بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، غەریب ئابادی جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەسەڵاتی داد شەوی ڕابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بە دادگایی کردنی حەمید نووری لە سوید و ئاماژە بە پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتە لە مونافقین، داوای کرد ئێرانیش بەرپرسانی مونافقین دادگایی بکات.
ئەو داخوازییە پێشتر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانی تیرۆریش هاتبووە ئاراوە و هەروەها لە ساڵی 97 یش بە واژۆکردنی تۆمارێک و ناردنی بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵایان لە مونافقین کرد.
ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بە پێی ئامارەکان لە چەندین ساڵی ڕابردوو نزیک بە 12 هەزار کەسی ئێرانی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان تیرۆر کردووە .
جەنایەت و تیرۆرەکانی مونافقین تەنیا دژی بەرپرسان و خەڵکی ئێران نەبوو و ئەوان خەڵک و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکەشیان تیرۆر کردووە. ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدین لە سەردەمێکدا کە لە عێراق بوون ، بە پاڵپشتی سەددام 25 هەزار کورد و شیعەیان لە عێراق کوشت. بەڵگەیەکی زۆر هەیە کە نیشانی دەدات مونافقین دوای شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و لە پاڵپشتی لە سەددام، لە ئۆپراسیۆنێکدا لەژێر ناوی مروارید هەوڵی کوشتنی بەربڵاوی کوردەکانیان داوە.
لە ساڵی 2009 کە دادگای باڵای عێراق بۆ لێکدانەوەی جەنایەتەکانی ڕژێمی سەددام لە کاتی سەرهەڵدانەکانی ساڵی 1991، پێک هات، ڕاگەیێندرا کە نزیک بە 5 هەزار سکاڵانامە لە دژی ڕژێمی بەعس و ڕێکخراوی مەجاهدین بۆ دادگا نێردراوە. کوردەکان دوای بەزینی سەددام، خوازیاری دادگایی کردنی مەسعوود رەجەوی بە تۆمەتی هاودەستی لەگەڵ سەددام حسێن لە سەرکوتی کوردەکان بوون.
هەروەها چەندین کەسی ئەمریکی و ئەورووپیش لەلایەن مونافقینەوە تیرۆری کران. لەوانە لوئیس لی هاوکینز، پۆل شێفێر و جەک تێرنێر ڕاوێژکارانی سەربازی ئەمریکا لە ئێران و چەندین بەڵێندەری ئەمریکی.
زۆربەی هۆکارەکانی ئەو هێرش و تیرۆرانەش لە سەردەمی پەهلەویدا ئیعدام و گوللەباران کران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی هیلاری کلینتۆندا و دوابەدوای ئەو یەکێتی ئەورووپاش ناوی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقیان بە ئامانجی سیاسی لە لیستی تیرۆری خۆیان دەرهێنا.
ئەمریکا و ئەورووپا ئێستا هەنگاوێک زیاتر هاتوونەتە پێشەوە و لە پشتگیری کردنی ئەوان، کەسان و لایەنی دیکە دادگایی دەکەن. حکومەتی سوید لەسەر بنەمای پاگەندەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە هەوڵی دەستگیر کردنی حەمید نووری داوە و یەکێک لە کۆبوونەوەکانی دادگاکەشی لە ناوەندی مونافقین لە ئالبانی بەرێوە بردووە.
ئێستا ئەبێ چاوەڕوان بین دوای ئەوەی کە ئەمریکا و ئەورووپا پاڵپشتییەکانی خۆیان لە ئەو گرووپە زیاد کردووەتەوە، دەسەڵاتی داد تیرۆرە ئەندام دراوەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ناوخۆی ئێران شوێنگیری دەکات؟ ئەو لێپرسینەوە دەتوانێت بە شێوەی ئامادەبوونی تاوانبارەکان یان ئامادەنەبوونیان بەڕێوە بچێت کە بۆ ئامادەبوونیان لە دادگا ئەبێ داوای هاوکاری پۆلیسی نێودەوڵەتی و گەڕاندنەوەی بەرپرسانی مونافقین بۆ ئیران بکرێت.