یادداشتی نێونەتەوەیی؛

سەفەری سەردار باقری بۆ ئەنقەرە؛ هۆکار و پاشهاتەکان

ناسەی هەواڵ: 4063719 -
سەفەری سەردار باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران بۆ تورکیا لە گۆشەنیگای جیاوازەوە گرینگ و جێی سەرنجە.

ئاژانسی مێهر، گرووپی نێونەتەوەیی – ئەمیر حسێن ڕەجەبی مێعمار*: دیداری ناوبراو لە گەڵ سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، وەزیری بەرگری و سەرۆک کۆماری تورکیا نیشاندەری تۆکمەبوونی زیاتری پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان دوو وڵات و کرانەوەی دەلاقەیەکی نوێ لە ڕووی ئەو پەیوەندیانەیە.

ئەم دیدارە کە پاش چەندین دەیە بۆ یەکەمین جار ئەنجام دەدرێت، لە قۆناغی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و گۆڕانکارییە بە پەلەکان و بە تایبەت لە دوو وڵاتی عێراق و سووریا، نیشاندەری ڕوانگەی تایبەتیی دوو وڵات هەمبەر بەو بارودۆخە و هەوڵیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی و کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی ناوچەیی پاش ڕابوونی وڵاتانی عەرەبییە.  

لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەو سەفەرە دەکرێت ئاماژە بە هەلومەرجی باکووری سووریا، بارودۆخی ناوچەکە لە پاش سەرهەڵدانی قەیران لە پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ قەتەر و هەروەها پەیوەندیی دوو لایەنە و پرسگەلێکی وەک هەڵچنینی دیواری سنووریی نێوان دوو وڵات و هەڵمەتە تیرۆریستییەکان لە سنوورەکاندا بکرێت.

باکووری سووریا و داهاتووی هێزە کوردییەکان

هەلومەرجی باکووری سووریا بە هیچ چەشنێک لە گەڵ نیگەرانی و داخوازییەکانی ئەنقەرە ناخوێنێتەوە. لە لایەکەوە هاوکاریی بەربڵاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەڵ هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا بە سەرکردایەتی کوردەکان و لە لایەکی دیکەوە پێشڤەچوونی بەردەوامی ئەو هێزانە بەرەو ڕەقە بۆتە کەڵکەڵەیەکی گرینگی ئاسایشی بۆ رێبەرانی تورکیا.

شکستی داعش، بەرەی نوسرە و ئەحرارولشام و سەقامگیرتربوونی زیاتری دەوڵەتی یاسایی سووریا، تورکیای لە دوو لاوە تەنگەتاو کردووە.

پاش تێپەڕبوونی ۶ ساڵ بە سەر قەیران و شەڕی ناوخۆیی سووریا، ئەنقەرە نە تەنیا نەیتوانیوە دەوڵەتی دیمەشق برووخێنێت، بەڵکوو بەرەوڕووی ئەگەری سەرهەڵدانی هەرێمێکی کوردیی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆتەوە.

لە بارودۆخێکی ئاوادا یارمەتی وەرگرتن لە تاران و داواکاری لە ئێران بۆ بەکار هێنانی پلە و پێگەی لە سووریادا لە پێناو کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا، بایەخێکی ئەوتۆی هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لێدوانە توندەکانی تورکیا لە دژی هێزەکانی باکووری سووریا و هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەو هێزانە، سەلمێنەری قووڵبوونی نیگەرانیی رێبەرانی تورکیایە.

قەیرانی قەتەر و هاوتەریب‌بوونەوەی ئێران و تورکیا

داخرانی لە ناکاوی پەیوەندییەکانی چوار وڵاتی عەرەبستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میسر و بەحرەین لە گەڵ قەتەر و پاشهاتەکان و پرسەکان بوونە هۆی ئەوەی کە ئێران و تورکیا لە بەرامبەر ئەو چوار وڵاتە پشتگیری لە قەتەر بکەن. هەڵبەت تاران و ئەنقەرە بیانووی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو کارە هەیە، بەڵام لەو سونگەوە کە عەربستان وەک سەرەکیترین بایکۆتگەری قەتەر، کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی دۆحە لە گەڵ ئێران و داخستنی بنکەی سەربازیی تورکیا لەو وڵاتەی بە پێشمەرجی ئاشتبوونەوە لە گەڵ قەتەر ڕاگەیاندووە، ئاساییە کە ئێران و تورکیا لە پرسی قەتەردا ببنە خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش.

بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران کە بۆ یەکەمین جار لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەنجام دەدرێت، بە ئاگاداری لە ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستان، نیشاندەری گۆڕانکاریی بەئەسپایی لە هەڵوێستەکانی تورکیا بە نیسبەتی داهاتووی ناوچەیە.

هاوکات دەبێ ئاماژە بەويش بدرێت کە ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە وڵاتی قەتەردا لە نزیکیی سنوورەکانی ئێران و شوێنێکی ستراتژیکی وەک کەنداوی فارس، بە بێ پشتگوێ خستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران جێبەجێ نابێت. بەرزبوونەوەی ژمارەی هێزەکان و چەک و چۆڵی جێگرکراوە لە بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە قەتەردا کە دوای تەشەنەسەندنی قەیران هاتۆتە ئاراوە، لە خۆیدا پاشهاتی سیاسی و ئەمنیی تایبەتی لە ناوچەدا دەبێت.

دیواری سنووری، گرووپه‌تیرۆریستیه‌کان و قاچاخ

جموجۆڵی گرووپە تیرۆریستەکان لە سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات و هەروەها پرسی قاچاخ یەکێکی دیکە لە تەورە تاوتوێ کراوەکانی ئەو سەفەرەیە. بە ئاوردانەوە لە ئامادەبوونی فەرماندەی سنوورڤانیی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ چاوەروانی ئەو بین کە پرسە هاوپەیوەندەکان بە هەڵچنینی دیواری سنووری کە لە لایەن تورکیاوە چێ دەکرێت، خرابێتە ڕوو.

کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لە سنوورەکانی دوو وڵات زۆر گرینگە و لە دابین کردنی ئاسایشی سنووری دوو وڵاتدا ڕۆڵێکی بێ هاوتا دەگێڕێت. بەرەنگاربوونەوەی کارا لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان و پێشگری لە ئەنجامدانی هەڵمەتی تێکدەرانەیان پێویستی بە هاوئاهەنگیی وردبینانە، بەردەوام و پڕۆفێشناڵ لە لایەن ئێران و تورکیایە.

لە ئەنجامدا دەکرێت بەو ئاکامە بگەین کە سەفەرێکی لەوجۆرە لە ئێستادا نیشاندەری گۆڕانی ڕوانگەی ئەنقەرە لە پاش گۆڕانکارییەکانی هەلومەرجی مەیدانی و سیاسی لە ناوچەدا و بە تایبەت سووریا و عێراقە. ئازادکردنەوەی مووسڵ، ئامادەیی هێزە عێراقییەکان بۆ ئازادکردنەوەی تەلعەفەر، گەیشتنی هێزە سووریایی و عێراقییەکان بە سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات، ڕەخساندنی هەلی ئازادکردنەوەی ڕەقە و شکستی هێزە تەکفیرییەکان لە ناوچەدا کە سەردەمانێک دارەدەستێکی بە هێزی تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی و عەرەبی لە پێناو لاوازکردنەوەی بەرەی خۆڕاگری بوون، تێکرا تورکیایان ناچار کردووە بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆیدا بچێتەوە.

شایانی باسە کە ئەنقەرە بەرەوڕووی ڕاستیگەلێکە کە توانای گۆڕینیانی نییە و هەلومەرجەکان بە شێوەیەکی نەگۆڕ بە زیانی ئەو وڵاتە دەچنە پێش. لەو هەلومەرجەدا تورکیا هەوڵ دەدات تا لە رێگای دانوستان و گفتوگۆ لە گەڵ ئێران بتوانێ زیانە پێشهاتووەکان بە هۆی پێوشوێن گرتنی سیاسەتە ناکارامەکانی خۆی لە ناوچەدا، تا کەمترین ئاستی مومکین دابەزێنێتە خوارێ و خۆی بنیات بنێتەوە.

هەڵبەت نابێ لە سەر ئەو بڕوایە بین کە تورکیا بە گشتی لە ئامانج و پلانەکانی خۆی لە پێناو دەستەبەرکردنی داهاتووی ڕیسای سیاسی و ئەمنیی ناوچە بکشێتەوە، چونکا پاش ئەو هەموو تێچووە مادی و مەعنەوییەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناڤین لەم چەند ساڵەدا، وردە وردە ڕۆخساری داهاتووی ناوچە و شەترەنجی سیاسییەکەی لە ئاسۆدا دەردەکەوێت.

* بەرپرسی بەشی تورکیاناسیی ناوەندی توێژینەوە زانستی و شرۆڤە ستراتژیکەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین.

ناردنی بۆچوون

2 + 16 =