دیارێکی باشم نەدەنێ، ناچمە عەرەبستان

عەمار حەکیم بە داکۆکی لەوەی کە دامەزراندنی حزبی نوێ بە مانای تێکچوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ گەورەکانی ئەنجومەنی باڵا نییە، وتی: ئامانجی ئێمە لە دامەزراندنی ئەو پێکهاتە نوێیە هاوتەریب بوون لە گەڵ گۆرانکارییە نوێیەکان و وەدی هێنانی پێداویستی و داواکاریی جیلی گەنجی عێراقە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، شاندی میدیایی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە بەڕێوەبەرانی میدیایی بە سەرپەرەشتیی عەلی موعەزی، بەرێوەبەری ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی دەوڵەت پێکهاتووە، لە درێژەی دیدارەکانی لە سەفەری عێراق لە گەڵ سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی حزبی تازە دامەزراوەی "الحکمة الوطنی" دیدار و گفتوگۆیان کرد.

سەید عەمار حەکیم سەرەتا و لە وەڵامی پیرۆزبایی شاندی میدیایی بە بۆنەی ئازاد کردنەوەی مووسڵ لە بندەستی داعش، لە لای خۆیەوە ئەو ڕووداوە گرینگەی بە گەل و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پیرۆزبایی وت.

ناوبراو لەوبارەوە وتیشی: لە سەرەتای سەرهەڵدان و هاتنی داعش بۆ عێراق و گەیشتنیان لە ماوەی دوو تا سێ حەوتە بە بەغدا، ئەوە ئێرانییەکان بوون کە بە پشتیوانیی خۆیان و پاڵپشتیی رێبەری باڵای شۆڕش پێشگریان کرد لە ڕووخانی عێراق، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هیچ کام لە ڕاوێژکارانی رۆژئاوایی ناو عێراق، ئامادە نەبوون بێنە هانای ئەم وڵاتەوە.

سەید عەمار حەکیم سەرۆکی حزبی نوێی "الحکمة الوطنی"ی عێراق لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە ئامانج لە دامەزرانی حزبی نوێ و خاڵە گوماناوییەکان لەبارەوە وتی: لە ساڵی 2009 و پاش سەرنەکەوتنی ئەنجومەنی باڵا لە بواری سیاسیی وڵاتدا، بەو ئەنجامە گەیشتم کە پێکهاتە و ستراتژیی ئەو ئەنجومەنە پێویستی بە پێداچوونەوە و جل گۆڕینە بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاوردانەوە لە واقیعەکانی ئێستای کۆمەڵگای عێراق پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بە دەست بێنێتەوە.

ناوبراو وتیشی: ئەو هەڵوێستە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاستی باڵای ئەنجومەن خرایە رۆژەڤەوە، بەڵام بە هۆکاری نادیار لە لایەن هاوڕێیانەوە پێشوازی لێ نەکرا، هەتا ئەوەی کە لە ئاکامدا ئەم بڕیارەی ئێستا و دامەزرانی حزبێکی نوێی لێ کەوتەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای شیعەکانی عێراق بە داکۆکی لەوەی کە دامەزرانی ئەو حزبە نوێیە بە هیچ جۆرێک بە مانای تێکچوونی پەیوەندییەکان و خۆشەویستیی ئەو بۆ گەورەکانی ئەنجومەنی باڵا نییە، زیادی کرد: ئامانجی ئێمە لە دامەزراندنی ئەو پێکهاتە نوێیە هاوتەریب بوون لە گەڵ گۆرانکارییە نوێیەکان و وەدی هێنانی پێداویستیی کۆمەڵگا بە پێوەری داواکاریی جیلی گەنجی عێراقە.

سەید عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەش دا: بارودۆخی نوێی ئاخێزگەی جیلی گەنج لە عێراقدا پێویستی بە پێداچوونەوە و وردبوونەوەی دووبارە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان هەیە و لەو ڕووەوە هەوڵ دەدەین ڕوانینێکی نوێ بۆ ڕاکێشانی جەماوەرێکی زیاتری ئەو جیلە، بگرینە بەر.

سەرۆکی حزبی تازە دامەزراوەی"الحکمة الوطنی" بە پێداگری لەوەی کە بڕیار نییە هیچ ڕکابەرییەکی نەرێنی لە نێوان ئێمە و هاوڕێیانی دیکەمان لە گرووپەکانی دیکە بە تایبەت لە ئەنجومەنی باڵادا بێتە ئاراوە، وتی: من هەر ئەو سەید عەمارەم کە بووم، بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەو خاڵە بین کە بە رۆژ بوون لە بواری کردەوەی سیاسی پێویستی بە گۆڕینی هەندێک هەڵوێست بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ جیلی نوێی کۆمەڵگای عێراقدا هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییشدا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەفەری چوونی بۆ عەرەبستان، بیری هێنایەوە کە ماوەیەک لەوە پێش لە لایەن دەوڵەتی سعوودییەوە پەیامێکیان بۆ ناردووە سەبارەت بەوەی کە ئەگەر بانگهێشت بکرێت، ئایا حازرە سەردانی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بکات؟ و ئەویش لە وەڵامدا پێی وتوون "ئەگەر دیاریی سەرکردەکانی عەرەبستان بۆ من دەرچوونیان لە بەحرەین و دەست هەڵگرتن لە کوشت و بڕی خەڵکی چەوساوەی یەمەن بێت، بە دڵنیاییەوە داوای بانگهێشتتان وەردەگرم و دێمە عەرەبستان".

سەید عەمار حەکیم وتیشی: بێ شک ئەو داواکارییەی من لە لایەن ئەوانەوە ڕەت کرایەوە، هەر بۆیە جارێ بەمزووانە نامەوێ سەردانی عەرەبستان بکەم.

لەو دیدارەدا عەلی موعەزی سەرپەرەشتی شاندی میدیایی ئێران لە کرانەوەی بەستێنی نوێی هاوکاریی میدیایی نێوان دوو وڵات، بە ئاوردانەوە لە ڕێککەوتنە ئەنجام دراوەکان لەو سەفەرەدا هەواڵی دا و ئەو پەیوەندییەی وەک دەرفەتێکی لە بار بۆ هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق لێک دایەوە.

شیاوی ئاماژەیە رۆژی یەکشەممە ۸ی گەلاوێژ شاندێکی میدیایی ئێران بە سەرپەرەشتیی عەلی موعەزی، بەرپرسی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، لە سەر بانگهێشتی یەکێتی رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی عێراقی و بە هەوڵ و هاوئاهەنگیی ئیدارەی گشتیی چاپەمەنییە بیانییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، گەیشتە بەغدا و وێرای سەردان کردنی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی "العراقیه" و کۆبوونەوە لە گەڵ شاندی سەربەخۆی پەیوەندی و میدیایی عێراق، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی دیدار و گفتوگۆیان کرد.

News Code 11694

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =