لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ، هێزێكی نەناسراو لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌شارى سلێمانى هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر په‌یامنێرى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌نته‌رى میترۆ ئاشكرایكردوه‌، "هێزێكی نەناسراو" لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی له‌شارى سلێمانى هێرشیكردۆته‌سه‌ر ڕۆژنامه‌وان‌و تیمى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن‌و ده‌ستى به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانیاندا گرتوه‌.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سه‌نته‌رى میترۆ ده‌ڵێت:"وێڕاى ئیدانه‌كردن، داوا لەلیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ین ڕونكردنەوە بۆ ڕای گشتی بدەن".

ئەمڕۆ یەكشەممە بەشێك لەخوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان كردو هێزە ئەمنییەكان بەگازی فرمێسكڕێژ هەوڵی بڵاوەپێكردنیاندان‌و بەشێكیان هاتنە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشەقامی سالم.

وه‌كو سه‌نته‌رى میترۆ ده‌ڵێت:"له‌وكاته‌دا چەند ڕۆژنامەنوسێك بەسەنتەری میترۆیان ڕاگەیاندوه‌، لەدەوروبەری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەلایەن چەند گروپێكەوە پەلاماردراون كە هیچ ناسنامەیەكیان هەڵنەواسیوە وەك ئەوەی كە ئاسایش‌و پۆلیسی پێدەناسرێنەوە".

یه‌كێك له‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ى هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر بەسەنتەری میترۆی وتوه‌، لەپەخشی ڕاستەوخۆدا بوە كاتێك كە هێزێك بەبەرگی مەدەنییەوە داوایان لێكردوە پەخش ڕابگرێت، تائێستاش كامێراو ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆی كەناڵه‌كه‌ى لای ئەو هێزەیەو سەنتەری میترۆش نازانێت لەكام دەزگا داوایان بكاتەوەو بیگەڕێنێتەوە بۆ كەناڵەكە.

سه‌نته‌رى میترۆ ده‌ڵێت:"ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر تیمەكانی ڕاگەیاندن، پێچەوانەی بڕگەی چوارەمە لەمادەی حەوتەمی یاسای ڕۆژنامەگەری لەكوردستان، ڕۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لەكۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

بۆ ئه‌وه‌ش له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا سەنتەری میترۆ ڕایگه‌یاندوه‌، لەكاتێكدا كە ئیدانەی دەستدرێژی‌و دەستبەسەركردن‌و زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تیمەكانی ڕاگەیاندن ده‌كه‌ین لەلایەن هێزێكی نەناسراو لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی، داوا لەلیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەكات ڕونكردنەوە بۆ ڕای گشتی بدات، "چونكه‌ بوونی هێزی نەناسراو لەناو خۆپیشاندان، كە هیچ جۆرە هێمایەكیان هەڵنەواسیبێت، توندوتیژی بەرامبەر تیمەكانی ڕاگەیاند ئەنجامبدەن، پێشهاتێكی ترسناكە بۆ مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاكی مەدەنییدا".