پشتیوانیی هەندێ وڵات لە تیرۆریزم/ئێران لە کودەتا پشتی تورکیای بەر نەدا

کارناسانی ئێرانی و تورکیا بە ئاماژە بەوەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان بە دوای ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەوەن، جەختیان لە هاوکاریی زیاتری ئێران و تورکیا کردەوە.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، سمیناری هاوبەشی ناوەندی توێژینەوەی ستراتژیکی کەناڵی TRTی تورکیا و نووسینگەی توێژینەوەی سیاسی و نێونەتەوەیی وەزارەتی دەرەوە لە ژێر ناوی "پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئێران و تورکیا پاش کوودەتای ١٥ی جووڵای ۲۰۱۶" بە بەشداریی کارناسانی ئێرانی و تورکیایی لەو ناوەندە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنە مەهمەت مەهدی ئەکەر جێگری سیاسەتی دەرەوەی ئاک پارتی بە داکۆکی لە وەستاندنی کوودەتای خوێنینی ١٥ی جووڵای لە لایەن گەلی تورکیاوە، ڕایگەیاند: ئەوان لە پێناو پاراستنی دیموکراسی، ورەی نیشتمانی و مافی هاووڵاتیی خۆیان ئەو کارەیان کرد و پشتیوانیان بۆ دەوڵەتی هەڵبژاردەیان ڕاگەیاند.

ناوبراو وتیشی: ئامانجی کوودەتاکاران لە کوودەتا نە تەنیا ڕووخاندنی حکوومەتی تورکیا، بەڵکوو ڕووخاندنی وڵات لە تەواو بوارەکان بوو و تەنیا بە کوودەتایەکی ئاسایی سەربازیی نەدەوەستان.

جێگری سیاسەتی دەرەوەی ئاک پارتی وێرای ئاماژە بە پلانداڕێژیی کوودەتا لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە، زیادی کرد: ڕێکخراوی گولەن پڕمەترسی‌ترین ڕێکخراوە لە ئاستی جیهانە و گولەن نە تەنیا لە تورکیا، بەڵکوو دزەشی کردۆتە چین، ئەمریکا، ئۆستراڵیا، کەنەدا و فیلیپین.

ئەکەر ئاگادارکردنەوەی ئەو وڵاتانەی هەمبەر بە ئامانجە دزێوەکانی ڕێکخراوی گولەن، بە ئەرکی گشتی زانی و وتی: ئێمە دەبێ ئەندامانی گرووپی گولەن کە لە ڕواڵەتی جۆراوجۆردا دەردەکەون، بناسێنین و بە هاوڕێیانم ڕاگەیێنین.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێستی ئێران هەمبەر بە تورکیا کرد و ڕایگەیاند: ئێمە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە لە شەوی کوودەتا پشتیان بەرنەداین و پشتیوانیان بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند. ئێمە سەرەڕای ناکۆکییەکان ڕێز لە یەکتری دەگرین.

جێگری سیاسەتی دەرەوەی پارتی داد و گەشە لە درێژەدا تیشکی خستە سەر گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە و وتی: گرووپگەلی تیرۆریستیی وەک پەکەکە و گولەن بە دوای ناسەقامگیرکردنی ناوەچەوەن. هەندێک لە وڵاتان یارمەتیی ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوەکانی تیرۆریستی نادەن، هەروەها ئاگاداری ئەوە هەین کە ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی هەندێک لە وڵاتان، گەلێ جار هاوکاریی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن و بەهرەیان لێ وەردەگرن.

ئەکەر ڕووانییە دەستگیرییە بەربڵاوەکانی تورکیا لە سەردەمی پاش کوودەتا و پێشێل کرانی پرسی دیموکراسی لەو وڵاتە و ڕوونی کردەوە: بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە دیموکراسی تەواو بە سەر تورکیادا زاڵە و تورکیا هیچ ستەمێکی لە دژی رۆژنامەنووسان و کەسانی ناو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان نەنواندووە، مەگەر ئەوەی کە ئەو کەسە پەیوەندی یان هاوکاریی لە گەڵ گرووپێکی تیرۆریستیدا بووبێت. ئەوەی ئیستا لە تورکیا دەکرێت جێگرکردنی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتە و لەو ڕووەوە دەبێ بە هەنگاوێکی شەرعی و ڕەوا سەیری بکرێت.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لە هاوکاریی ئاک پارتی و پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لە گەڵ گرووپە سەلەفییەکان، ڕایگەیاند: ئاک پارتی هەرگیز لە گەڵ گرووپگەلی تیرۆریست و سەلەفی لە رۆژهەڵاتی ناڤین هاوکاری نەبووە. تورکیا گەلی جار بۆتە ئامانجی ئەو گرووپانە و ئێمە هەرگیزاوهەرگیز هاوکاری و یارمەتیی گرووپە سەلەفییەکانی ناوچە نادەین.

جێگری سیاسەتی دەرەوەی پارتی داد و گەشە لە کۆتاییدا هاوکاریی سێ قۆڵیی ڕووسیا، ئێران و تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و عێراقی نرخاند و وەک هاوکارییەکی کاریگەر لە شەڕی تیرۆریزم زانی.

لە درێژەی ئەم سمینارە محەمەد کازم سەجادپوور، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ناوەندی ڕاهێنان و توێژینەوەی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوانییە پەیوەندییە مێژووییەکانی ئێران و تورکیا و بوارە ئامادەکانی بەردەم پەرەدان بە هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکە "خانم کاندمیر" بەرپرسی توێژینەوەیی کەناڵی TRTی تورکیا، "ڕەسووڵ سەردار ئاتاس" بەرێوەبەری جێبەجێ‌کاریی کەناڵی TRTی تورکیا، "گالیپ داڵای" بەرپرسی توێژینەوەیی ڕێکخراوی "الشرق" و محەمەد جەمشیدی مامۆستای تاران، ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا خستەڕوو.  

لەمناوە بەرپرسی توێژینەوەیی کەناڵی TRT باسی لە هەڵسوکەوتی میدیاکانی تورکیا لە شەوی کوودەتای ١٥ی جووڵای ۲۰۱۶ و چۆنیەتیی ڕۆماڵ کردنی هەواڵەکان کرد.

هەروەها جەمشیدی ئاماژەی بە هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی ئێران و تورکیا لە ناوچەدا کرد و کۆبوونەوەی ئاستانە و هەوڵی هاوبەشی ئێران و تورکیای بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا وەک نموونەیەکی شازی ئەو هاوکارییانە لێکدایەوە.

News Code 11532

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =