نه‌وشیروان مسته‌فا پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ ئه‌مه‌ك و بلیمه‌ت بوو

جه‌لال ته‌ڵه‌بانی هاوخه‌می و په‌ژاره‌ی خۆی بۆ کۆچی دوایی دۆست و هاوڕێی دێرینی خۆی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ربڕی.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر له‌ نووسینگه‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، پرسه‌نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مڕۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

ده‌قی پرسه‌نامه‌که‌؛

برازا خۆشه‌ویسته‌كانم

كاكه‌ نما و كاكه‌ چیا و خوشكۆڵه‌ چرا

به‌ڕێزان خانه‌واده ‌و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ری كاك نه‌وشیروان مسته‌فا

هه‌ڤاڵانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

به‌ داخ و ئه‌سه‌فێكی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی هه‌ڤاڵ و هاوخه‌باتی دێرینم كاكه‌ نه‌وه‌م بیست.

بۆ ئه‌و كۆسته‌ جه‌رگبڕه‌، هاوخه‌میی قوڵی خۆم ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كتان ده‌كه‌م

 ماڵئاوایی كردنی ئه‌م رۆڵه‌ هه‌ڵكه‌وتوو و بلیمه‌ته‌ی گه‌له‌كه‌مان خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ قه‌ره‌بوو نابێته‌وه‌.

مێژوویه‌كی دره‌وشاوه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی دوورودرێژ له‌ چه‌ندین قۆناغی جیاجیادا كاكه‌ نه‌وه‌ و مامی خۆتانی پێكه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌موویاندا كاكه‌ نه‌وه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌، پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕێكی به‌ ئه‌مه‌ك و بلیمه‌ت خۆی نیشانداوه‌.
كاك نه‌وشیروان، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می خه‌باتیدا له‌ ریزه‌كانی قوتابیان و كاره‌ حزبی و رووناكبیری و رۆژنامه‌وانییه‌كاندا، تا سه‌ره‌تاكانی كۆمه‌ڵه ‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواتریش له‌ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا، كه‌ قۆناغی سه‌خت و دژواربوون، تا راپه‌ڕین و حوكمڕانیی كوردی، وه‌ك سه‌ركرده ‌و پێشمه‌رگه‌ و سیاسی و جوامێر له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا رۆڵی بینیوه‌، كه‌ ته‌گبیرو هه‌ڵوێسته‌كانی له‌ بیره‌وه‌ریی گه‌له‌كه‌مان و بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتیكی گه‌لی كوردستان و عێراقیشدا به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌و مێژووه‌ پرشنگداره‌ی دۆستایه‌تی و هاوخه‌باتیمان، كه‌ جیاوازیی روانینه‌كان له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا كاریان لێ نه‌كردووه‌، هه‌ر له‌ بیره‌وه‌رییه‌كاندا ده‌مێنن.

دووباره‌ پرسه‌و ماته‌مینیی خۆمتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌م، له‌ په‌روه‌ردگارم داوایه‌ گیانی كاكه‌ نه‌وه‌ به‌ به‌هه‌شتی نه‌مران شادبكات، سه‌بووریی و دڵنه‌واییش به‌ ئێوه‌و هه‌موولایه‌كمان بدات.

انا لله وانا الیه‌ راجعون

برای دڵسۆزتان

مام جه‌لال

News Code 10154

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 11 =