پێشنیاری عەمار حەکیم بۆ گفتوگۆی ٥ وڵاتی ناوچە

نوێنەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە قاهیرە ڕوانگەکانی ئەو ڕەوتەی سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی شی کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد ئەبوو کلەل نوێنەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق بە رێبەرایەتیی عەمار حەکیم لە وتووێژ لە گەڵ سپۆتنیک ڕووانییە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق لە قۆناغی ئێستا و کاریگەریی لە سەر داهاتووی ئەو وڵاتە و وتی: عێراق لە قۆناغی بەردەم بە دەربازبوون لە چنگی تیرۆریزمی داعش و ئازادکردنەوەی مووسڵ، شایەدی گۆڕانکاری سیاسیی گەورە دەبێت، چونکا بە هەنگاونانە ئەو قۆناغە نوێیە لە بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیی تایفەیی و ئیتنیکیی دوای ساڵی ۲۰۰۳ لەو وڵاتەدا تێدەپەڕێت.

ئەبوو کلەل سەبارەت بە جیابوونەوەی عەمار حەکیم لە ئەنجومەنی باڵای عێراق و سەفەرەکانی موقتەدا سەدر بۆ ڕیاز و ئەبووزەبی، وەک هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوەی ئەو دوو گرووپە بە دەسەڵاتەی عێراق لە ئێران و نزیکبوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی، وتیشی: پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ برایانی ئێرانی بە پێی دۆستایەتییەکی ستراتژیکی و بە پێوەری دراوسێتییە و زیاتر لە ۱۲۰۰ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لە گەڵ ئێران هەیە. ئێران کاتی خۆی لە شەڕی دژی داعش لە پەنای ئێمە بووە و لەوبارەوە جێی خۆیەتی سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستە ئەو وڵاتە بکەین. بەڵام ئێمە عەرەبین و ناتوانین لە شوناسی عەرەب بوونمان بکشێینەوە، بە داخەوە لە ۲۰۰۳ بەملاوە برایانی عەرەب دەرگایان لە ڕووی عێراق داخست. بەڵام ئەمڕۆ هەمان وڵاتانی عەرەب گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. ئەگەرچی نابێ فەرامۆشی بکەین کە ئێمە کاتی خۆی بۆ شەڕی دژی داعش داوای یارمەتیمان لێ کردن، بەڵام ئەوان بە دەنگمانەوە نەهاتن.

ناوبراو سەبارەت بە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بە مومکین زانی و ڕایگەیاند: ئێمە وەک ڕەوتی مەدەنی و نالیبراڵ دەتوانین لە گەڵ حزبە جۆربەجۆرەکانی سوننە، شیعە و کورد ئیئتیلاف بکەین.

نوێنەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق سەبارەت بە سەفەری حەکیم بۆ عەرەبستان وتی ناوبراو بانگهێشت کراوە و لە کاتی گونجاودا عەمار حەکیم لەبارەی ئەو بانگهێشتەی وەڵام دەداتەوە.

ئەبوو کلەل سەبارەت بە پلانی ناوچەیی عەمار حەکیم بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و ئامادەبوونی لە دانیشتنی هاوبەشی عەرەبستان، تورکیا و ئێران ڕوونی کردەوە: عەمار حەکیم لەو گەڵاڵەدا واتە دانیشتنی ٥ قۆڵیی میسر، عێراق، تورکیا، ئێران و عەرەبستان لە سەر ئەو بڕوایەیە کە شەڕ و پێکدادان لە ناوخۆی ئەو وڵاتانی ناوچەوە نییە، بەڵکوو لە دەرەوە ئیدارە دەکرێت. ئەگەر ئەو وڵاتانە بە دەوری یەکەوە کۆ نەبنەوە و درێژە بە ناکۆکیی نێوان خۆیان بدەن، قەیرانەکان کۆتاییان پێ نایە. بانگهێشتی عەمار حەکیم ڕوو لە وڵاتی میسر بووە، چونکا ئێمە ئەو وڵاتە بە برای گەورە و میانەڕۆی خۆمان دەزانین.

ناوبراو سەبارەت بە دیداری ئەحمەد تەیب شێخی ئەلئەزهەر و عەمار حەکیم وتیشی: لەو دیدارەدا لایەنەکان خوازیاری پەیوەندیی ڕاستەقینەی نێوان ئەلئەزهەر و حەوزەی زانستی نەجەف بوون و عەمار حەکیم لەو دیدارە شێخی ئەلئەزهەری بانگهێشتی سەردانی عێراق کرد و هەروەها داوای لێ کرد بۆ ئاگاداربوون لە باردۆخی ئەو وڵاتە، وەفدێک ڕەوانەی عێراق بکات.

ئەبوو کلەل پاشان ڕوانییە هەڵوێستی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەبارەت بە شەڕی سووریا و یەمەن و ڕایگەیاند: ئێمە لایەنگری سوپای سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانین. سەرەڕای چیەتیی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات تیرۆریزمێکی ئاشکرایە. ئێمە ناتوانین قبووڵی بکەین کە داعش و بەرەی نوسرە بەشێک بن لە رێگەچارەی قەیرانی سووریا؛ ئەوە جەنایەتە. ئەمە تەنیا هەڵوێستی عێراق نییە، بەڵکوو وڵاتانی دیکەی وەک میسریش لە سەر ئەو بڕوایەن و سەبارەت بە شەڕی یەمەن-یش ئێمە هەر لە رۆژی یەکەمەوە دژی ئەوە شەڕە بووین. رێکاری سیاسی تاقە رێکاری گونجاوە و ئەوەی لە یەمەندا ڕوو دەدات، کارەساتێکە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە.

نوێنەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ وڵاتانی کۆمکاریی کەنداوی فارسی بە ئیجابی و بەهێز وەسف کرد و سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ عەرەبستان وتی: ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە گەڵ عەرەبستان هەیە و وەک ڕەوتی حیکمە خوازیاری لێک نزیکبوونەوەی عێراق و عەرەبستان-ین و تەواو ئیمکاناتی خۆمان لەو بوارەدا دەخەینە گەڕ. عەرەبستان دراوسێ و وڵاتێکی گەورەیە و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە پاوەجێی ئەمنیی  عەرەبی.

ناوبراو سەبارەت بە ئامادەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا ڕایگەیاند: ئێمە دژی بوونی هێزی بیانی لە هەر نەتەوە و وڵاتێک لە ناو خاکی وڵاتەکەمانین.

ئەبوو کلەل دژایەتیی خۆی بۆ ئامادەبوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دەربڕی و وەک دەستدرێژی و دەستێوەردانی ئاشکرا لە وڵاتی تورکیا لێکی دایەوە و ئاماژەی بە بوونی بەڵگەگەلێک لای لایەنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پرسی قاچاغی نەوتی عێراق بە هاوکاریی تورکیا کرد.

نوێنەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە کۆتاییشدا سەبارەت بە ڕووسیا ڕایگەیاند: ڕووسیا وڵاتێکی گەورەیە و ئێمە چاوەروانی ڕۆڵێکی گەورەتریان لە عێراقدا لێ دەکەین. مسکۆ ڕۆڵێکی زۆر بنەمایی و سەرکەوتووانەی بووە لە ئارام کردنەوەی ناوچە و بە تایبەت لە دۆسیەی سووریادا و ئێمە لایەنگری بڕیارەکانی ئەو وڵاتەین. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا بە پێچەوانەی ئەمریکا کە بەردەوام داکۆکیی لە رێگەچارەی سەربازی کردۆتەوە، خوزیاری رێگەچارەی سیاسی بۆ سووریا و ناوچە بووە. ئێمە لە سووریادا دوو بژێرەمان لە بەرە، یان سوپای سووریا یان داعش و بەرەی نوسرە. بێ شک ئێمە لایەنگری رێگەجارەی سووریا و دژ بە تیرۆریزمین.

News Code 12567

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 6 =