هه‌ڵسوکه‌وته‌ هەڵەکانی تورکیا؛ خەونێک کە وەدی نایەت

سیاسەتی دەرەکیی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان و هەڵەکانی لە سیاسەتی دەرەکیدا و ڕکابەریی شاراوەی تورکیا هەمبەر بە ئێران بەشێکن لە پرسە هاوپەیوەندەکان بە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات.

ئاژانسی مێهر- بەشی نێونەتەوەیی: ناوەندی توێژینەوەی ئارا لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی "سیاستە فەرهەنگیه‌کانی تورکیا" کە لە لایەن ناوەندی ئەفراوە کۆکراوەتەوە، دەڕوانێتە ڕۆڵی ئێران و تورکیا و ڕکابەریی دوو وڵات لە پێناو پەل داکوتانی ناو وڵاتانی موسڵمان و هەروەها پەڕەدان به‌ سیاسەتە فەرهەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: تورکیای ئێستا بە دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشە خەونی ئیمپراتووریی عوسمانی لە سەردایە و جارنەجارێک دەرکەوتەیەک لەو خەونەی نامیش دەدات. پێشوازیی سەیروسەمەرەی ئەردۆغان لە مەحموود عەباس لە پەنای سەربازانێک بە جل و بەرگی سەردەمی عوسمانی وێنایەکە لە خەون و خەیاڵەکانی سیاسەتوانانی تورک. هەروەها داکۆکی تایبەتیی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، داڕێژەری سیاسەتی دەرەکیی تورکیا لە سەر میراتی فەرهەنگی و مێژوویی وەک کەرەسەیەک بۆ سیاسەتی دەرەکی و ئەوەی کە هیچ کێشەیەک لە پەیوەندییە دەرەکییەکان بە بێ ئاوردانەوە لە پێشینەی عوسمانی چارەسەر نابێت، سەلمێنەری ئەو بابەتەیە.

نائۆمێدیی تورکیا لە ئەندامێتیی یەکێتی ئەورووپا

داوود ئۆغڵۆ لە هەڵوێست گۆڕینێکی ئاشکرادا، ئاراستەی سیاسەتی دەرەکیی تورکیای لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات وەرچەرخاند. ڕەنگە ئەو هەنگاوەی ئەو بە جۆرێک سەلماندنی ئەندێشەی هانتیگتۆنی لە کتێبی "بەرەوڕووبوونەوەی شارستانییەتەکان" بێت کە لای وایە تورکیا ئەو وڵاتەیە دەتوانێت رێبەرایەتیی وڵاتانی ئیسلامی بکات، بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی لەو پێگەیە دوور کەتۆتەوە. هەر بۆیە تورکیا لە بری پاڕانەوە بۆ ئەندامێتی لە کلووپی داخراوەی یەکێتی ئەورووپا واباشە پێگەی خۆی لە ناوچەدا تۆکمەتر بکات و ببێتە نمانەیەک بۆ جیهانی ئیسلام. رۆژنامەی کریستیەن ساینس مانیتۆر-یش هۆی وەرچەرخانی تورکیا بەرەو رۆژهەڵات و هەوڵ بۆ نزیکبوونەوەی لە دراوسێیه‌کانی ئیمپراتووریای پێشووی عوسمانی، گرێ دەداتەوە بە کشانەوە و نائۆمێدیی تورکیا لە ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورووپا؛ لەو سۆنگەوە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ رۆژهەڵات، خاوەن گرینگییەکی ئەوتۆیە.

ئەگەرچی لە سیاسەتی دەرەکی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دۆستایەتی و دوژمنایەتییەکان تا سەر نین، بەڵام هەڵوێست گۆڕین و وەرچەرخانی بە پەلە و کرداری ورووژێنەرانە لە سیاسەتی دەرەکیشدا پاشهاتی نەرێنیی زۆری لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و ئەمنی بە دواوە دەبێت. تورکیا نموونەیەک لەو وڵاتانەیه‌ کە بە هەڵسوکەوتە نەگونجاوەکانی لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا تووشی کێشە و گرفت هاتووە.

هەڵبەت سیاسەتی نەگونجاوی تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا تەنیا بە پێداگریی بۆ نزیکبوونەوەی پێشتری لە رۆژئاوا و پاشان دوور کەوتنەوە لە رۆژئاوا و نزیکبوونەوە لە رۆژهەڵات و هەڵوێستی تووڕەی دژ بە ڕووسیا و پاش ماوەیەک داوای لێبوردن کردن لەو وڵاتە کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو گۆڕینی هەڵوێستی هەمبەر بە سووریا و لە هەمان کاتدا پشتگریی لە بەرهەڵستکاران و نەیارانی دەوڵەتی سووریا، هەوڵدان بۆ جێگرکردنی ئاسایشی وڵات و پاڵپشتیی لە تیرۆریستانی نێودەوڵەتی لە سووریا، بانگەشەی عەلمانییەت و ڕێخۆشکردن بۆ پەرەسەندنی گرووپە تەکفیری و رادیکاڵە ئیسلام‌خوازەکان، لایەنگریی لە مورسی سەرۆک کۆماری پێشووی میسر و ئاڵٶزبوونی پەیوەندییەکانی دوو وڵات پاش کوودەتا بێ ئاکامەی ۱۵ی جووڵای ۲۰۱۶، نموونەن لە هەڵسوکەوتە هەڵە و بڕیارە بێ فیکرییەکانی تورکیا کە هەم بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاسایشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و هەمیش ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەوڕووی مەترسی کردۆتەوە.

ڕکابەریی هەڵەی تورکیا لە گەڵ ئێران

نموونەیەک لە هەڵسوکەوتی هەڵەی تورکیا، ڕکابەریی لە گەڵ ئێران لە ئاستی وڵاتانی ناوچەیە. عێراق، سووریا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بەستێنی ئەو ڕکابەرییەن. لە هەندێک لەو وڵاتانەدا ڕکابەرییەکان ڕواڵەتێکی سەخت و لە هەندێکی دیکەش ڕواڵەتێکی نەرمی بە خۆوە گرتووە. ئەگەر رۆژئاوای جیهانی ئیسلام لە ژێر کاریگەریی عوسمانییە، بێ‌شک رۆژهەڵاتی ئیسلامی بەردەوام لە ژێڕ کاریگەریی فەرهەنگی ئێرانی بووە؛ هەر بۆیە تورکیا بە سیاسەتێکی پان تورکانە و بە ناسیۆنالیزمێکی زمانییەوە، بەردەوام هەوڵی داوە ئەو وڵاتانە بهێنێتە ژێر کاریگەریی خۆی، بۆ وێنە هەڵسوکەتی ئەو وڵاتە لە ئاسیای ناوەڕاست و پێکهێنانی کۆمەڵەی وڵاتانی تورک زمان هەنگاوێکە لەو پێناوە. بەڵام بەوەشەوە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر وڵاتانی تورکنشینی رۆژهەڵاتی ئیسلامیدا هەبێت.

پرسی فەلەستین و ڕژیمی زایونیستی هەڵوێستێکی دیکەی دژ بە یەکی تورکیا و ئێرانە. کۆماری ئیسلامی ئێرانە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەردەوام پاڵپشتی خەڵکی ستەم لێ‌کراوی جیهان و بە تایبەت چەوساوانی فەلەستین بووە؛ هەر بەو هۆیە ڕژیمی داگیرکەری زایونیی بە فەرمی نەناسیوە و لە دژی وەستاوە. بەڵام تورکیا کە پێشتر حەزی لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ رۆژئاوا و ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورووپا بووە، ئەو ڕژیمە بە فەرمی ناسیوە و پەیوەندیی دیپلۆماتیکی لە گەڵدا بووە. بەڵام ئێستا بە وەرچەرخانی سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتە لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات و بۆ جێ پێ کردنەوە لە ڕەوتی فەلەستیندا و پاساوهێنانەوە بۆ پێگەی خۆی و پڕۆپاگەندەکردن بۆ نیشاندانی خۆی وەک یاوەری گەلی چەوساوەی فەلەستین پاپۆری مەرمەرەی خۆی بۆ شکاندنی گەمارۆی درێژخایەنی هێڵی غەزە ڕەوانەی ئەو بەنەدەرە کرد، بەڵام ڕەژیمی زایۆنی هێرشی کردە سەر پاپۆرەکەی تورکیا و ژمارێک لە هاووڵاتیانی تورکیای کوشت.

ئەم بابەتە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕەژیمی زایۆنی. لەو کاتەدا تورکیا وەک پاڵپشتی خەڵکی فەلەستین و بەرەی خۆڕاگری، ناوبانگی دەرکرد. بەڵام ئاکاری دواتری ئەو وڵاتە و کردنەوەی دووبارەی باڵوێزی ئیسرائیل لە پایتەختی وڵاتەکەی خۆی، هەڵەبوونی ئەو شرۆڤەیەی سەلماند.

هەر وەک پێشتر وترا، پرسی نەتەوەپەرەستی و ناسیۆنالیزم و پان تورکیزمی تورکیا یەک لەو پرسە گرینگانەی سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتەیە. ڕەنگە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەی فەرمی و ئاشکرا پشتیوانیی لە پان تورکیستەکانی ئێرانی دەرنەبڕی بێت یان ڕەنگە بە ڕواڵەت پان تورکیزمی لە وڵاتەکەی خۆیدا قەدەغە کردبێت، بەڵام بێ شک ئایدیالۆژیای زاڵ بە سەر تورکیادا تەواو لە گەڵ ئەو ڕوانگەیە دەگونجێت و بانگەشەی بۆ دەکات. ڕکابەریی دێرینی عوسمانی و تورکیای ئێستا لە گەڵ ئێران و تامەزرۆیی ئەو وڵاتە بە پەرەدان بە سەرزەوینەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، ئەنگێزەیەکی دیکەیە بۆ سەلماندنی پاڵپشتیی لە پان تورکیستە ئێرانییەکان.

کەواتە پان تورکیزم خوازراو یان نەخوازراو بۆتە کەرەستەیەک بۆ ئاژاوەنانەوە لە ئێران لە لایەن تورکیاوە. مەترسییەکی دیکەی پان تورکیستە پاڵپشتکراوەکانی تورکیا بانگەشە بۆ نەتەوەپەرەستیی تورک و ڕاکێشانی خەڵکی لە پێناو گۆڕینی پێناسەی کەسایەتییە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی ناوچەیە. لەو بوارەشدا بوونەتە دارەدەستی تورکیا بۆ دزەکردنی فەرهەنگیی لە پارێزگا تورکنشینەکانی وڵات.

لە پەنای پرسی پان تورکیزم دەبێ ئاماژە بە هەوڵە بەربڵاوەکانی دەوڵەتی تورکیا و بلیمەتانی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو وڵاتە بۆ بە تورک‌کردنی هەندێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی ئەدەبی فارسی بکەین. تورکیا نە تەنیا "مەولەوی ڕوومی"ی بە هۆی بوونی مەزارگەکەی لە تورکیای ئێستادا (کە پێشتر ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی پادشایی سەلجووقیی ئێرانی بووە) بە تورک دەناسێنێت، بەڵکوو زانایانی دیکەی زانستی، مێژوویی، ئەدەبی، فەلسەفی و عێرفانیی ئێران لە ڕیزی زانایانی تورک دێننە ئەژمار. ئەم بابەتە بەشێک لە ستراتژییە فەرهەنگی و سیاسیییەکانی شوناس‌سازیی دەوڵەتی مودێرنی تورکە و دامەزراوەگەلێکی وەک "بونیادی مێژووی تورک" زۆربەی خانەدانە ئێرانییەکانی لە ڕیزی حکوومەتەکانی تورکی پێناسە کردووە و بە گرێ دانەوەیان بە هەندێک حکوومەتی پێشووی ئاسیای ناوەندی و ئەوپەڕی ئاسیا، وێنەیەک لە هاوپەیوەستیی سیاسی و مێژوویی بۆ تورکەکان ئاراستە دەکات.

