ڕاپۆرتی شرۆڤەیی؛

تێکشکانی گەماڕۆی فرۆکەخانەی دیرەزوور؛ کۆتایی داعش

ناسەی هەواڵ: 4085654 -
سوپای سووریا تەنیا لە ماوەی چەند رۆژ دوای تێکشکاندنی گەمارۆی شاری دیرەزوور، توانیان فرۆکەخانەی ئەو شارەش بگرنه‌وه‌ و ڕێگە خۆش بکەن بۆ کۆتایی یەکجاریی داعش.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی – ڕامین حسێن ئابادیان: هێزەکانی سوپای سووریا پاش ئازادکردنەوەی قەڵەموونی رۆژئاوا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان، حەوتەی ڕابردوو گەمارۆی سێ ساڵەی دیرەزور لە رۆژهەڵاتی سووریا کە بە "مرواریی فورات" ناوی لێ دەبرێت، تێکشکاند. هەر لەوبارەدا باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچکات پێشبینیی ئەو نەدەکرا سوپای سووریا بگاتە دیرەزور.

لێدوانەکانی باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە دیمەشق نیشان دەدات کە ئەمریکاییەکان هەرگیز لە هاوکێشەکانیاندا بیریان لەوە نەدەکردەوە هێزی خۆڕاگریی سووریا بگەنە دیرەزور. ئەو دەسکەوتە بە ڕادەیەک گەورە و پڕبایەخ بووە کە سوپای ڕووسیا وەک "شکستی وێرانگەر" بۆ تیرۆریستان ناوی لێ بردووە و هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی دیرەزور لەباری ئاست و گرینگییەوە لە تەواو سەرکەوتنەکانی ڕابردوو لەو ٣ ساڵەدا سەرتر و بەرچاوتر بووە.

بەوەشەوە تیرۆریستانی داعشی هێشتا لە شۆکەی ئەو شکستە نەهاتوونەتە دەرێ کە رۆژی ڕابردوو هەواڵی تێکشکاندنی گەمارۆی فرۆکەخانەی ستراتژیکی دیرەزور برینێکی ناسوورتر گەیاندە جەستەی نیوەگیانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە. هێزەکانی سووریا جگە لە گرتنەوەی فرۆکەخانەی دیرەزور توانی چەندین ناوچە و گەڕەکی دیکە لە هاوێری فرۆکەخانەدا کۆنتڕۆڵ بکات و لەو رێگەوە تەواو هیوای تیرۆریستانی بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێک لە پێناو گەمارۆی دووبارەی فرۆکەخانەی دیرەزوری پووچەڵ کردەوە.

پێگەی جوگرافیایی فرۆکەخانەی سەربازیی دیرەزور، دۆخێکی ستراتژیکی پێ بەخشیوە و هێزەکانی سووریا بە جێگربوون لەو فرۆکەخانەیە دەتوانن تەواو رێگاکانی یارمەتی گەیاندن بە تیرۆریستانی داعشی کە لە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی سووریا پێویستییەکی زۆریان بە یارمەتییە، دابخەن. لە لایەکی دیکەوە کۆنتڕۆڵ کردنی فرۆکەخانەی ستراتژیکی دیرەزور ئەو هەلە بۆ هیزە سوورییەکان دەڕەخسێنێت هەتا زیاتر لە جاران لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پێشڕەوی بکەن.

یارمەتی گەیاندن بە دانیشتووانی شاری دیرەزور لە رێگەی فرۆکەخانەوە، یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگ و ستراتژیکەکانی ئەو فرۆکەخانەیە. لەوە بە دوا هێزی ئاسمانیی سوپای سووریا دەتوانێ لە رێگەی ئەو فرۆکەخانەیە یارمەتیی خوراکی و دەرمانی بگەیێنێتە دانیشتوانی شاری دیرەزور و لەوە بەدوا دانیشتوانی ئەو شارە بە خەیاڵی ئاسوودەوە درێژە بە ژیانیان دەدەن و بەشێکی زۆریان بۆ شەڕ لە دژی تیرۆریزم تەڤلی هێزەکانی خۆڕاگری دەبن.

