ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نایاساییە

شێخ محەمەد سەهیود بە ئاماژە بە نایاسایی بوونی پرسی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، وتی: بڕیارەکانی بارزانی وەک کەسێک کە ماوەی سەرۆکایەتیی ته‌واو بووه‌ و شەرعییەتی نییە، تەواو نایاساییە.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - ڕامین حسێن ئابادیان: هیزەکانی عێراقی پاش ٨ مانگ شەڕ و پێکدادنی قورس لە گەڵ تیرۆریستانی داعش، لە ئەنجامدا توانیان ناوچەکانی مووسڵ و هاوێری لە بندەستی ئەو گرووپە تیرۆریستییە ئازاد بکەن. ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ لە پارێزگای نەینەوا رۆژی ۱۶ی ئاکتەوبری ساڵی ڕابردوو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداریی عێراق دەستی پێ‌کرد.

لەم ماوەیەدا هێزەکانی عێراقی زەختێکی زۆریان گەیاندۆتە جەستەی داعش. بەشداریی حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنە وەک بڕیارێکی گرینگ و ستراتژیکی لە لایەن فەرماندەی گشتیی ‌هێزی چەکداریی عێراق و ڕۆڵی بەرچاوی ئەو هێزانە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، بووە هۆی هێرشی زمانی سەرکردە رۆژئاوا – عەرەبەکانی ناوچە بۆ سەر ئەو هێزە خۆبەخشە جەماوەرییە. بەوەشەوە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی تەلعەفەریشدا بەشدار دەبێت.

ئەو لە کاتێکدایە کە عێراق لەم دواییەدا بەرەڕووی گۆڕانکاریی سیاسیی وەک بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە لایەن هەرێمی کوردستان و دەست لە کار کێشانەوەی سەید عەمار حەکیم لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و کردنەوەی حزبی "حیکمەتی نیشتمانی" لە لایەن ناوبراوەوە، بووە.

هەواڵنێری ئاژانسی مێهر سەبارەت بەو گۆرانکارییانە لە گەڵ شێخ محەمەد سەهیود نوێنەری پەرلەمانی عێراق وتووێژێکی ساز داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* لەم دواییەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشداریی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شاری تەلعەفەر هەواڵی دا. بەشداریی حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنە هەستیارە چۆن لێکدەدەنەوە؟

ـ گرووپی حەشدی شەعبی ڕێکخراوێکی یاسایی سەربازی لە چوارچێوەی هێزی چەکداریی عێراق دێتە ئەژمار. لە لایەکی دیکەوە، حەشدی شەعبی لە ڕەوتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تێیدا بەشدار بووە، دەسکەوتی زۆر گرینگی مسۆگەر کردووە کە نموونەی بەرچاویان ئازادکردنەوەی شاری مووسڵە. هاوکات حەشدی شەعبی تا ئێستا ئازایەتی و لێبردوویی زۆری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە خۆ نیشان داوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکان بەشداریی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی تەلعەفەر بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکان، پێویستە. بێ شک بەشداریی حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنەدا سەرکەوتنی زیاتری بە دواوە دەبێت و ئەو هێزانە سەلماندوویانە کە بەردەوام شانبەشانی سوپای عێراق شەڕیان کردووە و شەڕ دەکەن.

* ئێوە چۆن دەڕواننە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق؟ ئەمریکاییەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسل-یشدا بەشدار بوون. ئایا بەشداریی ئەوان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی عێراق هیچ کاریگەرییەکی ئیجابی یان نەرێنیی بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق بە دواوە بووە؟

ـ سەرەتا دەبێ بڵێم کە تەواو ئەو دەسکەوتانەی لە عێراق مسۆگەر بوون بەرهەمی ئازایەتیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بووە، تەنانەت ئازادکردنەوەی شاری مووسل-یش بەرهەمی لە خۆبردوویی ئەو هێزانە بوو. ئەگەر ئەو لەخۆبردووییە نەدەبوو هیچکات دەسکەوتی ئاوا گەورە و مێژوویمان نەدەبوو. هەڵبەت وڵاتانێک لە بەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش پشتیوانیان لە عێراق کردووە و ئێمە ئەو یارمەتیمەمان لە بەرچاوە و سپاسیان لێ دەکەین.

جگە لەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانە کە لە تەواو بەرەکانی شەڕ دژی داعش بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی لە هێزەکانی عێراقی کردووە و پێویستە لەوبارەوە سپاسی خۆمان ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین. خاڵی بەرچاو لێرەدا ئەوەیە کە داعش تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر عێراق، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر تەواو وڵاتانی جیهانی.

هەڵمەتی تیرۆریستیی ئەو گرووپە بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی و لەوان فەڕەنسا خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە. کەواتە پشتیوانیی کۆمەڵگای جیهانی لە عێراق لە شەڕی داعش تا ڕادەیەکی زۆر بەو هۆیە بووە.

* هەر وەک دەزانن "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک لە بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق ناکشێتەوە. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو ڕیفراندۆمە؟

ـ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە تەواو مانا نایاسایی و بە پێچەوانەی تەواو یاسا نێودەوڵەتییەکانە. بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنیا گەلانی داگیرکراو و ژێر ستەم دەتوانن چارەی خۆنووسیی خۆیان دیاری بکەن.  بەڵام کوردەکانی عێراق نە داگیرکراون و نە لە ژێر ستەم دان تا بیانەوێ لە ژێر ناوی چارەی خۆنووسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە ببەن. کوردەکان لە عێراقدا یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتەن و هەر بۆیە هیچکات یاسا نێودەوڵەتییەکانی داواکارییەکی لەو چەشنە بە هەند وەرناگرێت.

لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بە تەواو مانا پێشێل کردنی دەستووری عێراقیشە، چونکا دەستووری عێراق داکۆکی لە یەکپارچەیی و هاوڕێزیی و سەروەریی نیشتمانی دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بەستێن بۆ ئاژاوە و ناکۆکی و لێک دابڕان خۆش دەکات. خاڵی دواتر ئەوەیە کە مەسعوود بارزانی چیتر سەرۆکی شەرعیی هەرێمی کوردستان نییە و سەرۆکایەتیی ئێستای بە سەر هەرێمدا نایاساییە. کەواتە دەرکردنی هەر جۆرە بڕیارێک لە لایەن کەسێکەوە کە خۆی شەرعییەتی بۆ نییە، بێ شک نایاساییە.

لەمناوە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمبەر بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان تەواو ڕوون و ئاشکرایە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتیی خۆی لەوبارەوە ڕاگەیاندووە. یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاندووە کە دژی ئەو هەنگاوەی هەرێمی کوردستانە. تورکیا و ئێرانیش بە هەمان شێوە دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە. هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕیفراندۆمە بە فەرمی ناناسێت و بە یاسایی نازانێت.

بە گشتی ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەست لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بۆ وەدی هاتنی ئارەزووی تاقمێکە و لە پێناو داسەپاندنی دیکتاتۆرییەت بە سەر کوردەکانی عێراقدا دەکرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەواو ئازادی و سەرمایەی کوردەکانی هەرێمی کوردستانی تاڵان کردووە و ئێستا هەوڵی ئەوە دەدات سەروەریی یەکلاکراوەی خۆی بە سەر کوردەکاندا داسەپێنێت.

* چۆن دەڕوانیتە کشانەوەی سەید عەمار حەکیم لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. هەندێک لایان وایە ئەو کارە دوای تەشەنەسەندنی ناکۆکییە بنەماییەکانی نێوان سەید عەمار و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا ئەنجام دراوە. ڕای ئێوە لەوبارەوە چیە؟

ـ کشانەوەی سەید عەمار حەکیم لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە پێناو هەڵگرتنی هەنگاوێکی سیاسی بووە و ئەو مافە بۆ سەید عەمار پارێزراوە کە داهاتووی سیاسیی خۆی دیاری بکات. پێدەچێت کە جیابوونەوەی عەمار حەکیم لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دوای ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکان بووە و هەم حەکیم و هەمیش ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە ڕایانگەیاندووە کە ڕێز لە ڕاوبۆچوونی یەکتر دەگرن. کەواتە باسێک لە ناکۆکی و دژایەتی لە نێوان لایەنەکان لە ئارادا نییە.

News Code 11580

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 9 =