ئێران و رۆژئاوا چ پێشنیارێکیان بە هەرێمی کوردستان داوە؟

هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی وردەکاریی نوێی پێشنیارگەلی وڵاتانی رۆژئاوایی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دواخستنی ڕیفراندۆم، وەفدێکیش لە ئێران لەو بوارەدا خەریکی دانوستان لە گەڵ بارزانییە.

ئاژانسی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی: "ئێمە رێگە بە دژایەتی کردنی ڕیفراندۆم نادەین، چونکوو دژبەران تا ئێستا هیچ پێشنیارێکی بەدیلییان پێشنیار نەکردووە". ئەم وتانەی مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاش چەندین رۆژ لە دانوستانی چەنە لایەنە، نیشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسانی هەرێم هێشتاش بە دوای بەدیلێکن، بەڵام هێشتا لەوبارەیە یەکلا نەبوونەتەوە. ماوەیەکی کەم دوای دانوستانی نوێنەرانی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، پەسندکرانی ڕیفراندۆمی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە یەکەم دانیشتنی ئەو پەرلەمانە دوای ٢ ساڵ لە داخرانی، بە جۆرێک وەڵامێکی نا بوو بە پێشنیارەکان. ئەگەرچی هەندێک لە سەر ئەو بڕوایەن کە بەرپرسانی هەرێم هێشتاش بیر لە پێشنیارەکان دەکەنەوە.

پێشنیارە بەدیلەکان

هەندێک وردەکاریی نوێ لە پێشنیارگەلی وڵاتانی رۆژئاوایی بە بارزانی ئاشکرا بووە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە دانیشتنی دهۆک ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی هەرێم کردووە کە لانی کەم ڕیفراندۆمەکە بۆ ٢ ساڵی داهاتوو دوابخەن، بۆ ئەوەی واشنتۆن دۆسیەی عێراق و هەرێمی کوردستان بباتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بە گوێرەی ئەو پێشنیارە لە دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی ڕیفراندۆم تاوتوێ دەکرێت و ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدەن کە بۆ کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێگەچارەیەکی دەستەبەرکراو بدۆزنەوە.

برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لەو دانیشتنە ڕایەگیاند کە لە ئەگەری دواخستنی ڕیفراندۆم، کۆمەڵگای جیهانی چاوەدێریی دانوستانە جیدییەکان سەبارەت بە دابەش کردنی داهاتی نەوتی عێراق و هەروەها مووچە و پشکی پێشمەرگە دەکات.هەروەها پێشنیار دراوە کە لە ئەگەری دواخستنی دوو ساڵەی ڕیفراندۆم، سنوورەکان و هێزە سەربازییەکان لە جێگەی ئێستایاندا بمێننەوە و بەغدا مۆڵەت بە هەرێمی کوردستان بدات کە درێژە بە هەناردەی نەوتی لە رێگەی تورکیاوە بدات. جگە لەوە بەشداریی بەربڵاوی حزبە کوردستانییەکان لە دەوڵەتی عێراق و هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸ یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ناو پەکێجی ئەمریکا بووە.

لە بەرامبەردا بارزانی ڕایگەیاندووە کە بە پێی دانوستانە ئەنجام دراوەکان، وڵاتانی رۆژئاوایی هیچ گرفتێکی بنەماییان لە گەڵ ڕیفراندۆم نییە و تەنیا گرفتیان کاتی بەڕیوەچوونیەتی. لە دانیشتنێک کە بە ئامادەبوونی برێت مەکگۆرک و هەروەها باڵویزانی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، بارزانی ڕایگەیاندووە کە دواخستنی ٢ ساڵەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بە بێ گەڕەنتیی سەربەخۆیی قبووڵ ناکات.

بەرزبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان

پەرلەمانی کوردستان  لە کاتێکدا شەوی هەینی ڕابردوو بە زۆرینەی دەنگ (۶۵ دەنگ لە ۶۸ نوێنەری ئامادەی دانیشتنەکە) بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی پەسند کرد کە دوای دوو ساڵ داخران بۆ یەکەم جار بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی گۆڕان و کۆمەڵ کراوە. پەرلەمان ۱۱۱ کورسی هەیە و ئامادەبووان لە فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی بوون. ئەوەش نیشاندەری بوونی ناکۆکی لە ماڵی کوردەکانە. ئەو نوێنەرانەی کە دانیشتنەکەی پەرلەمانیان بایکۆت کردبوو لە سەر ئەو بڕوایەن کە زیانی جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق زۆر زیاتر لە بەرژەوەندییەکانی بۆ ناوچەیە.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چەند رۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێ بە شێوەی جیدی بە پێشنیارەکەی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بچنەوە. ناوبراو بە هەواڵنێرانی وت: ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە دەبێ پێشنیاری بەدیلی ڕیفراندۆم بە هەند وەرگیرێت.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی حزبی سوسیالیستی کوردستان دەڵێن کە پێشنیاری هاوبەشی ئاراستەکراو، داخوازیی کوردەکان وەدی ناهێنێت و ئەوان ئەو بەدیلە قبوول ناکەن. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هێشتا وەڵامی یەکلاکراوەیان سەبارەت بە قبووڵ کردن یان نەکردنی پێشنیارەکان وەرنەگرتووە. ئەو بابەتە نیشان دەدات کە کوردەکان هێشتا خەریکی تاوتوێ کردنی بابەتەکەن و ئەگەری دواخرانی کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە دوارۆژەکانی لە ئارادایە.

