ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر بۆ کۆچی دوایی مام جەلال؛

ماڵئاوا پریزیدنت/بۆشاییەک کە بە مزوانە پڕ نابێتەوە

ناسەی هەواڵ: 4104780 -
مەرگی مام جەلال لە رۆژانی سەخڵەتی دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە ئایا مەرگی هۆکاری ئاشتەوایی عێراق، دەتوانێ ببێتە هەوێنێک بۆ هاوڕیزی و گفتوگۆی دووبارەی بەغدا و هەولێر؟

ئاژانسی هەواڵی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی کوردی، ئەمجەد غوڵامی: مام جەلال کۆچی دوایی کرد، هەواڵێک کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بوو بە مانشێت و ڕەت کرایەوە. لە هەمووی ئەو ساڵانەشدا غەیابی لە کەشی داڕماوی سیاسیی عێراق، وەک خەسارێکی گەورە سەیر کراوە کە تا ئێستاشی لە سەر بێت، جێگای پڕ نەبۆتەوە. ئەمە نە تەنیا لە لای هاوڕێیانی داکۆکی لێ‌کراوە، بەڵکوو لای یەکە یەکەی ئەوانەی پەرۆشی دۆخی رۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و عێراق بە تایبەتیان هەیە و پەیجۆری پرسی کورد لە عێراقن، ئەم وتەیە پشت‌ڕاست کراوەتەوە.

جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و پێشمەرگەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی و سکرتێری گشتیی ئەو حزبە پاش جەڵتەی مێشک لە ساڵی ٢٠١٢ و گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا لە ساڵی ۲۰۱۴، بە هاتنی بۆ ئێران بۆ جارێکی دیکە بووەوە بە مانشێتی میدیا ناوخۆییەکانی هەرێم و جیهان؛ ئەگەرچی ڕاگەیاندنەکان سەفەری ئەویان بە سەفەرێکی نافەرمی و بە مەبەستی پشوودان زانی، بەڵام ئەو سەفەرە سەفەرێک بوو بۆ زیندووبوونەوەی ناوی کەسێک کە بەردەوام ناوی بە پرستیژی سیاسی و مێژوویی رۆژهەڵاتی ناڤین گرێی خواردووە و خاوەن ئەزموونیکی هەفتا ساڵەی خەبات، سیاسەت و دیپلۆماسی لە ناو کورد و عێراق بوو.

ئەو سەفەرە ڕەنگە گرینگترین هەواڵێک لە مام جەلال پێش لە کۆچی دوایی بێت، سەفەرێک کە بە وتەی رۆژنامەی "القدس العربی" لەو رۆژانەدا، "هێمایەک بوو بۆ بیرهێنانەوەی ڕۆڵی بەرچاو و مێژوویی کەسێک کە خاوەن پێشینەیەکی دوورودرێژە لە بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی عێراق؛ قەیرانگەلێک کە هەر خۆی سەرچاوەی لە قەیرانی تایفی و مەزهەبی و ئەیتنیکی گرتووە".

مام جەلال کاتێک دوای شەست ساڵ جلی پێشمەرگایەتیی بە جلی سیاسی و دیپلۆماسی گۆڕی، بەردەوام لە پێناو ئاشت‌کردنەوە و لێک‌نزیک‌کردنەوەی شیعه، سوننە و کوردی عێراق هەوڵی دا و بەو پێیە شەمەندبوونی ڕۆڵی کورد لە ژیانی سیاسیی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژیمی سەدام لە سای ئەودا مومکین بوو.

ئەم وتانە کاتێک زیاتر هەست پێ دەکرێن کە لە ٥ ساڵ غەیابی ئەو لە سیاسەتی عێراق و ڕووداوەکانی ئەم ساڵانە دەڕوانین، ئەوسا هەست بە کەمایەسیی ئەو سیاسەتوانە، پێشمەرگە، دیپلۆمات و ڕێکخەرە هەمیشە ئەسەفێک بووە بۆ چاودێرانی سیاسیی عێراق و کوردستان. بە چەشنێک کە نێچیرڤان بارزانی لە پەیامی سەروخۆشییەکەی بۆ کۆچی مام جەلال، ئاماژەی بەو بۆشاییە مەزنە کردووە و دەڵێت: مام جەلال وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا، لە هەوڵ و ململانێیەکی سەختی بەردەوامدا بوو بۆ جێبەجێکردن و پاراستنی دەستوور. بەهۆی پێگە تایبەتییەکه‌یه‌وه لای هەموو هێزە عێراقییەکان و بەهۆی لێهاتوویی خۆییه‌وه تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری لە پێشێلکردنی بنەمای تەوافوق و پشتگوێ خستنی دەستوور دەکرد، هەر لەبەرئەوەش دەبینین دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دوورکەوتنەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆماری لە بەغدا، پێشێل‌کردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق لە عێراق زۆر زیاتر بوو، ئەنجامی ئەوەش پەککەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و کارەسات و ماڵوێرانییەکی زۆر بوو بۆ هەموو عێراق. مام جەلال بەو شێوە کارکردنەی خۆی لە سەرۆکایەتیی کۆماردا، ببووە خاوەن نێوبانگێکی جیهانی.

لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ سەرۆک کۆماری

مام جەلال لە دیدارێکی "٣٦٠ خولەکی" لە گەڵ عومەر شێخ موس سەبارەت بە هاندەرانی بۆ چوونە ناو خەبات و سیاسەت دەڵێت: لە منداڵیدا ڕووخانی کۆماری کوردستان زۆر کاری لێ‌کردم، وەک تەعزییە بوو، ڕیشم نەبوو تا ڕیش بهێڵمەوە، ئەوە یەکەم ڕووداو بوو و دووهەم ڕووداوی سیاسیش دەربەدەربوونی بارزانی و ئاوارەبوون و سواڵکردنی ژنانی بارزانی لە کۆیە بوو.

دەشڵێت: سروودەکانی خوێندنگە، ڕووداوی سێهەم بوون و بەو هۆیەی کە هەموو رۆژێک یەکەم کەسی سروود خوێندنەوە بووم، تەواو ئەو شێعرانەم لە بەر دەکرد کە هی حاجی قادر و کوردایەتی بوون.

ئەم سێ ڕووداوە لە دواساڵەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم گەنجێکی شۆڕشگێڕیان هان دا کە لە پەنای هاوخەمیی بۆ بزووتنەوەی کوردی ئێران، عێراق و تورکیا لەو ساڵانەدا، بەردەوام بە دوای شوناسی نەتەوایەتیی خۆی لە مێژووی و ئەدەبدا بگەڕێت. مام جەلال هەر لەو دیمانەیەدا ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن خوێندنەوەی ئەدەبی ڕایکیشایە ناو خوێندنەوەی سیاسی و مارکسی و لەو رێگاوە کەسایەتییەکانی سیاسی وەک هێمایەک لە ژیانیدا بیچمیان گرت و بوونە هەوێنی ژیانی سیاسیی.

لە کتێبی "دیداری تەمەن"دا لە لێدوانێک بۆ سەلاح ڕەشید ئەو وەرچەرخانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم و دەڵێت: لە ساڵی ١٩٤٧ کەوتمە دنیای سیاسەتەوە، سیاسەتی ڕێکوپێک، سیاسەتی ڕێکخراوەیی؛ لەو ساڵەدا بوومە ئەندامێکی چالاکی پارتی.

ئەم سەرەتایە تا ساڵی ٢٠٠٥ لە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی دوای ڕووخانی سەدام و وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری یاسایی هەڵبژاردراو لە مێژووی عێراق، رێگایەکی پڕ هەوراز و نشێوە کە نزیکەی شەست ساڵ خەباتی شاخ و بەشداریی لە چرکە بە چرکەی سیاسەتی بەرەنگاری و سیاسەتی نەهێنی و رۆژنامەگەری و زیندان و تاراوەبوون و پێشمەرگایەتی و دامەزرانی حزب و هەتد لە خۆ دەگرێت، ساڵانێک کە بە وتەی خۆی: لە سەرلەبەریدا وەکوو خەتی شەمەنەدفەر دوو خەتی گرتۆتە بەر، یەکیان رێگای خەباتی رزگاریخوازیی کوردستانو کوردایەتی و دووهەمیان بیروباوەڕی چەپ و سۆشیالیزم بووە.

بەڵام لە پەنای ئەو دوو خەتە کە تەواو تەمەنی بۆ تەرخان دا، وەک لە وەڵامی پرسیاری سەلاح ڕەشید دەڵیت، بەردەوام خۆزگەی خواستووە کە ئاواتی دێرینەی سەرکەوتنی کورد لە عێراق بە ئەنجام بگەیێنێت و پاشان بە ئاسوودەیی تەقاویت بێت و لە جێیەک دانیشێت بۆ نووسینەوە و گەڕانەوە بۆ سێهەم هۆکاری هاندەری بۆ چوونە ناو جیهانی سیاسەت.

سێهەم جیهانێک کە ئەگەرچی هیچکات دەرفەتی گەیشتن پێی بۆ نەڕەخسا، بەڵام بەردەوام هەوڵی دا لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا جێگایەکی بۆ دەستەبەر بکات و نەهێڵێ ئەویش بە دەردی ئاش بەتاڵی و داڕمانی سیاسییدا بچێت، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە میانەی فێستیڤاڵی گەلاوێژی ئەو ساڵە لە دانیشتنێک کە لە گەڵ میوانانی ئەو فیستیڤاڵە بووی، ئەو مژارەی بیر هێنایەوە و وتی: "من تا بووم پاڵپشتیم لە قەڵەمی نووسەران کردووە و بەردەوام هانم داون بۆ ڕاست‌بێژی و ڕەخنەگرتن" و وتیشی: جار بووە کە قەڵەمی نووسەران دڵی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێشاندووە، بەڵام ئەو هەر خۆی پاڵپشتی لە نووسەران کردووە و چاپی کتێبەکانی "سەگوەڕ"ی محەمەد موکری و "مەلازم تەحسین"ی فەرهاد پیرباڵ سەلمێنەری ئەو هەڵوێستەیین.

بۆشاییەک کە بەمزووانە پڕ نابێتەوە

بە وتەی ئیرەج کەشکۆڵی لە کتێبی "ڕوانینێک لە ناوەوە لە بزووتنەوەی چەپی ئێران"، گرووپی هاوێری تاڵەبانی حزبی و نوێنەری ئەندێشەی شارۆمەندی بوون. ئەو دابەشکارییە لە نێوان دوو باڵی سیاسیی کوردی لە عێراق وەک دابەشکردنی باڵی عەشیرەیی و نەریتی و باڵی پێشڕەو و ئایدیالۆژیک، شوێنێکە کە بۆ یەکەمجار ڕەوتی حیزبایەتی بە بزووتنەوەی کورد دەبەخشێت و لەمناوە ناوی تاڵەبانی وەک سازێنەر و ناوبژیکاری سەرەکیی ئەو ڕەوتە بەرچاوە.

مام جەلال لە ساڵانی ۱۹۷۵ و دوای ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی کوردی بەشێک بووە لەو ڕەوتەی کە بۆ یەکمجار پرسیاریان لە چیەتی و چۆنایەتیی خود بزووتنەوەکە خستەئاراوە و بۆ یەکەمجار پێناسەیەکی نوێیان بە بزووتنەوە بەدەر لە چەمکی جەوهەریی کوردایەتی بەخشی و هەوڵی مۆدێرن کردنەوەی ئەو بزووتنەوەیەی دا و لەوبارەوە مامۆستا جەعفەر لە کتێبی "مام جەلال"دا بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی دوو سیفەتی مۆدێرن بوون و کاریزمابوون لە مام جەلال-دا، دەنووسێت: هەڵبژاردنی مام جەلال بۆ سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیوەندی نەبووە بە تەمەن و سەروەت و سامان و ژمارەی هیز. بەڵکوو بە هۆی ئەوە بوو کە ئەو لە ناو هەڤاڵەکانیدا بە ئەزموونترین و قاڵترین سەرکردەبوو. لە ڕووی تیۆری و زانیاریی سیاسییەوە شارەزاترین کەس بوو و لە ڕووی پەیوەندی دەوڵەتی و ناوچەییەدا خاوەن چڕوپڕترین پەیوەندی و ڕایەڵ بوو...

