زۆرانی ئەفەندی و دەمیرتاش لە خاکی کوردستانی تورکیا

"شەڕی سەروو گرتوو لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەند خوازی بەرۆکی هەر وڵاتێک بگرێت سڵ لە ڕژانی خوێنی منداڵ ، پیر و گەنج ناکات و تەنیا سیاسەتە کە بڕیار دەدات شەڕ بوەستێت، ئاشتی بێت، خوێن بتکێ یان خۆشی بێت."

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: دوای ئەوەی ئۆپراسیۆنه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئەنقەرە له‌ دژی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ ۲۴ جوولای ۲۰۱۵ەوە دووبارە لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەستیپێکردەوە تا ئێستا زیاتر لە ۱۸۰ هاووڵاتی سڤیل، سەدان هێزی پەکەکە و ژمارەیەکی نادیار پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون و ژمارەیەک کەسیش لە هەردوولا بریندار بوونە و ئەمە سەرەڕای ئەو کەسانەیە کە هاوپەیوەند بەم پرسە دەستگیر کراون.

چەند شارێکی گەورە لە کوردستانی تورکیا له‌م دوو مانگە دواییەدا شه‌ڕ و پێکدادانی سەربازی و خۆپیشاندان و جەولانی تانک و پێکهەڵپرژانی  پۆلیس و خەڵک نەبێ ڕەنگی ئارامیان بەخۆوە نەدیوە.

 بەرپرسانی شارەکانی وەک ئامەد، شێڕناخ و ماردین فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیان ڕاگەیاند کە پاش دوو ڕۆژان خەڵک بە تایبەت کوردەکانی لایەنگری هەدەپە کە بە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا دەناسرێت، نارەزایەتیان بەم قەدەغەیە دەربڕی و دەستیان دایە خۆپیشاندان دژی دەوڵەت و ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد کۆتایی بە میلیتاریزەکردنی ئەو ناوچانە بێت بەڵام دەوڵەت و بەرپرسانی سەربازی تورکیا تانکیان بردە ناو شارەکان و لایەنگرانی پەکەکەش سەدان خەندەقیان  لە ناوشارەکان بە تایبەت چەند گەڕەکێکی ئامەد هەڵکەند و سەنگەریان لە بەرانبەر هێزە ئەمنییەکان گرت. شەڕی شار تا ئاستی کوژارنی زیاتر لە ۱۸۰ کەس خەست بووەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکانی‌ ماف مرۆڤ هۆشداریان دا لەبارەی ئەوەی که‌ له‌و شه‌ڕەدا ژماره‌یەکی زۆر خه‌ڵکی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و بە هۆی سەختی برینی بریندارانیشەوە ئەو ژمارەیە بەرزتر دەبێتەوە و پێویستە بە زووترین کات بوەستێت.

ڕۆژنامەی ده‌یلی سه‌باح لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ژمارەی دووشەمە ڕۆژی ۷ی بەفرانباری خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی شه‌ڕ و پێکدادان له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا (له‌ ڕۆژی ۲ی دیسێمبێر) تا ئێستا، ۲۵۰ هێزی پەکەکە کوژراون. ئەم ئامارە لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پشتڕاست نەبووەتەوە و ڕەتیش نەکراوەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارێکی دیکە باس لەوە دەکات کە لە مانگی جوولایەوە تا دوایین ڕۆاژنی مانگی دیسمبێری ۲۰۱۵، نێزیک بە  ۲۰۰ سەربازی تورکیا و ۱۷۰۰ هێزی PKK کوژراون، جگە لە بریندارەکان.

شەڕی سەروو گرتوو لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەند خوازی بەرۆکی هەر وڵاتێک بگرێت سڵ لە ڕژانی خوێنی منداڵ و پیر و گەنج ناکات و تەنیا سیاسەتە کە بڕیار دەدات شەڕ بوەستێت، ئاشتی بێت، خوێن بتکێ یان خۆشی بێت  که‌ ئه‌مه‌ بۆ تورکیاش ڕاست ده‌رده‌چێ و لەم پێناوەدا هەر دوو لایەنی شەری ناوخۆیی تورکیا دەستەوسان نەبوون و هەر کام لە ڕێگای خۆیانەوە هاتنە مەیدان.

پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردی تورکیا و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتیکی گەلان(هەدپە) کە سەرەتاش داوای لە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە کردبوو بێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچوو لەو شارانە دەربرن، بیدەنگ نەبوون بەرانبەر بەم شەڕ و پێکادانەی پۆلیس لەگەڵ خەڵکی کوردی تورکیا و  گواستنەوەی چەکی قورس بۆ ناوچەکە و بشێوی و گرژیەکان و کوژرانی خەڵک تەنانەت منداڵی کۆرپە و ژنان و بەساڵاچوان و وێرای ئیدانە کردن و هۆشداریی دان بە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەنقەرە، لەمەڕ تەقینەوەی دۆخەکە و سەرهەڵدانی خەڵک، سکاڵای یاساییان دژی دەوڵەتی تورکیا بەرزکردەوە.

پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) له‌ دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا (ECtHR) سکاڵایه‌کی له‌ دژی دەوڵەتی ئەنقەرە  به‌رز کردۆته‌وه‌ و تێدا جەختی لەوە کردووە کە قه‌ده‌غه‌ هاتووچۆوه‌ ڕاگه‌یێندراوه‌کان له‌ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی تورکیا یاسایی نییه.