هەڵبەت دەسکەوتەکانی سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆریستەکان لە شاری دیرەزور تەنیا بە تێکشکاندنی گەمارۆی فرۆکەخانەی ئەو شارە کۆتایی پێ نایەت. چونکا هیزەکانی سووریا لە رۆژانی ڕابردوودا توانیان ناوچە و گەڕەکی ستراتژیکی وەک کێڵگە نەوتییەکانی "تەیم" لە رۆژهەڵاتی سووریا لە بندەستی تیرۆرسیتانی داعشی ئازاد بکات. ئەو بەو مانایە کە تیرۆریستان یەک لە دوای یەک سەرچاوەی داهاتی دەدۆڕێنێت و لە بەرامبەردا، دەوڵەتی دیمەشق بە بەهرەوەرگرتن لە کێڵگە و مەیدانە نەوتی و گازییە دەوڵەمەندەکان، بەشێک لە ئابووریی وێرانی خۆی قەرەبوو بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە سوپای سووریا لەو هێرشانەدا وزەخانەی کارەبا لە رۆژئاوای فرۆکەخانەکەشیان کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە.

پێدەچێت پاش پێشڤەچوونە خێراکانی هێزی خۆڕاگری لە شاری دیرەزور، ڕێزەکانی داعشی تەواو تێکشکاون و هەواڵەکانی ئەمڕۆ باسیان لەوە کردووە کە تیرۆریستانی داعشی لە گەڵ بنەماڵەکانیان پارەیەکی زۆریان هەڵگرتووە و ویستوویانە لە دیرەزورەوە بەرەو ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکە هەڵێن. بە گوێرەی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریا یەکێک لە تیرۆریستانی لە گەڵ بنەماڵەکەی ڕووی کردۆتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە پاریزگای حەسەکە و تاقمێکی دیکەیان لە خاکی سووریاوە بەرەو تورکیا هەڕایان کردووە. تەواو ئەمانە نیشاندەری ئەوەن کە سوپای سووریا شەڕی گەورەی دیرەزوریان بەر لە کۆتاییەکەی، سەرکەوتووانە کۆتایی پێ‌ هێناوە.

لەمناوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتاش درێژە بە ڕۆڵی ناوبژیگەریان بۆ تیرۆریستان دەدەن و پێداگرن لە سەر دەربازکردنیان لە شاری دیرەزور. هۆی سەرەکیی ئەم وتەیە دەگەڕیتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنگەلی هەلی بۆرنی بەربڵاوی ئەمریکا لەو شارە لە پێناو بردنە دەرەوەی تیرۆریستان. وەک دەوترێت ئاسیای ناوەڕاست یەکێک لەو شوێنانەیە کە تیرۆریستان بۆ ئەوێ دەگوازرێنەوە. بەوەشەوە ئەمریکا تا ئێستا لەو هەوڵەیشیدا شکستی هێناوە و نەیتوانیوە چەق بخاتە سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی هێزی خۆڕاگری.

لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی زایۆنیزم لە لای خۆیەوە هەوڵەکانی بۆ دەربازکردنی تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی خۆی لە ناو خاکی سووریادا دەستپێکردووە. رۆژی پێنج‌شەممەی حەوتەی ڕابردوو فرۆکەکانی زایۆنیزم ناوچەگەلێکیان لە هاوێری پارێزگای حەماه-ی سووریا بۆردومان کرد. زایۆنیستەکان بۆ ئەو هێرشانە هەرێمی ئاسمانیی لوبنانیان بەزاند و لەو رێگاوە هێرشیان کردە سەر سووریا. هەڵبەت ئەم هەڵمەتە کێشەی نایەوە بۆ ئیسرائیل و بڕیارە دەوڵەتی لوبنان لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی تەل ئاویو سکاڵا تۆمار بکات.

لە هەر حاڵدا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە سەرەڕای تەواو دەستێوەردانە دەرەکییەکان، ئەوە هێزەکانی سووریان کە دەستی باڵایان هەیە لە مەیدانەکاندا. بێ شک هاوپەیمانانی دەوڵەتی دیمەشق واتە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیاش وەک هەمیشە ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە پووچەڵ کردنەوەی پیلانی پشتیوانانی هەمیشەیی داعش لە سووریا و لەوان ئەمریکا و زایۆنیزم.

ناردنی بۆچوون

6 + 9 =