پاش سه‌ربڕینی هێزێکی ئێرانی؛

سه‌ردار سلێمانی هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ داعش ده‌کات

ناسەی هەواڵ: 4057319 -
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا داعش له‌ سووریا ڕاوێژکارێکی ئێرانی ده‌ستگیر کرد و به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌ سه‌ری بڕی، سه‌ردار سلێمانی به‌م هۆیه‌وه‌ په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م شه‌هیده‌ کرد.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، هه‌فته‌ی ڕابردوو گرووپی تیرۆریستی داعش ڕاوێژکارێکی سه‌ربازیی ئێرانیان به‌ ناوی موحسن حوجه‌جی به‌ به‌رچاوی کامێراکانه‌وه‌ سه‌ربڕی و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان له‌ ئێران کرد.

ئه‌م ڤیدیۆیه‌ و شه‌هید بوونی که‌سێکی ئێرانی ده‌نگۆی زۆری له‌ ئێراندا به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ و بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌یی زیاتری خه‌ڵکی ئێران. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ سه‌ردار قاسم سلێمانیش په‌یامێکی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م شه‌هیده‌ کرد و نووسی: خه‌ڵکی ئێران و به‌ تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید موحسن حوجه‌جی دڵنیا بن که‌ ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌کانی ئێران تۆڵه‌ی ئه‌م کاره‌ دڕندانه‌ له‌ داعش ده‌سێننه‌وه‌ و له‌ ڕیشه‌ ده‌ریان ده‌ێنن.

ئه‌و زیادی کرد: دوای شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی داعشییه‌کانی سه‌ر به‌ داگیرکاری جیهانی له‌ به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی خۆڕاگری، گرووپی تیرۆریستی داعش ده‌ستی بۆ جه‌نایه‌تێکی نامرۆڤانه‌ برد که‌ له‌ هیچ یاسا و ڕێسایه‌کدا ناگونجێت.

سلێمانی ئاماژه‌ی داوه‌: ئه‌م جۆره‌ جه‌نایه‌تانه‌ که‌ تاکوو ئێسته‌ به‌ ده‌یان جار له‌ دژی خه‌ڵکی سووریا و عێراقیش ڕووی داوه‌ ته‌نیا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی زیاتری ئه‌م تیرۆریستانه‌ ئاشكرا ده‌کات و ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌ر حه‌قی خۆمان دڵنیاتر ده‌کاته‌وه.

ئه‌و له‌ کۆتاییدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆیی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید حه‌جه‌جی کرد و جه‌ختی کرد: ئه‌م شه‌هیده‌ گه‌وره‌ مایه‌ی شانازی هه‌موو ئێرانییه‌کانه‌. ئێران له‌ پێناوی ئازادی و ڕزگار کردنی دینی ئیسلام به‌رده‌وام ئاماده‌یه‌ شه‌هید بدات و له‌ خوای گه‌وره‌ داوا ده‌که‌م به‌هه‌شتی به‌رین جێگه‌ی شه‌هید موحسن حوجه‌جی بێت.

ناردنی بۆچوون

5 + 9 =