ئاک پارتی و مەهەپە خۆیان ئامادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن

هاوسەرۆکی زیندانی کراوی هەدەپە هۆشداری دا کە ئامانجی پارتی داد و گەشە (AKP) و بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست (MHP) لە زیندانی کردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە، ئامادەبوون بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بە ڕاپۆرتی ئاژنسی مێهر بە گێڕانەوە لە حوڕییەت، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانی کراوی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە پەیامێکیدا بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی "ویژدان و عەداڵەت"، ڕایگەیاند: پارتی داد و گەشە (AKP) و بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست (MHP) خۆیان ئامادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت کردووە.

ناوبراو لەو پەیامەدا جەختی لەوەش کردۆتەوە: "هاوپەیمانی نێوان ئاک پارتی و مەهەپە دەستیان بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت کردووە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەوان من و هاوڕێکانم لە زیندان دەهێڵنەوە".

دەمیرتاش لە درێژەی پەیەمەکەیدا بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی وێرای داکۆکی بۆ خۆئامادەکردنی سەرجەم ئەندامانی پارت و ڕێکخراوە ناوچەییەکان و گەنجان و ئافرەتان لەو هەڵبژاردنە پێشوەختەدا، جەختی لەوەش کردەوە: "بە دڵنیاییەوە ئێمە ناترسین لە چوونمان بۆ بنکەکانی دەنگدان".

ناوبراو وتیشی: "لەکاتێکدا ئێمە دژی نادادپەروەری وەستاوینەتەوە، دەبێت گەلەکەشمان بۆ هەڵبژاردنەکان ئامادەکەین. گەلی ئێمە دەبێت لەوە دڵنیابێت کە ئەگەرچی زۆربەی ئێمە زیندانی کراوین، هەدەپە بە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی مێژووی سیاسیدا تێدەپەڕێت. ئێمە پارتی سەرەکین کە بڕیار لەسەر سیاسەتی داهاتووی تورکیا دەدەین. هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی بە بێ هاوپەیمانی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێمەدا، ناتوانێت سیاسەتی داهاتووی تورکیا داڕێژێت".

هاوسەرۆکی هەدەپە بە ئاماژە بە دەنگدەران و لایەنگرانی پارتەکەی ڕاشیگەیاند: "دەزانم لەژێر گوشار و هەڕەشەیەکی گەورەدان. ئێمە بە سەردەمێکی فاشیستیدا تێدەپەڕێن کە پێویستی بە بوێری و تەنانەت چوونە سەر شەقامەکانیش هەیە. بەڵام ئەگەر ئێمە خۆمان بدەین بەدەست ئەم ترسانە و ملکەچی فاشیزمێکی لەم شێوەیە بین، ئەوە جگە لە داهاتوویەکی بەئازار هیچ بۆ منداڵەکانمان جێناهێڵین".

دەمیرتاش جەختی لەوەش کردەوە: هیچ گوشار و هێزێک ناتوانێت پەیوەندیی نێوان هەدەپە و خەڵکی بپسێنێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە گەڵ دە پەرلەمانتاری دیکەی ئەو پارتە لە مانگی نوامبێری ٢٠١٦ـەوە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی تیرۆر" زیندانی کراون. جگە لەوە لە سەر داوای پەرلەمانی تورکیا سێ پارلەمانتاری هەدەپە پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوور خرانەوە.

News Code 11967

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 2 =