ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نایاساییە

باڵوێزی عێراق لە ئێران لە کاردانەوە بە گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی هەرێمی کوردستان وتی: پارێزگای کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە و هەرێمی کوردستان بۆی نییە بە زۆرەملێ داگیری بکات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕاجح سابر ئەلمووسەوی باڵوێزی عێراق لە تاران سەر لە بەیانیی ئەوڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم باڵوێزی ئەو وڵاتە بە ئاماژە بەوەی کە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور هەنگاوێکی نایاساییە، ڕایگەیاند: پارێزگای کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە و هەرێمی کوردستان بۆی نییە بە زۆرەملێ داگیری بکات.

باڵوێزی عێراق لە تاران وێرای ڕەت‌کردنەوەی دەنگۆی ڕێزکردنی هێزی سەربازیی عێراق لە شاری کەرکووک، ڕاشیگەیاند: بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بووە هۆی لاوازبوون و بە فیرۆچوونی هەوڵی دەوڵەتی عێراق و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە و بشێوی لە ناوچەدا.

ناوبراو هەروەها پاگەندەی خرانە پەراوێزی کوردەکان لە بەستێنی سیاسیی عێراقی ڕەت ‌کردەوە و وتی: کوردەکان لە حکوومەتی ناوەندیدا هاوبەشن و زۆربەی پۆستەکان و لەوان پۆستی سەرۆک کۆماری بە کوردەکانە. ئەو داپەڕانەی کە دەوڵەتی ناوەندی لە دژی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گرتوویەتییەبەر، هاووڵاتیانی کوردمان ناگرێتەوە، بەڵکوو لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی حکوومەتی هەرێم و پاراستنی تەواوەتی سەرزەوینیی عێراق ئەنجام دەدرێت.

ڕاحج سابر ئەلمووسەوی لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی وتەیەک لە ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق سەبارەت بە داخرانی سێ سنووری زەوینیی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئەو سێ سنوورە داخراون و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش داکۆکی لە داخرانی ئەو سنوورانە لە گەڵ کوردستان کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا: لە پرسی هەرێمی کوردستاندا عێراق و دەوڵەتانی تورکیا و ئێران هاوئاهەنگیی تەواویان هەیە.

باڵوێزی عێراق لە تاران لەبارەی سنوورێکی نوێ کە بڕیارە لە نێوان ئێران و عێراق بکرێتەوە، ڕوونی کردەوە: من ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو سنوورە نیم بەڵام بەغدا پەیوەندییەکی بازرگانی گونجاوی لە گەڵ دراوسێکانی هەیە و لە کۆڕبەندێکدا کە لەم دواییەدا لە پەیوەندی لە گەڵ بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق بەڕیوەچوو، بابەتی زۆر گرینگ خرایەڕوو کە هیوادارم بە هەوڵێکی هەمەلایەنە جێبەجێ بکرێن.

ڕاجح ئەلمووسەوی زیادی کرد: لە ئێستادا سێ سنووری مێهران، چەزابە و شەلەمچە خەریکی خزمەت‌گەیاندن و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی سنووری خوسرەوی-ش خراوەتەگەڕ.

News Code 13722

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =