جوانە ئەبووبەکر هونەرمەندی دیزانیەری کورد پێیوایە کار لە سەر دیزانی قوماش و جل و بەرگە کۆنەکان، خزمەتێکە بە زیندوو کردنەوەی کلتووری کوردی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، هونەرمەندی گەنج، جوانە ئەبووبەکر کە‌ چەند ساڵێکە چالاکی دەکات لە بواری دیزاین و دوورینی جل و بەرگ، لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر دەڵێت:"٣ ساڵ ئەبێت ئیشی دووبارە بەکارهێنانەوەی جل و بەرگی کۆن و تێکچوو بۆ دروست کردنی جل و بەرگی نوێ دەکەم."

ئەم دیزاینەرە کوردە بە ئاماژە بەوەی کە ئەم ئیشەی ئەو بیرۆکەی (ڕیسایکڵ)ە وتی: "مەبەست لە بەکارهێنانەوەی جل و بەرگی کۆن و بەکارهاتوو لە دیزان و دروست کردنی جل و بەرگی نوێ، پارێزگاری کردنە لە ژینگە و کەمکردنەوەی ئەو زەخت فشارە زۆرەیە کە لەسەر ژینگە و پیسکردنی هەیە بەهۆی فڕێدانی قوماشەوە ."

وتیشی:" لەلایەکی تریشەوە گۆڕینی ڕێگە تەقلیدی و کۆنەکەیە بۆ دیزاین کردنی جل و بەرگ و باشتر بڵێم گۆڕین نا بەڵکوو هێنانەوەی کلتوری ڕیسایکڵکردنی جل و بەرگ و کەل و پەلی ڕۆژانەیە."

جوانە ئەوەشی وت کە ئێستا لە سلێمانی چالاکی دەکات و لەم چەند ساڵەی کار کردنیدا گەنجانێکی زۆر پشتگیری ئیشەکەیان کردووە و ئایدیای بەکارهێنانەوەی جل و بەرگی کۆن لە دیزاین و دوورینی جل و بەرگی نوێ بەلای زۆرێک لە گەنجانەوە جوان و سەرەنجڕاکێشە بە تایبەت کە هێما و نیشانەی کلتووری کوردی لە سەر جل و بەرگە نوێیەکان بە شێوەیەکی سەردەمیانەتر هەیە و ئەو کلتوورە زیندوو کراوەتەوە.

سەبارەت بە نوێترین چالاکییان کە پەیوەندی بە جل و بەرگی کوردی بێت جوانە ئەبووبەکر وتی: ئێمە هەوڵمان ئەوەیە وەکوو خزمەتێکی فەرهەنگی بەردەوام بەرهەمی جیاواز و کۆلێکشنی جیاواز پیشان بدەین ، دوایین کۆلێکشنمان کۆمەڵێک پارچەی جیاوازن لە جل و بەرگ و جانتا کە دیزاین و ڕیسایکڵ کراون بە پارچەی کلتوری کوردی کە مەبەست لێی دروست کردنی ئەو پەیوەندییەیە لەنێوان قوماش و دیزاینی جیهانی لەگەڵ قوماشە کلتوورییە کوردییەکان و زیندوو دەرخستنیان لە فۆرم و شێوەی نوێدا.

جوانە ئەبووبەکر هیوای خواست بتوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ خزمەت بە فەرهەنگی کوردی ئیشەکە گەورەتر بکەن و گەنجان و خەڵکی تری بەتوانا بخەنە سەر ئیشەکە لە دیزاینەر و بەرگدروو و پسپۆڕیی تر تایبەت بە دوورین و دیزاین کردنی جل و بەرگ.