ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران و هەموو ئەو گەلانەی کە نەورۆز دەگێڕن، ساڵی نوێی بە ساڵی "بازدانی بەرهەمهێنان بە بەشداریی خەڵک" ناوبرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، وێڕای پیرۆزبایی لە نەتەوەی ئێران بە بۆنەی نەورۆز، بە تایبەت بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ئەو گەلانەی کە ڕێز لە نەورۆز دەگرن، ڕایگەیاند: ساڵی نوێ ساڵی "بازدانی بەرهەمهێنان بە بەشداری خەڵک" ناو دەنین.

ڕێبەری بە ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدان و ئیمامی شەهیدان و بە هیوای سود وەرگرتن لە نەتەوەی ئێران لە دوو کانیاوی سروشت و مەعنەوییەت، ئاماژەیەکی خێرای بە شیرینی و تاڵی ساڵی ١٤٠٢ دا و وتی: لە نێو شیرینی و مژدە خۆشەکانی ساڵی ڕابردوودا، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی بەرچاو , بەرهەمهێنانی ژێرخانی، بەشداریی حەماسی خەڵک لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەت لە ڕۆژی قودس و ٢٢ی ڕێبەندان، بەڕێوەچوونی بێ خەوشی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشە جووڵەی نێودەوڵەتی نیزام لە بوارە ئابووری و سیاسییە جیاوازەکاندا دڵخۆشکەر بوون.

ئایەتوڵڵا خامنەیی کێشەی ئابووری و بژێوی خەڵکی لە ڕیزی هەواڵە تاڵەکانی ساڵی ١٤٠٢ ناوبرد و زیادیان کرد: ڕووداوە تاڵەکەی کرمان لە ساڵیادی شەهید سولەیمانی، لافاوەکەی بەلوچستان و ئەو ڕووداوانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەسەر پاسەوانانی ئەمنیەتیدا هاتبوون لەنێو ڕووداوە تاڵەکانی تری ساڵی ڕابردوودان.بەڵام پێویستە ڕووداوی غەززە بە تاڵترین ڕووداو هەژمار بکرێت.

جەختیشیان کرد لە ساڵی نوێدا پرسی سەرەکی وڵات هێشتا "ئابووری"یە، چونکە لاوازی سەرەکی وڵات لەم بوارەدایە و پێویستە چالاکانە لەم بوارەدا کار بکرێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوە کردەوە: بە بۆچوونی شارەزایانی ئابووری کلیلی چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی وڵات لەوان "هەڵاوسان"، "کار" و "بەهای دراوی نیشتمانی"، پرسی "بەرهەمهێنان"ە. و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پرسی بەرهەمهێنان جەختی لەسەر کراوە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە بازدان لە بەرهەمهێناندا بەبێ بەشداری خەڵک لە بواری ئابووری و بواری بەرهەمهێناندا مومکین نییە و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم بوونی خەڵک لە کەرتی بەرهەمهێناندا لاببرێن و دەبێت توانا گەورەکانی خەڵک چالاک بکرێت.