ئه‌ندامێکی حزبی کۆماری خوازی تورکیا:

کوردی سووریا پاڵ به‌ واشنتۆنه‌وه‌ نه‌دات

ناسەی هەواڵ: 4085061 -
فاڕوق لۆغ ئۆغڵو جه‌ختی له‌ ڕۆڵی ئێران، تورکیا و ڕووسیا له‌ سووریا کرد و وتی: ئه‌مریکا ته‌نیا ئه‌کته‌ری سووریا نییه‌ و کوردی سووریا پاڵ به‌ واشنتۆنه‌وه‌ نه‌دات.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی، په‌یمان یه‌زدانی: دوای تێپه‌ڕ بوونی ۶ ساڵ له‌ ده‌ست پێ کردنی ئاڵ و گۆڕه‌کانی سووریا، ڕابرت فۆرد، باڵوێزی پێشووی ئه‌مریکا له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌لمه‌یادین وتی: ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ باشترین دۆخی سه‌ربازی دایه‌، له‌ ۶ ساڵی ڕابردوودا دژبه‌ره‌کانی ئه‌سه‌د و گرووپه‌ چه‌کداره‌کان به‌رده‌وام ڕوو له‌ لاوازبوون ڕۆشتوون.

فۆرد که‌ ئێسته‌ ئه‌ندامی ئه‌نیستیتۆی ئه‌مریکایی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌ وتی: دژبه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا له‌ میانه‌ی قه‌یرانی سووریا هه‌ڵه‌ی زۆریان کرد.

ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد که‌ ئێران به‌ یارمه‌تی ڕووسیا له‌ حاڵی که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ن و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا تاکوو ڕاده‌یه‌ک له‌ سووریا شکست بێنێت.

ئه‌و هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ کوردی سووریا و پشتیوانی ئه‌مریکا له‌وان وتی: ئه‌م بڕوایه‌ که‌ ئه‌مریکا به‌رژوه‌ندی کورده‌کان ده‌پارێزێت هه‌ڵه‌یه‌ و کورده‌کان نابێت له‌مباره‌وه‌ دڵ به‌ ئه‌مریکا خۆش بکه‌ن و ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌میشق دانوستان بکه‌ن.

دوکتور عوسمان فاڕوق لۆغ ئۆغڵۆ، ئه‌ندامی باڵای پارتی کۆماری خوازی تورکیا و جێگری وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌کانی ڕابرت فۆرد و هاوکاری نێوان کوردی سووریا و ئه‌مریکا وتی: کاتێک به‌ بابه‌تی پاڵدانه‌وه‌ی کوردی سووریا به‌ ئه‌مریکا ده‌گه‌ین، من له‌گه‌ڵ ڕابرت فۆردم و کورده‌کان نابێت به‌ ئه‌مریکا دڵخۆش بن.

لۆغ ئۆغڵو له‌ لێکدانه‌وه‌ی بۆچوونه‌که‌ی خۆی وتی: یه‌که‌مایه‌تی ئه‌مریکاییه‌کان به‌رنگار بوونه‌وه‌ی داعشه‌، نه‌ک دروست کردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌ باکووری سووریا.

ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی ڕووسیا و ئێران و تورکیا له‌ ڕووداوه‌کانی سووریا کرد و زیادی کرد: ده‌رنجامی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا هه‌رچییه‌ک بێت، ئه‌مریکاییه‌کان ته‌نیا ئه‌کته‌ری گۆڕه‌پانه‌که‌ نابن و ئه‌کته‌ری دیکه‌ش وه‌ک ڕووسیا و ئێران و تورکیاش ڕۆڵ ده‌گێڕن.

ئه‌م سیاسه‌ته‌مه‌داره‌ تورکه‌ له‌ کۆتایدا جه‌ختی کرد: له‌ ده‌رنجامدا، دوای ئه‌م هه‌موو خوێنڕشتنه‌ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سووریا بڕیار ده‌دات و ده‌بێت کارێک ئه‌نجام بدات خودی خه‌ڵکی سووریان چ به‌ عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و چ ئێتنیکه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م وڵاته‌.

ناردنی بۆچوون

2 + 11 =