پەرەدان بە گەندەڵی لە رێگەی زنجیرە دراماکان لە ئێراندا

خاڵێکی دیکە کە دەبێ سەرنجی بدرێتی پرسی زنجیرە دراماکانی تورکیایە کە پڕاوپڕە لە بابەتی نەشیاو و نائەخلاقی کە بە دڵنیاییەوە لە گەڵ فەرهەنگی ئێرانی و ئیسلامیدا ناگونجێت. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە تورکیا ئەو زنجیرە درامایانەی تایبەت بۆ پەرەدان بە گەندەڵی لە ئێراندا بەرهەم هێناوە، چونکا ئەو بەرهەمانە لە ئێستادا لە چەندین وڵات و تەنانەت لە ئەمریکای باشووریشدا نمایش دەدرێن، بەڵام لە هەر حاڵدا نمایشی ئەوانە لە گەڵ فەرهەنگی ئیڕانی ئیسلامیدا ناخوێنێتەوە و پەرە بە باری نائەخلاقی دەدات.

لە لایەکی دیکەوە بوونی کەناڵی جێم (GEM) لەو وڵاتە، ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک بۆ پەیوەندیی سیستەماتیک لە نێوان ئەو کەناڵە و دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵام هاوئاهەنگبوونی پرۆگرامەکانی ئەو کەناڵە لە گەڵ ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا و نمایشدانی دراماگەلی چەواشەی تورکی لەو کەناڵانە جێی پرسیارە.

خاڵێکی جێی سەرنجی دیکە لە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا ناکۆکی و جیاوازیی مەزهەبییە. هەر دوو ولات موسڵمانن، بەڵام یەکیان بە زۆرینەی شیعەوە و بە هێمای ئیسلامی شیعی دەناسرێت ئەوی دیکەیان بە زۆرینەی سوننەوە وەک ناوەندی خەلافەتی سوننە ناوی لێ دەبرێت و هەر ئەم بابەتەش بۆتە هۆی ناکۆکییەکی دێرین و مێژوویی لە نێوان دوو وڵات لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە تا ئێستا. ئاستی ناکۆکیی مەزهەبی بە چەشنێک بووە کە دەوڵەتی عوسمانی دوای سەفەوییەکان و بە تایبەت لە سەردەمی قەجەردا زۆری هەوڵی داوە ڕەخنە بکاتە ناو زانایانی شیعە و لەو رێگاوە پەرە بە دەسەڵاتی ئایینیی خۆی بدات.

ئەم پرسە بۆتە هۆی ڕکابەریی ئێران و تورکیا لە جیهانی ئیسلامدا. ئەگەرچی ئێران بەردەوام لە لای خۆیەوە هەوڵی داوە بۆ نزیککردنەوەی مەزهەبەکان و یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی، بەڵام وڵاتانێک هەن کە نزیکبوونەوە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن و بەو پێیە هەوڵی هەڵگیرساندنی ئاگری ناکۆکی لە نێوان وڵاتاندا دەدەن. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی سووریا سەلمێنەری ئەو قسەیە. کەواتە پێویستە ئێران لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیادا بە هۆشیارییەوە بڕوانێتە سیاسەتی ئاژاوەنانەوەییەکانی لایەنی بەرامبەر.

News Code 12505

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 5 =