لە داخوازی تا هەڕەشە

کۆشکی سپی لە کاتێکدا رۆژی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری دواخرانی ڕیفراندۆم بوو و بەڕیوەچوونی لە ئێستای شەڕی دژی داعش بە نەگونجاو زایوە کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە لە ئەگەری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە تورکیا ئەو ناوچەیە بایکۆت بکات. برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری قبوول نەکرانی پێشنیارەکان لە لایەن بەرپرسانی هەرێمەوە هەر جۆرە پاشهاتێکی نەرێنیی لە ئەستۆی خودی کوردەکانە.

بینالی یێڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیایش رۆژی رابردوو وتی: من دەمەوێ بۆ جارێکی دیکە بە شێوەی دۆستانە داوا لە بەڕیز بارزانی بکەم کە تا دەرفەت ماوە لەو هەڵەیەی پاشگەز بێتەوە. ئێمە نامانەوێ دەست بدەینە بایکۆتی هەرێم، بەڵام ئەگەر بەو خاڵە بگەین کە هەنگاوی ڕیفراندۆم بەڕیوەدەبرێت ئێمەش ناچارین ڕوو لەو داپەڕە بکەین.

کەسایەتییە دانوستانکارەکان لە هەرێم

لە گەڵ نزیکبوونەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و ئەگەری ناکۆکی لە ناوچەدا، ئێران دەستی داوەتە دانوستانی نهێنی بۆ ناوبژیگەری لە نێوان بەغدا و هەولێر. جگە لە ڕواڵەتی ئاشکرای دانوستانی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەسایەتیی وەک سەردار محەمەد حسێن باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران و سەفەری ئەمدواییەی بۆ تورکیا، دانوستانی ئێرانی لە هەرێم خاوەن ڕواڵەتێکی نهێنیشە کە لە لایەن کەسایەتیگەلی وەک سەردار قاسم سولەیمانی، حسێن دانایی فەڕ باڵویزی پێشووی ئێرانلە عێراق و ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێستای ئێران لەو وڵاتە وەک سێ لقی سێ کۆچکێنییەک درێژەی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەمشەهری ڕاگەیاند: لە ئێستادا وەفدێکی باڵای ئێران لە عێراقە و لە پێناو کەمکردنەوەی داواکارییەکانیان و گەڕاندنەوەیان لە ناکۆکی و هێنانە سەر میزی دانوستان و ڕێککەوتنیان هەوڵ دەدات. هاوکات لە رۆژانی ڕابردوو هەواڵگەلێک سەبارەت بە سەفەری شاندێک لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی سەردار قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس بڵاو بووەوە.

مەسعوود بارزانی سێ حەوتەی ڕابردوو لە وتووێژ لە گەڵ "الشرق الاوسط" ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە دانوستان گفتوگۆیان لە گەڵ کردووە. هەڵبەت ئەو لەو وتووێژە حەسەن دانایی فەڕی وەک دانوستانکاری باڵای ئێران ناوبردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لە گەڵ هەمشەهەری وێرای پشت‌ڕاستکردنەوەی هەواڵی سەفەری سەردار سلێمانی بۆ هەرێم بە بێ ئاماژە بە کاتی ئەو سەفەرە و وردەکارییەکانی، وتی: هاوڕییانی بارزانی هۆشداری پێویستیان سەبارەت بە هەلومەرجی هەستیاری ناوچەکە بە ناوبراو داوە و پێیان وتووە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبوونی ژێرخانەکان، پەیوەندیی دەرەکی، سەربازی و ئابووری بەرەوڕووی گرفت و کێشەی زۆر دەبێتەوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەند وەفدێکی باڵای هەرێم سەردانی ئێرانیان کردووە و هاوکات ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق لە لای خۆیەوە گفتوگۆ و دانوستانی زۆری لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و پێی ڕاگەیاندوون کە ئێران لە دانوستانی نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنجامی ئەو دانوستانانە پشتیوانی دەکات.

جگە لە ئێران بەرپرسانی تورکیاش بە شێوەی فەرمی ناڕيزایەتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و پاش سەفەری یەک مانگی ڕابردووی سەردار باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران بۆ تورکیا، بڕیارە لە حەوتەی داهاتوودا ژینڕاڵ هۆلۆسی ئاکار سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا سەردانی تاران بکات.

ئیسرائیل تاقە پاڵپشتی ڕیفراندۆم

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاماژە بە هەڵکردنی ئاڵای ڕژیمی زایۆنی لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی لایەنگرانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە ئایا ڕژیمی زایۆنی گەورەترین پاڵپشتی وڵاتی کوردەکانە؟!

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری نێودەوڵەتیی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەنووسێت: وەک بیستراوە بارزانی داوای لە تەل ئاویو کردووە کە لە ئێستادا پشتیوانیی خۆی لە بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆم ئاشکرا نەکات!

ژێدەر: رۆژنامەی هەمشەهری (محەمەد کەرباسی و ئیسماعیل سەڵتەنەت پوور)

News Code 12896

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =