە کۆی ٥٠ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتـی ٣٨یان واژۆ کردووە، چارەسەرێکی ناوەندییە بۆ پاراستنی کەرکوک بەڵام بەداخەوە، سەرکردەکانی کورد نەیان توانی بریارێکی راستەقینە بدەن."

ھەروەھا وتی که‌ "حه‌یده‌ر عەبادی چەندین جار ھەوڵی داوە بە ئێمە بگات، بۆ ئەوەی رێککەوتنی جیاوازبکەین، بۆ ئەوەی رێگەبگرین لە روودانی کێشە لە کەرکووک بەڵام دواهەمین چارەسەر ئەو پرۆپۆزەڵەی ئەمەریکا بوو کە لە دەستمان دا."
تاڵەبانی دەشڵێت: "زۆرئاسانە بۆ من روو وەرچەرخێنم و ئەوانی دیکە تۆمەتبار بکەم، ئێمە چەندین شەھیدماندا لە کەرکوک، نیگەرانم لەوەی بێرێزی بە شەھیدەکانی یەکێتی دەکرێت، رەخنە لەوانەش دەگرم بەبێ ئەوەی تەقە بکەن چەندین ناوچەیان تەسلیم بە عێراق کرد ئەگەر ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق کردبێت ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ کێ کرد کشانەوە".

سەبارەت بەمەترسی شەڕی ناوخۆ، بافڵ تاڵەبانی، باس لەوەدەکات، ھەمیشە من مەترسی خوێن رژانم ھەبووە، ئێمە حەزمان لەوەنییە، ھەنگاو بۆ پێشەوە دەنێین، ھەنگاو بۆ پێشەوە بە یەکریزی دەبێت زیاتر لەھەرکاتێک پێویستمان بە یەکریزییە، من بەشێوەیەکی راستەوخۆ وەڵامی ئەو ھەموو بانگەشەو تۆمەتانەی ھەندێک میدیاکان نادەمەوە، ئەمان ھێرش دەکەنە سەر من و یەکێتی تۆمەت دروست دەکەن بۆ سەرکردەکانمان کەبەرگرییان لە کەرکوک کرد.

لە کۆتاییدا ئه‌وه‌شی وتووه‌ که‌ "گەلی کورد پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات پێویستە دیالۆگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ بکەین، بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە."

ناردنی بۆچوون

3 + 4 =