هەوڵەکانی مام جەلال بۆ پەیوەندی گرتن بە کەسایەتییە سیاسییەکانی وەک جەماڵ عەبدولناسر، حافز ئەسەد، قەزافی، ئیمام خومەینی (رە)، یاسر عەرەفات، جۆرج حەبەش و ... لە سەردەمی پێشمەرگایەتی و سەردانی وڵاتانی ئەورووپی، سوڤیەت، چین، سووریا، ئێران و ژیانی ٢٥ ساڵەی لەم وڵاتەدا لە قەوارەی خوێندکار و چالاکی خوێندکاری و شۆڕشگیر هێمایەکن بۆ ئەزموون و تاقیکاری و پەروەردەی سیاسی ئەو.

مامۆستا جەعفەر ئاماژە بەوەش دەدات کە: دەرکەوتنی مام جەلال دەرکەوتنێکی کلاسیکی و ڕۆتینی و باو نەبوو، هەر لە سەرەتاوە دەیەویست خوێندنەوەی مۆدێرن و چەپ و زانستیی بۆ ڕووداوەکان هەبێت. لە لایەکی دیکەوە دەیەویست زمانی هەژار و چەوساوەکان بێت و پارێزەری مافی ڕەوایان بکات و نوێنەرەوەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ویژدانی زیندووی کۆمەڵانی خەڵک بێت ... دیارە ئەمە لەو قەناعەتەوە هاتووە کە [پێی وابوو] بزووتنەوەی رزگاری کورد لە عێراق نابێ لە چوارچێوەی تەسک و داخراودا خۆی قەتیس بکات.

ئەم شێوە ڕوانینە بۆ خەباتی سیاسی وەک بوونی چاوەدێرییەکی ڕەخنەگرانە و دڵسۆزانە بە سەر چەمکی کوردایەتی یەک لەو ڕەهەندانە بوو کە دەرگای لە ڕووی ئەفسانەیی کردنی بزووتنەوەی کورد داخست و ئەو هەلەی ڕەخساند کە کورد لە عێراقدا لە دەلاقەیەکی سیاسیەوە بڕوانێتە ئێستا و داهاتووی خۆی. "کورد بوون" بە لای مام جەلالەوە وەک لە وتووێژ لە گەڵ عومەر شێخ موس دەڵێت: نە مایەی شانازییە بە سەر میللەتێکی تردا و نە هۆکاری خۆ بەکەم زانینە. ئەگەر وەک یەکێک لە قولەڕەشەکانی ئەفریقاش دروست بام، هەر هەمان هەستم دەبوو، لە بەر ئەوە من وەک شتێکی سروشتی دەیبینم کە کوردم، نە هەست بەکەمی دەکەم کە کوردم و نە هەستیش بە فەخر و خۆ بە زلزانی دەکەم کە بە کورد دروست بووم ... بەڵکوو بە ڕووداوێکی مێژوویی دەبینم، وەک ئەندامێک دروست بووم لەو نەتەوەیە.

تاڵەبانی ئەمشێوە لە ڕوانینە بۆ کورد بارگاوی دەکاتە سەر ڕوانینێکی سیاسی و لای وایە کە ئەو "کوردبوونە" دەبێت لە رێگای بزووتنەوە و هەوڵی سیاسییەوە و بە ئاوردانەوە لە مانا مۆدێرنەکانی دەوڵەت و ژیانی سیاسی هەوڵ بۆ کەرامەتی خۆی بدات، بە بێ ئەوەی نکۆڵی لە گەلانی دیکە بکات.

هەر بۆیە بە بڕوای مام جەلال ئەوەی کورد لە ئێستادا دەیەوێت نەک سەربەخۆیی بە مانا کۆنەکەی بەڵکوو دیموکراسییە و دەشڵێت: دیموكراسیم پێ زەحمەترە لەسەربەخۆیی، بۆنموونە بەرەئی من دیموكراتی بۆ عیراق و حوكمی زاتی بۆ كوردستان زۆر زەحمەت‌ترە لە ئیستقلالی كوردستانی عیراق، چونكە یەكەم هۆكار ئەوەیە كە دیموكراسی وەرگرتنەوەی هەموو سوڵتەیە لە بەغدا، بەس یەكێكی وەكوو سەدام بەشێكی عیراق لە كیس بچێ لەوە باشترە لەوەی هەموو عیراقی لە كیس بچێت ... بێگومان ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی كۆمەڵگەی دەسەڵاتدار و كۆمەڵگەی ژێر دەست، كۆمەڵگەی دەسەڵاتدار خۆی دەهێڵێتەوە، بەڵام شەڕ لە سەر خۆی دەكات.

ئەم ڕوانینە بۆ سیاسەتی عێراقە کە هەڵبژاردرانی لە ساڵی ۲۰۰۵ بۆ سەرۆک کۆماریی عێراق دەکاتە خاڵی وەرچەرخانی سیاسی لە عێراق؛ مام جەلال ڕەنگە لەو دۆخە سامناکەی دوای ڕووخانی سەدام باشترین بژێرە بوو بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی لە نێوان کورد و سوننە و عەرەب. کەسێک کە ۲۲۷ دەنگی لە کۆی ۲۴۸ دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە دەستهێنا؛ هیچکات لە ئارەزووی بۆ دیموکراسی لە عێراقدا کۆڵی نەدا و بۆ سەلماندنی مکوڕیی بۆ دیموکراسی هیچکات حوکمی لە سێدارەدانی سەدامی واژۆ نەکرد و ڕایگەیاند: من پارێزەرم و بەڵێنیم داوە کە هیچکات پشتگری نەکم لە حوکمی لە سێدارەدان.

ئەم هەڵوێستانەیە کە رێگەنادات عێراقی دوای سەدام هەست بە کەمایەسیی رێبەر بکات. بەڵام نەبوونی لە دەسەڵاتی عێراقدا لە دوای ساڵی ٢٠١٢ ئەو هەستە کۆنەی بووژاندەوە و بە شێوەیەکی دووقاتە بە سەر ئەو خەڵکەیدا ڕووخاندەوە.

بەوەشەوە ڕەوتی مام جەلال لە سیاسەتی عێراق ئەزمونێکی تایەکارییە کە دەکرێت وەک وانەی سیاسەتی هاوژینی چاوی لێ بکرێت. ژیانێک کە بە وتەی بەرهەم ساڵح لە پەیامی سەرەوخۆشییەکەیدا بۆ کۆچی ئەو سەرکردە ٨٤ ساڵەیە، "تۆماری میژووی ھاوچەرخی کورد و ڕۆژھەڵاتە، لە خوێندکارییەوە بۆ گەنجترین سەرکردایەتی، لەپیشمەرگایەتیەوە بۆ یەکەمین سەرۆککۆماری کورد، لە شۆڕشی گەمارۆدراوی کوردستان و لەچیاکانەوە بۆ ئاستی سەرکردەکانی جیھان. ئازا لە ڕووبەڕووبونەوەی تەحەداکاندا  ھەمیشە پڕ لە ھیوا و ئومید،کێوێک بوو لە وورە و بڕوابوون بوو بە سەرکەوتن".

ئەو لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام هەوڵی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی دا. لە نێوان گەلانی عێراق و لە نێوان گەلانی دراوسێ. تەنانەت هەواڵی لێک نزیککردنەوەی و ناوبژیگەریی ئێران و ئەمریکای لە ئاستی باڵوێزدا سەبارەت بە پرسی ئاسایشی عێراقی دا.

ئێستاش کە لە هەرێمی کوردستاندا ٧ رۆژ ماتەمین بۆ مەرگی مام جەلال ڕاگەیێندراوە و حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەیەکدا ٣ رۆژ ماتەمینی بۆ عێراق دیاری کردووە، هەموو چاوەروانن کە بزانن ئایا مەرگی هۆکاری ئاشتەوایی عێراق، دەتوانێ لەم رۆژە سەخڵەتانەی دوای ڕیفراندۆم و بڕیارە سزادەرانەکانی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر کورد، دەبێتەوە بە هەوێنێک بۆ هاوڕیزی و گفتوگۆی دووبارەی بەغدا و هەولێر؟

ناردنی بۆچوون

8 + 9 =