په‌یامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ کۆچی دوایی مام جه‌لال

بۆ كۆچی دوایی مام جه‌لال سه‌ركرده ‌و سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسه‌نامه‌و هاوخه‌می راده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆكی پێشووی عێراق، مام جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌كه‌ی و خه‌ڵكی عێراق و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان کرد.

 ئه‌مه‌ش ده‌قی پرسه‌نامه‌كه‌یه‌:

نوسینگه‌ی راگه‌یاندن

لێدوانی رۆژنامه‌وانی

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆكی پێشووی عێراق، مام جه‌لال تاڵه‌بانی:" سه‌ركرده‌یه‌كی مێژوویی و تێكۆشه‌ر له‌ پێناو مافه‌كانی گه‌لی كورد و دیموكراسی و ده‌نگێكی پێشه‌نگیش له‌ لێكتێگه‌یشتن و رێزگرتنی هاوبه‌ش له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوو ".

به‌غدا، عیراق، ۳ی ئۆكتۆبه‌ری ۲۰۱۷- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، به‌ڕێز یان كۆبیش پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی راگه‌یاند به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆكی پێشووی عیراق و دامه‌زرێنه‌ر و پێشه‌وای یه‌كێتی نیشتمانی، سیمبولی مێژوویی له‌ تێكۆشان له‌ پێناو مافه‌كانی گه‌لی كورد دژ به‌ دیكتاتۆریه‌ت و له‌ پێناو دیموكراسی و ده‌نگێكی پێشه‌نگیش له‌ میانڕه‌ویی و دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن و ڕێزگرتنی هاوبه‌ش له‌ سیاسه‌تی هاوچه‌رخ له‌ عێراق".

له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان وتی" هه‌ست به‌ خه‌مباریه‌كی قوڵ ده‌كه‌ین به‌ كۆچی دوایی به‌ڕێز تاڵه‌بانی، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتمانیی و مێژوویی و پیاوی ده‌وڵه‌ت و نیشتمانپه‌روه‌رێك بوو به‌ دانایی و تێڕوانینێكی دانسقه‌وه‌ . هه‌ر له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی رووبه‌روونه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌شتاكان و تا گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوو، "مام جه‌لال" له‌ پێناو وه‌ده‌ستهێنان و پته‌وكردنی مافه‌ نیشتمانییه‌كان كاری كردووه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ عێراقێكی فره‌یی و یه‌كگرتوو هه‌موو پێكهاته‌كان تیایدا به‌ ئاشتی و یه‌كسانی و ته‌بایی ده‌ژین"

به‌ڕێزیان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی وتی" تاله‌بانی به‌ شانازی یاد ده‌كرێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌رێكی چاونه‌ترس بوو له‌ پێناو مافه‌كانی كورد دژ به‌ سته‌می رژێمی سه‌ركوتكه‌ر له‌ هه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نۆهه‌ده‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌و سیاسیه‌كی پراگماتی و سیمبولێكی نیشتمانیی بوو له‌ عێراقی نوێ و به‌شدار بوو له‌ چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت و و فیدرالیه‌ت له‌ وڵاتدا له‌ میانیی ده‌ستوری نوێی عێراق كه‌ به‌شدار بوو له‌ ئاماده‌كردنیدا، یه‌كه‌مین سه‌رۆكی نوێش بوو له‌ عیراق كه‌ به‌ دیموكراسیانه‌ هه‌ڵبژێردرابوو.."

هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان وتی "مامجه‌لال" مافه‌كانی گه‌لی كوردی له‌ قوڵایی دڵیه‌وه‌ داده‌نا و زۆربه‌ی ته‌مه‌نی خۆشی له‌پێناو ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌سه‌ر برد، له‌هه‌مان كاتیشدا وه‌فادار بوو بۆ ناسنامه‌ی خۆی وه‌كو عێراقیه‌ك، شوێنێكی دروستیشی بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر كرد له‌ عیراقێكی ئازاد و یه‌كگرتوو و دیموكراسی."

ده‌مه‌وێت پرسه‌ و سه‌رخۆشی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌كه‌ی و خه‌ڵكی عێراق و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م و هه‌روه‌ها ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش بكه‌م كه‌ دامه‌زرێنه‌ر و پێشه‌وای بوو.

News Code 13356

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =