جێگری جەهەپە:

ئەمریکا لەو ئاستەدا نییە عێراق دابەش‌ بکات

ناسەی هەواڵ: 4094083 -
جێگری پارتی کۆماری گەلی تورکیا (CHP) بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا لەو ئاستەدا نییە کە عێراق دابەش بکات، وتی: کەرکووک هی خەڵکی عێراقە و بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی مێهر، گرووپی نێونەتەوەیی – پەیمان یەزدانی: سەرەڕای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێی عێراق لە گەڵ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەنگۆگەلێک سەبارەت بە دواخستنی ڕیفراندۆم لە ئەگەری پێشنیاری بەدیلی باش لە لایەن مەسعوود بارزانی-یەوە خرایە ڕوو.

بەڵام هەرێمی کوردستان تا ئێستاشی لە سەر بێت، مکۆرە لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە عێراق لە رۆژی ٢٥ سێپتامبر و ئەگەری ئەوە هەیە کە هەنگاوێکی لەو چەشنە ببێتە هۆی ناسەقامگیری و ناکۆکی لە ناوچەدا.

بۆ ڕوون کردنەوەی لایەنەکانی ئەو پرسە، هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ "عوسمان فارووق" ئەندامی باڵای جەهەپە ئەنجام داوە کە لە خوارێدا دەیخوێننەوە. عوسمان فارووق بەر لە خانەنشین بوونی لە ساڵی ۲۰۰۶ باڵوێزی تورکیا لە دانیمارک و کۆماری ئازەربایجان بووە:

* ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لە ٢٥ی سێپتامبر نزیک دەبێتەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دژی ئەو ڕیفراندۆمە هەڵوێستیان گرتووە. بەڕێووەچوونی ڕیفراندۆم لە سەر حزبە ناوخۆییەکانی کوردستان چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

ـ لە ئەگەری بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆم، ڕاستییەکی نوێ لە ناوچەدا سەرهەڵدەدا، تەواو گرووپە کوردییەکانی عێراق و لایەنگران و بەشداربووانی ڕیفراندۆم پێگەی خۆیان لێک دەدەنەوە. لە ئەگەری دەرهاتنی دەنگی ئەرێنی لە سندووقەکان لە قۆناغی دواتر، ناکۆکییەکی نوێ لە نێوانیان سەر هەڵدەدا. لە کاتێکدا ناکۆکییەکان لە نیوانیاندا لە سەر داهاتووی خۆیان و داهاتووی عێراق درێژەی هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە زیاتریش دەبێت، ئەو ڕیفراندۆمە دەبێتە هۆی هاتنەئارای هەستێکی لە ڕادەبەدەر خۆگونجێنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە نێوان کوردەکاندا.

لە دەلاقەی ناوچەییەوە زیاترین کاریگەریی ئەو ڕیفراندۆمە لە سەر کوردەکانی سووریا دەبێت کە بە دوای ئۆتۆنۆمی لە وڵاتی خۆیانن. خۆباوەڕیی ئەوان لە خستنەڕووی داواکاری و چاوەڕوانییەکان لە دانوستانەکانی هاوپەیوەند بە داڕشتنی داهاتووی سووریا پەرە دەستێنێت. بۆ کوردەکانی دانیشتووی وڵاتانی ناوچەش ئەو گوتارە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە گوتاری ئەواندا و تەشەنەدان بە پرسەگەلی هاوپەیوەند بە کوردەکان لەو پارچە وڵاتانەی وا تێیدان.

* بە ئاوڕدانەوە لە دژایەتیی توندی بەغدا و بە تایبەت حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە بە مانای یاری بە ئاگرکردن دەزانێت، ئایا ئەگەری ئەوه هەیە کە بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە نێوان بەغدا و هەولێر ساز بێت؟

ـ نا، پێم وانییە شتی وا ڕوو بدات. سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە بژێرەی سەربازیی لە ئەگەری سازبوونی توندوتیژی لە کاتی ڕیفراندۆم یان پاش ئەو ڕیفراندۆمە خستۆتە ڕوو. بە دڵنیاییەوە لە ئەگەری سازبوونی توندوتیژی (لە کوردستاندا) و کاردانەوەی سەربازیی سوپای عێراق لە دژی، کۆنتڕۆڵی دۆخەکە زۆر سەخڵەت دەبێ. خودی بارزانی هەڕەشەی بە کارهێنانی بژێرەی سەربازیی لە دژی ئاژاوەچییەکان کردووە، کەواتە بە دڵنیاییەوە هەڵومەرجێکی ئاوا زۆر هەستیار و ئاڵۆز دەبێت. هەر بۆیە بارزانی هەرچی لە دەست بێت لە پێناو متمانەدان بۆ ئارام بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە دەیکات و لە ئەنجامدا ڕیفراندۆم رۆژی ٢٥ی سێپتامبر بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەڕێوە دەچێت.

* ئەمریکا و بەریتانیا دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمن. ئایا ئەوان هەر بە ڕاست دژی جیابوونەوەی هەرێم لە عێراقن و یان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئێستا کاتێکی گونجاو بۆ ئەو کارە نییە؟ هۆکاری دژایەتین لە گەڵ ڕیفراندۆم چیە؟

ـ پێدەچێت کە ئەوان بە ناچار دژی ڕیفراندۆم بن. چونکا ئەوان خۆیان بۆ سپاندنی گەمارۆ لە دژی هەولێر ئامادە نەکردووە. ئایا ئێوە تا ئێستا شتێکتان لەبارەی گەمارۆ سەپاندنە سەر هەولێر لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە بیستووە.

* کاردانەوەی شیمانەیی تورکیا بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چیە؟ ئایا ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر هەیە؟

ـ سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانی ئەمدواییەی خۆیدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە لایەن بارزانییەوە، ڕێوشوێنێکی توند هەمبەر بە هەولێر دەگرێتە بەر. بڕیار بوو ئەو داپەڕە لە دانیشتنی دەوڵەتی تورکیا لە بەرواری ٢٢ی سێپتامبر کە دواتر خرایە ٢٧ی هەمان مانگ تاوتوێ بکرێت.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی تورکیا، یێڵدریم وتبووی بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە پرسی ئاسایشی تورکیایە و هەر بۆیە ڕەنگە تەواو بژێرەکان لە لایەن تورکیاوە لە سەر میز بێت. بە واتایەکی دیکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە داخوازییە ڕەواکانی هەولێر سەبارەت بە ناکۆکییە هاوپەیوەندەکان بە دەستووری عێراق دەبێ لە رێگای گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت.

* ئەمریکا بژێرەیەکی دیکەی بە بارزانی پێشنیار کردووە و بەردەوامیش داکۆکیی لێ دەکاتەوە. ئەویش چ نییە جگە لەوەی کە کەرکووک بدرێتە هەرێمی کوردستان و لەبەرامبەردا ڕیفراندۆم دوابخرێت. ئەم پێشنیارەی ئەمریکا چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ ئەمریکا لەو ئاستەدا نییە کە جوگرافیای عێراق بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی دابەش بکات. کەرکووک پێگەیەکی تایبەتی لە عێراقدا هەیە و هی هەموو عێراقییەکان و بەشێک نییە لە هەرێم.

* بە ئاوڕدانەوە لەو ڕاستییە کە ناوچە جێ ناکۆکەکانی وەک کەرکووک-یش لە ڕیفراندۆمدا بەشدار دەکرێت، کاردانەوەی ڕەوت و کۆتلە ناکوردەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانە وەک تورکمانەکان بەو ڕیفراندۆمە چیە؟ ئایا ئەوان ئەنجامی ڕیفراندۆم قبووڵ دەکەن؟

ـ ئەو ڕیفراندۆمە بە گشتی بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی تورکمان و عەرەبەکان و هەروەها هەندێک لە گرووپە کوردەکانە. توندوتیژییەکی شیمانەیی لە پشت ئەو ڕیفراندۆمە و لێرەدا خۆی حەشار داوە. ئەوەی کە کوردەکان چۆن هەڵسوکەوت دەکەن و ئاکاریان دوای ڕیفراندۆم چۆن دەبێت. کاردانەوەی تورکمان و عەرەبەکان بەو هەڵسوکەوتانە چی دەبێت؟ هەروەها کورد، عەرەب و تورکمان بە پێی تایبەتمەندیی نەتەوەخوازیان تووشی ئاژاوە دێن و دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر لەوەی کە ئێستا هەیە، دەبێت.

دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکە هەر چی دەبێت، کاردانەوەی دەنەدەرانەی عێراق بە رەهەندێکدا دەڕوات کە پێشبینی ناکرێت، چونکا هۆکارگەلی جۆراوجۆر لەوبوارەدا ڕۆڵ دەگێڕن. تەنیا دەکرێت هیوادار بین کە لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای بەڕێوەچوونی هیچ توندوتیژییەک نەیەتە ئاراوە و بارزانی و دیتران لە پێناو ئاسایش و بەختەوەریی خۆیان، عێراق و تەواو ناوچەکە بەرپرسانە هەنگاو بنێن.

ناردنی بۆچوون

1 + 9 =