به‌لابردنی حه‌سر، دادگایی تاوانبارانی فیتنه‌ی ۸۸ ده‌ستپێده‌کات

ئایه‌توڵا ئامولی لاریجانی وتی: ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م فه‌رمانه‌ش هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و حه‌سر کۆتایی پێبێت، تازه‌ کاری دادگایی کردنی ئه‌م که‌سانه‌ ده‌ست پێ ده‌کات.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ئایه‌توڵا ئامولی لاریجانی، سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی دادی ئێران سه‌باره‌ت به‌ لابردنی حه‌سر له‌ سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی تاوانایان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ۱۳۸۸ی هه‌تاوی ئه‌نجام داوه‌، وتی:  ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م فه‌رمانه‌ش هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و حه‌سر کۆتایی پێبێت، تازه‌ کاری دادگایی کردنی ئه‌م که‌سانه‌ ده‌ست پێ ده‌کات.

سه‌رۆکی دادی ئێران سپاسی به‌شداری کردنی خه‌ڵکی ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێرانی کرد و وتی: دابین کردنی ئه‌منیه‌ت و یه‌کگرتوویی و به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌یه‌. هه‌موو به‌رپرسانی ئێران به‌رپرسن له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه‌ سه‌ربه‌رزه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری و کێشه‌ی ئابووری هاتنه‌ سه‌ر سه‌ندووقی ده‌نگدان و جارێکی دیکه‌ ده‌نگیان به‌ کۆماری ئیسلامی دایه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی خه‌ڵک یه‌که‌مایه‌تییه‌.

ئه‌و زیادی کرد: هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری دوژمنانی ئێران بۆ ناوچه‌که‌ و دیمان چۆن لێدوانی هیچ و پووچیان له‌ دژی ئه‌م وڵاته‌ دا، به‌ڵام خه‌ڵک جارێکی دیکه‌ به‌ ده‌نگدان نه‌خێرێکی گه‌وره‌یان به‌م که‌سانه‌ وته‌وه‌. له‌ میانه‌ی دیبه‌یته‌کاندا بڕێک له‌ به‌ربژاره‌کان قسه‌گه‌لێکیان کرد که‌ ده‌بێت له‌ کاتی خۆیدا به‌دوادا چوونی بۆ بکرێت. هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران به‌و مانا نییه‌ که‌ هه‌ر که‌س هه‌رچی دڵی خواستی بڵێت و بێ ئه‌خلاقی بکات، بۆ ئێمه‌ پاراستنی بایه‌خه‌ دینییه‌کان و ئه‌خلاق گرنگی هه‌یه‌.

سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی دادی ئێران وتی: له‌ که‌شێکداین که‌ بڕێک که‌س ده‌یانه‌وێت به‌ گوشاری پۆپۆلیستی ئامانجی خۆیان بسه‌پێنن، من له‌مه‌ به‌ گومانم، ساڵی ۸۸یش بڕێک که‌س ویستیان که‌ به‌م کاره‌ گوشار بۆ حکومه‌ت دروست بکه‌ن به‌ڵام خه‌ڵک به‌ توندی وڵامیان دایه‌وه‌، ناکرێت داواکاری نایاسایی بکرێت و بمانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی گوشاری خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ ئامانجه‌کانی خۆمان بگه‌ین.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ لابردنی حه‌سر له‌ سه‌ر چه‌ند که‌سێک له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ۸۸وه‌ وتی: ئێمه‌ ده‌بینین که‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ چی ڕوو ده‌دات، ئه‌م کاره‌ له‌ ڕووداوه‌کانی ساڵی ۸۸ ده‌چێت، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ له‌م که‌سانه‌ و ئه‌م مێدیانه‌ که‌ له‌ دوای دروست کردنی که‌شێکی وان ، ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ ده‌ست له‌م کارانه‌ هه‌ڵبگرن ئه‌گه‌رنا ڕێکخراوی داد ناچار ده‌بێت ڕێکاری یاسایی بگرێته‌ به‌ر.

ئه‌و وتی: باڵاترین ناوه‌ندی ئه‌منیه‌تی وڵات له‌مباره‌وه‌ بڕیاری داوه‌. بۆ لابردنی حه‌سریش وه‌ک هه‌ر بابه‌تێکی دیکه‌ ده‌بێت پڕۆسه‌که‌ی خۆی ته‌واو بکات و ناکرێت له‌ سۆزی خه‌ڵک سوود ببه‌ین و هاوڕێی فیتنه‌ی ۸۸ بکه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ هوشدار ده‌ده‌ین که‌ ئه‌مه‌ ڕێگه‌ی دروست نییه‌ و ئێمه‌ ناچار بین ڕێکاری یاسایی ده‌گرینه‌ به‌ر.

ئایه‌توڵا ئامولی لاریجانی زیادی کرد: ئه‌وه‌ هاتین و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌منیه‌تیش ئه‌م فه‌رمانه‌ی پووچه‌ڵ کرده‌وه‌، دوای حه‌سر تازه‌ ده‌بێت ئه‌م که‌سانه‌ دادگایی بکرێن و سه‌باره‌ت به‌م که‌سانه‌ش له‌ کۆتاییدا ڕێکخراوی داد بڕیاری کۆتایی ده‌دات. نابێت له‌ بیری بکه‌ین که‌ ڕێکخراوی داد دوایین شوێنه‌ که‌ له‌سه‌ر ناکۆکییه‌کان بڕیار ده‌دات و کاری نایاسایی له‌ هیچ که‌س قبوڵ ناکه‌ین. 

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ تاوناباری کردنی ڕێکخراوی داد له‌ لایه‌ن به‌ربژاره‌کانه‌وه‌ وتی: ئایا ئه‌م کاره‌ دروسته‌ که‌ ڕێکخراوی داد به‌ که‌م کاری تاوانبار بکرێت، باشه‌ گه‌ر وایه‌ ئه‌ی کێ بوو که‌ به‌دواداچوونی جدی بۆ دزی ۳ هه‌زار ملیاردی کرد، کێ بوو که‌ گه‌نده‌ڵی مووچه‌ نجوومییه‌کانی ڕاگرت، کێ بوو که‌ گه‌نده‌ڵی مڵک و ماڵی نجوومی ڕاگرت؟ بۆ باسی ئه‌وه‌تان نه‌کرد که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵکاریانه‌ چین؟ ئه‌مه‌ لاواز کردنی ڕێکخراوه‌ حکوومییه‌کانه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ک ناگرێته‌وه‌ ئێمه‌ گه‌ر پێویست بکات بدواداچوونی بۆ ده‌که‌ین.

ئایه‌توڵا لاریجانی له‌ کۆتاییدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌فه‌ری ترامپ بۆ ناوچه‌که‌ وتی: هه‌موومان دیمان که‌ چۆن ترامپ هاوپه‌یمانی وڵاتێک ده‌دکات که‌ ده‌ستی به‌ خوێنی شارۆمه‌ندانی خۆی سووره‌، ده‌بێت بڵێم له‌عنه‌ت له‌م مافی مرۆڤه‌ ئه‌مریکاییه‌ که‌ وه‌ها دووفاقیانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. ده‌ورتاده‌وری وڵاته‌که‌مان پڕ بووه‌ که‌ پیلانگێڕی، ئه‌مریکا له‌و سه‌ری جیهانه‌وه‌ دێت بۆ سعوودییه‌. سه‌مای شمشێر ده‌کات و پشتیوانی له‌ که‌سانێک ده‌کات که‌ هیچ بڕوایه‌کیان به‌ مافی مرۆڤ نییه‌ و دوجار هه‌ر ئه‌مانه‌ ئێران به‌ پشتیوانی کردن له‌ تیرۆر تاوانبار ده‌که‌ن.

ئه‌و جه‌ختی کرد: قسه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر له‌ سه‌رتاشه‌وه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ که‌ پشتیوانی له‌ هه‌ژارانی جیهان ده‌کات بۆشی گرنگ نییه‌ چ دین و مه‌زهه‌بێکی بێت، مافی مرۆڤی ئێمه‌ له‌ سه‌ر که‌رامه‌تی ئینسانی دامه‌زراوه‌. ئایا خه‌ڵکی به‌حره‌ین مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ که‌ داوای مافه‌کانی خۆیان بکه‌ن؟ به‌ڕاستی لاتان وایه‌ که‌ ئێران ده‌ست له‌ هێزی سه‌ربازی و به‌رگری کاری خۆی ده‌شۆرێته‌وه‌؟ کاتێک ئێوه‌ به‌ عاله‌م ئاشكرا ۴۰۰ ملیار چه‌ک به‌ ناوچه‌که‌ ده‌فرۆشن بۆ ده‌بێت ئێران له‌ هێزی سه‌ربازی خۆی چاوپۆشی بکات؟ ئێران ته‌نانه‌ت یه‌ک بستیش له‌ لێهاتووی و توانی سه‌ربازی خۆی پاشه‌کشه‌ ناکات و ئه‌مه‌ش قسه‌ی هه‌موو به‌رپرسانی و خه‌ڵکی ئێرانه‌.

News Code 10362

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 14 =