لای خۆیشیەوە سەلاحەددین دەمیرتاش هاوەسەرۆکی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان دوای گەڕانەوەی لە ڕووسیا کە بووە هۆی توورەیی زۆری بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا، لە لێدوانێکیدا لە ئامەد داوای ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەریی بۆ کوردستانی تورکیای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی ناوەندی تورکیا مافی هاووڵاتیانی کوردی ئەو وڵاتە پێشێل دەکات و دەبێ کوردەکان بۆ دەستەبەریی مافەکانیان هەوڵ بدەن.

لە رۆژانی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتێدپرێس، راپۆرتی ئەم دواییەی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانی بڵاوکردەوە کە  نیشاندەری بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەیە کە زۆرینەی حەشیمەتەکەی لایەنگری پارتە کوردییەکانن و تێدا هاتووە کە تورکیا هاووڵاتیانی کوردی خۆی سەرکوت دەکات.

لە کاردانەوە بە وتەکانی دەمیرتاش دادگەیەک لە ئەستەنبۆڵ بە تۆمه‌تی لێدوانی ورووژێنەر فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ هاوسەرۆکی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان دەرکرد.

ئەم دادگە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دەمیرتاش لە ناو ئاپۆڕەی کوردەکانی دانیشتووی پارێزگا باشوورییەکانی تورکیای بە ورووژێنەر و دابەش خوازانە وەسف کردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش هێرشی توندی کردەسەر هاوسەرۆکی هەدەپە و ئەوی بە خاین ناوبرد.

ئەردۆغان له‌ به‌رنامه‌یه‌کی ڕاستەوخۆی ته‌له‌فزیۆنیدا بە تۆمەتبار کردنی هەدەپە بە بووکە شووشەی دەستی پەکەکە کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردووە، رایگەیاند کە وته‌کانی ده‌میرتاش ورووژێنه‌ر بوون و بێ گومان گه‌ل و یاسای بنه‌ڕه‌تی تورکیا وڵامی ئه‌م سووکایه‌تی کردنه‌ به‌ پارتی دیمۆکراتیکی گه‌لان ده‌داته‌وه.

لە بەرانبەردا  فیگن یۆکسکداغ، هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) ئێمه‌ خۆبه‌رێوبه‌ریمان ته‌نیا بۆ کورده‌کان ناوێت چونکه‌ خۆبه‌رێوبه‌ری مافێکه، نه‌ک ته‌نیا بۆ جزیره، سیلۆپ و نۆسه‌یبین، به‌ڵکوو بۆ ئه‌سته‌نبۆڵ، مێرسین و ئه‌نقه‌ره‌ش، بێ گومان سه‌ربه‌خۆی‌ ئامرازی یەکگرتوویی تورکیایه.

دوێنێ چوارشەمە ۹ی بەفرانباریش سەلاحەددین دەمیرتاش لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دووبارە ململانێی لەگەڵ ئەردۆغان کردووەتەوە و وتوویەتی:  "بۆ ئەوەی کۆتایی بە توندوتیژی بھێنرێت پێویستە ھەموو ھەوڵێک  بدەین بۆ کۆتایی ھێنان، چونکە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە وڵات بەرقەرەر بێت و پرۆسەی ئاشتەوایی ھەبێت، چونکە دەمانەوێت کۆتایی بەکێشەکان بھێنن".

هەروەها باسی لەوەشکرد، "ڕۆژانە لە توركیا تۆمەتمان بۆ دروست دەكرێت، دەوڵەتی توركیا وا بیردەكاتەوە ئەوەی بەدەستمان هێناوە خێرە و بە كورد دەكرێت، بەڵام با بزانن بێ هەدەپە هیچ هەنگاوێک سەرکەوتوو نابێت".

دەربارەی نووسینی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە دەستوورێکی مۆدێرن بێتە کایەوە و کۆتایی بە کۆتادە بھێنرێت، چونکە ھەدەپە دەیەوێت دەستوورێکی مۆدێرن ھەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەھێڵین فاشیزم جێبەجێ بکرێت".

سەرۆک کۆمار ئه‌ردۆغانیش  وتی: وتەكانی هاوسەرۆكی هەدەپە نیشانەی جەوهەری ئەم پارتەیە‌ و ئەو پلانانەی بۆ دوارۆژی توركیا هەیەتی و بێ گومان یاسا وڵامی بۆ ئه‌و خه‌یانه‌ته‌ هه‌یه.

ئەگەرچی ناوبەناو پارتە کوردییەکانی تورکیا و بە تایبەت گرووپەکانی نێزیک لە پەکەکە باس لە خۆبەڕێوەبەری ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و هەرجارەش پەرچەکرداری توند لە بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندی تورکیا دەبینن، بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندی ئاڵۆزی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی لەوانە، سووریا، ڕووسیا و عێراق و پەیوەندی تۆکمە و باشی کوردەکانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتانی مسکۆ و بەغدا و دیمەشق، ئەفەندی بە ئەسپایی لەم زکەی نەبێتەوە و ناچار بێت چاک بۆ زۆرانێکی پڕووکێنەر لە خاکی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بەلادا بکات.

News Code 1254

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 2 =