چیرۆكی ژیانی ژنه‌ ئه‌ورووپاییه‌کانی ناو داعش

ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێنی تورکیا له‌ ڕاپۆرتێکی مه‌یدانیدا که‌ له‌ كه‌مپی (عه‌ین عیسا) ئه‌نجامی داوه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئافره‌تانه‌دا كردووه‌ كه‌ هاوسه‌ری چه‌كدارانی داعش بوون له‌ ره‌قه‌ و ئێستایش له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وە ده‌ستگیر كراون.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر له‌ باس نیوز، كه‌مپی (عه‌ین عیسا) كه‌ ته‌نیا ۲۰ كیلۆمه‌تر له‌ شاری روحاوه‌ دووره، ده‌یان ئافره‌تی لێییه‌ كه‌ پێشتر هاوسه‌ره‌كه‌یان چه‌كداری داعش بووه، یه‌كێك له‌ ئافره‌ته‌كان ده‌یگوت: "ئه‌وان باسی جیهادیان ده‌كرد، به‌ڵام ژیانیان ته‌نیا سێكس و ئافره‌ت بوو".

سایدا، كه‌ ئافره‌تێكی فه‌ڕه‌نسییه، بۆ ته‌له‌ڤزیۆنەکە قسه‌ی كرد و وتی: "دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ ره‌ققه‌ كوژرا، بۆیه‌ هه‌موو خه‌ونم ئه‌وه‌ بوو بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ فه‌ڕه‌نسا. پێشتر ویستم‌ بۆ توركیا رابكه‌م، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی عاشقی چه‌كدارێكی داعش بووم، په‌شیمان بوومه‌وه‌".

۳ ئافره‌تیش كه‌ خوشكی یه‌كترین، له‌ ئه‌ندۆنیسیاوە هاتوون بۆ ره‌ققه‌ تا خزمه‌ت به‌ گرووپی تیرۆرستیی داعش بكه‌ن، ئه‌وان وه‌كوو خۆیان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، له‌ رووی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ به‌خۆڕایی هاوكاری داعش بوونه‌.

سایدا، له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ناو داعش تا له‌گه‌ڵ پیاوێكی دیندار و خواترس له‌ خه‌لافه‌تی ئیسلامی ژیانی هاوسه‌ری پێك بهێنێت، به‌ڵام خه‌یاڵه‌كه‌ی نه‌هاتووه‌ته‌ دی.

ئه‌و ده‌ڵێت: "كاتێك ده‌چیته‌ ناو داعش، ده‌بێت سی ڤییه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆت ئاماده‌ بكه‌یت، كه‌ ناو و شوێنی له‌دایكبوون و تایبه‌تمه‌ندیی خۆتی تێدا ده‌نووسیت. پاشان سی ڤیی هه‌ندێك چه‌كداری داعشت بۆ ده‌نێرن و تۆیش به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌یری سی ڤییه‌كانییان ده‌كه‌ین، هه‌ر پیاوێكت به‌دڵ بێت و ئه‌ویش تۆی به‌دڵ بێت، هه‌ر ئه‌وكات له‌ ماوه‌ی ۱۵ خوله‌كدا گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ت بۆ ده‌كرێت، پڕۆسه‌كه‌ زۆر خێرایه‌".

سایدا، خاوه‌نی كوڕێكه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ۱۴ مانگانه، ئه‌و ۶ هه‌زار دۆلاری داوه‌ به‌ شوانێك تا له‌ ده‌ستی داعش رزگاری بكات، مێرده‌كه‌یشی كه‌ ناوی یاسینه، دوای راكردنی سایدا كوژراوه‌.

ئافره‌تێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ر خێزانی چه‌كدارێكی داعش بووه‌ و ئێستا له‌ كه‌مپی (عه‌ین عیسا) له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه، حه‌ز ده‌كات بچێته‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆی و له‌وێ به‌ مایۆیه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر لێواری ده‌ریا دابنیشێت و مه‌له‌ بكات.

ئه‌و ئافره‌ته‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی خۆی ئاشكرا بكات ده‌ڵێت: "زۆر په‌شیمانم، ئێستا حه‌ز ده‌كه‌م به‌ مایۆیه‌ك له‌سه‌ر لێواری ده‌ریای سپی دابنیشم یان مه‌له‌ بكه‌م، دایكم و باوكمم زۆر خۆش ده‌وێت و بیریان ده‌كه‌م. تاكه‌ هیوام گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ وڵاتی خۆم و سه‌یاره‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌ و گه‌شتی وڵاتان بكه‌م".

مای، ئافره‌تێكی ئینگلیزه‌ و پیشه‌ی مامۆستایی بووه، ئه‌و كاتێك ویستوویه‌تی بۆ توركیا رابكات، رێگه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ره‌ققه، وه‌كوو خۆی بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی (سی ئێن ئێن) باسی ده‌كات، یه‌كه‌م هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ قه‌ناس به‌ده‌ستێكی داعش بووه، پاشان هاوسه‌ركه‌ی كوژراوه‌ و ئه‌ویش منداڵه‌كانی بۆ ماڵێكی دراوسێیان ناردووه‌.

ئه‌و درێژه‌ به‌ قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێت: ''بیلال یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی خوا بۆی ناردم، هاوكاریی كردم تا رابكه‌م و منداڵه‌كانیشمی داڵده‌ دا، به‌ڵام ئه‌ویش ئێستا له‌ كۆبانێ ده‌ستگیر كراوه‌. من له‌ زۆر ئافره‌تی تر به‌به‌ختترم، چونكه‌ توانیم به‌ئاسانی له‌ ده‌ستی داعش رزگارم بێت. زۆربه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌یش کە له‌ ئه‌وروپاوه‌ دێن بۆ ئه‌وه‌ی شوو به‌ پیاوێكی ئه‌وروپیی ناو داعش بكه‌ن و بیانپارێزێت، خه‌ونه‌كانیان نایه‌ته‌ دی، چونكه‌ پیاوه‌ ئه‌وروپییه‌كانی ناو داعش ته‌نیا بۆ ۳ یان ۴ مانگ له‌گه‌ڵیاندا ده‌بن، پاشان لێیان جیا ده‌بنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئافره‌تی تر ژیانی هاوسه‌ری پێكده‌هێنن، ئیدی ئافره‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كانیش ناچارن له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی تری داعش ژیانی هاوسه‌ری پێكبهێنن. زۆربه‌ی ئافره‌ته‌كانی ناو داعش ۷ جار شوویان كردووه.

News Code 12846

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 3 =